هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بارگرژی زیاددەکات لەنێوان میلیشیاکانی سەربە ئێراندا لە عێراق

فارس عومران

چەند ئەندامێکی میلیشیا عێراقیەکانی سەربە ئێران نمایشێك لە شاری کەربەلا دەکەن لە 8 تشرینی یەکەم. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆتەوە]

چەند ئەندامێکی میلیشیا عێراقیەکانی سەربە ئێران نمایشێك لە شاری کەربەلا دەکەن لە 8 تشرینی یەکەم. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆتەوە]

هەڵکشان لە رێژەی ناکۆکیەکانی نێوان میلیشیاکانی سەربە ئێراندا دروستبووە کە لە عێراق کاردەکەن و ئەمەش هەڕەشەی قووڵکردنەوەی کەلێنەکانی نێوانیان دێنێتەکایەوە، چاودێرانی عێراق وتیان.

ئەم ناکۆکیانە بەتایبەتی لەنێوان کەتائیب حیزبوڵڵا و عەسائیب ئەهل حەقدا بەدیارکەوتوون کە هەوڵی سەپاندنی هەژمونیان بەسەر یەکتردا دەدەن.

ناکۆکیەکان دەگەڕێنەوە بۆ شوبات، کاتێك راگەیەندرا فەرماندەی بەناوبانگی کەتائیب حیزبوڵڵا عەبدولعەزیز محەمەداوی، کە ناسراوە بە "ئەبو فەداك"، وەك جێگرەوەی ئەبو مەهدی موهەندیس دیاریکراوە.

موهەندیس، جێگری فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هیرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا کوژرا نزیك بە فڕۆکەخانەی بەغدا لە کانونی دووەم، لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی.

دیاریکردنی محەمەداوی میلیشیاکانی دیکەی تووڕەکرد، لەنێویاندا عەسائیب ئەهل حەق، چونکە ئەو هەنگاوە نفوزی کەتائیب حیزبوڵڵا بەهێز دەکات لەنێو حەشدی شەعبیدا.

وتەبێژی خێڵە عەرەبیەکان لە هەرێمی کوردستان، موزاحیم حوەیت بە دیارونای وت هەموو گروپە دڵسۆزەکانی ئێران، لەنێویاندا کەتائیب حیزبوڵڵا و عەسائیب ئەهل حەق، رێکەوتنیان کردووە بۆ "خزمەتکردن بە پرۆژەکەی ئێران".

وتی میلیشیاکانی سەربە ئێران، کە ناسراون بە "دڵسۆزەکان"، بەگوێی فەرمانەکانی رابەری باڵا عەلی خامنەئی دەکەن، بەتایبەتی لە بابەتی بەئامانجکردنی ئەرکە دبلۆماسیەکان و ئامادەیی سەربازیی نێودەوڵەتی لە عێراق.

وتی لەم بابەتە دیاریکراوەدا هیچ ناکۆکیەکیان لەنێواندا نییە.

وتیشی رەگی ناکۆکیەکە ئەوەیە هەر لایەنێکیان دەخوازێت کێبڕکێ نەهێڵێت لە لایەکەی دیکەوە و پاوانی هاوسۆزی و نفوز بۆخۆی بکات.

وتی: "کاتێك هەژمون دەبێتە سەرچاوەی سامان، پەیوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە بەدڵنیاییەوە نمونەیی نییە و بێمتمانەیی قووڵ پەرەدەسەنێت."

ململانێ لەسەر سەرچاوەکان و فراوانخوازیی

حوەیت وتی دڵسۆزەکانی ئێران لەسەر خاك نفوزیان بەشکردووە لەکاتێکدا بەنهێنی ململانێیانە بۆ فراوانکردنی ئەو ناوچانەی چەکدارانیانی لێیە و هەوڵی تا ئەوپەڕی زیادکردنی سەرچاوەی داهاتیان دەدەن.

وتی ئەمە ئەنجامدەدەن لەڕێی تێوەگلان لە گەندەڵی و قاچاخچێتی و چالاکی نایاسایی ئابورییەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە لەلایەن کەناڵی عالەمی ئێرانیەوە پەخشکرا لە 5 کانونی دووەم، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئیرەج مەسجیدی ددانی نا بەوەدا کە ناکۆکی لەنێو میلیشیاکاندا هەیە.

بەڵام لە بەهای بارگرژیەکانی کەمکردەوە و وەك "شتێکی ئاسایی" ناویبردن و نکۆڵییکرد لەوەی حکومەتی ئێران بەرپرس بێت لە هەڵگیرساندنیان.

جەختکردنەوەی مەسجیدی لە چاوپێکەوتنەکەدا لەوەی ئێران پشتیوانی لەو گروپە چەکدارانە ناکات کە پەیڕەوی فەرمانەکانی دەوڵەتی عیراق ناکەن بە گاڵتەپێکردن وەڵامی درایەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەلایەن عێراقیەکانەوە.

چەند هەفتەیەك لەوەوبەر، لە ئاماژەیەکی رووندا بە هەڵکشانی ناکۆکیەکان لەنێوان دڵسۆزانی ئێراندا، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران ئیسماعیل قائانی سەردانی بەغدای کرد.

وا بڵاوکرایەوە کە سەردانەکە بۆ داواکردنی پاراستنی ئاگربەستی 10 تشرینی یەکەم بووە لەنێوان ئەو گروپانەدا کە سەربە کەتائیب حیزبوڵڵان، کە فەرمانی بە هەڵپەساردنی هێرشەکان دەکرد بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی.

ئەو ئاگربەستە تائێستا دووجار پێشێلکراوە.

لە 17 تشرینی دووەم، زنجیرەیەك موشەك لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری دا و کچێکیان کوشت.

لە 10 کانونی یەکەمیش، دوو کاروان کە شمەکی لۆجستییان بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەڵگرتبوو کەوتنە بەر هێرش: یەکێکیان نزیك بەغدا و ئەویدیکە لە باشوری وڵاتەکە.

'ئامانجی راستەقینە'ی سەردانەکەی قائانی

چاودێران، لەنێویاندا حوەیت، وتی ئامانجی راستەقینەی سەردانەکەی قائانی بۆ هێورکردنەوەی ناکۆکییە هەڵکشاوەکان بوو لەنێوان دڵسۆزەکانی ئێراندا لەترسی ئەوەی دەکرێت پەیوەندی نێوانیان تێکبچێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

حوەیت وتی ئەمە نیگەرانییەکی بەرچاوە بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، کە بڕیارە 6 حوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێن و کێبڕکێی هەڵبژاردن دەستپێبکات.

لە ئاماژەیەکدا بەوەی هەوڵەکانی قائانی شکستیانهێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، سەرکردەی عەسائیب ئەهل حەق قەیس خەزعەلی -- لە چاوپێکەوتنێکدا لە 19 تشرینی دووەم لە تەلەفزیۆنی دەوڵەت -- لە بایەخی رۆڵی رکابەرەکەی، ئەبو فەداک، کەمکردەوە لە رێکخستنی ئاگربەستەکەدا.

راشیگەیاند کە ئەو رێکەوتنە کۆتایی پێهاتووە.

بەڕێوبەری ناوەندی عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژیەکان، غازی فەیسەڵ حسێن، بە دیارونای وت میلیشیاکانی سەربە ئێران پەیڕەوی لە کارنامەی نیشتمانی ناکەن "وە هەمیشە وڵاتەکە بەرەو چەردەیەك لە کێشە و قەیران و ناسەقامگیری دەبەن".

وتی: "ئەوانە گروپی یاخی و سەربەگۆبەندن کە کاردەکەن بۆ پەیڕەوکردنی ستراتیژی فراوانخوازیی هەرێمی کە لەلایەن ئێرانەوە پیادە دەکرێت، لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوەی پشێوی و وێرانکاری و هەڵگیرساندنی تائیفیەت لە ناوچەکە."

وتیشی: "ئەم گروپانە ئەم مامەڵە دوژمنکارانەیە دەکەن تەنانەت لەنێو خۆشیاندا." ئاماژەیکرد بەوەی "ئاماژەکانی دووبەرەکی ئێستا دەرکەوتوون".

وتی ناکۆکی دروستبووە لەنێوان ئەو میلیشیانەی سەربە والی فەقیهن (خامنەئی) و ئەو گروپانەی سەر بە دەسەڵاتی ئایینین لە نەجەف.

چوار لایەنەکەی سەربە نەجەف -- لیوا ئەنسار مەرجەعیە، لیوا عەلی ئەکبەر، فیرقەی جەنگاوەرانی عەباس و فیرقەی جەنگاوەرانی ئیمام عەلی -- لە 4 کانونی یەکەم پابەندیی خۆیان بە پاراستنی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە دووپاتکردەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500