هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

پسپۆڕان دەڵێن عێراق دەبێت باڵەکانی کەتائیب حیزبوڵڵا بشکێنێت

فارس عومران

ئەندامانی میلیشیای کەتائیب حیزبوڵڵای عێراقی سەربە ئێران لێرەدا دەبینرێن لە وێنەیەکی بێ رێکەوتدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوه‌تەوە.

ئەندامانی میلیشیای کەتائیب حیزبوڵڵای عێراقی سەربە ئێران لێرەدا دەبینرێن لە وێنەیەکی بێ رێکەوتدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوه‌تەوە.

کەتائیب حیزبوڵڵا، بەهێزترین میلیشیای سەر بە ئێران لە عێراق، دەبێت جڵەوبکرێت تا نفوزی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران نەهێڵرێت، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

وتیان ئەو میلیشیایە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سەربە ئێران، پەیوەندی خۆیان بە هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی کە خزمەت بە کارنامەی ئێران دەکات و زیان لە بەرژەوەندیەکانی عێراق دەدات.

کەتائیب حیزبوڵڵا لە نیسانی 2007 شێوەی ئێستای خۆی وەرگرت کاتێك پێنج لایەنی چەکدار لە 2003وە --کەتائیب ئەبو فازل عەباس، کەتائیب کەربەلا، کەتائیب سەجاد، کەتائیب زەید ئیبن عەلی و کەتائیب عەلی ئەکبەر -- پەیوەندییان پێکەوە کرد.

لەوکاتەوە بۆتە دیارترین باڵی رژێمی ئێران لە عێراقدا و سەرپەرشتیاریی پرۆژە تموحدارەکانی ده‌كات، بە نیازی تێکدانی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.

پەرلەمانتارێكی پێشوو، میسال ئالوسی وتی کەتائیب حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران، وەك حەرەکه‌ت نوجەبا و عەسائیب ئەهل حەق، بەڵگەی ئاشکرایان پێشکەشکردووە کە ئەوانه‌ "رێز لە دەوڵەتی عێراق ناگرن و دڵسۆزنین بۆ نیشتمان".

بە دیارونای وت: "لەجیاتی ئەوە، ئەوانه‌ بەڵێنی دڵسۆزی ده‌ده‌ن بە رژێمی والی فەقیهـ [رابەری باڵای ئێران عەلی خامەنەئی]" و فەرمان لە خامەنەئی و پاسداران وەردەگرن.

وتی ئەم میلیشیانە عێراقیان -- خەڵكه‌كه‌ی و ئابوریەکەی -- خستۆتە بەردەم مەترسی، چونكه‌ شەڕ بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی ئێران دەکەن و ئەوانە دەکوژن و دەڕفێنن کە بەئاشکرا كرده‌وه‌كانیان رەتدەکەنەوە و دەستێوەردانی ئێران سەرکۆنەدەکەن.

وتی ئەم میلیشیانە، بەتایبەتی کەتائیب حیزبوڵڵا، نابێت رێیان پێبدرێت لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا کاربکەن، کە دەبێت "پاکبکرێتەوە لەو گروپانەی ناوبانگی خراپ دەکەن و دەیقۆزنەوە تا ئامانجەکانی خۆیان و بەرژەوەندیەکانی ئێرانی پێ بەدەستبهێنن".

ئالوسی ئاماژەیکرد بەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەرگیز بەشێك نەبوون لە سیستمی دیموکراسی سیاسی و دەستوری عێراق، چونکە دەستوری وڵاتەکە دڵسۆزی بۆ هەر لایەنێك جگە لە عێراق قەدەغەدەکات.

بەڵام هه‌ندێك له‌و گروپانه‌ی دڵسۆزی ئێرانن، لەنێویاندا عەسائیب ئەهل حەق بە سەرکردایەتی قەیس خەزعەلی، هه‌روه‌ها رێکخراوی بەدر، لەئێستادا بەشێکن لە هاوپەیمانێتی فەتح، کە لایەنێکی پەرلەمانییە. (کەتائیب حیزبوڵڵا بەشێك نییە لەم هاوپەیمانێتیە).

ئالوسی وتی رژێمی ئێران و هاوسۆزەکانی "دەبێت درك بەوە بکەن كه‌ لە عێراقدا پێشوازییان لێناکرێت" و داوای لە حکومەت كرد نفوزی ئەم میلیشیانە سنووردار بکات بە داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا فشاریان بخاتە سەر.

وتی زۆرێك لەم میلیشیانە لەسەر لیستی چاودێری تیرۆریزم بوون و ئاماژەیکرد بەوەی ئەمریکا لە 2009وە کەتائیب حیزبوڵڵای وەك رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنکردووە.

هێرشە ستراتیژییەکان لەسەر حسابی ئێران

کەتائیب حیزبوڵڵا لەلایەن جێگری پێشووی سه‌ركرده‌ی حەشدی شەعبییه‌وه‌، ئەبو مەهدی موهەندیس، دامەزرێنرا، کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە 3 کانونی دووەم لە بەغدا کوژرا، لەگەڵ فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران لیوا قاسم سوله‌یمانی.

دوای هێرشە ئاسمانیەکە، میلیشیاکە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هاوپه‌یمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەژێر ناوی گروپی بچوکتری وەك کەتائیب حیزبوڵڵادا کە وەك رووکارێك بەکاردەهاتن بۆ لادانی تۆمەت لەسەر سەرکردایەتیەکەی.

نزیکەی 90 هێرشی موشەکی لە کانونی دووەمەوە کراونه‌تە سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەنێویاندا هێزه‌كانی لە بنکە عێراقیەکاندا و باڵیۆزخانەکەی لە ناوچەی سەوزی ئه‌منیه‌ت پته‌و له‌ به‌غدا.

سەرۆکی پارتی دەستوری داهاتووی عێراق، ئینتیفاز قەنبەر بە دیارونای وت کەتائیب حیزبوڵڵا بەشێکی گرنگە لە تۆڕی میلیشیاكانی ئێران، کە سوپای پاسداران بەکاریدەهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی پێکدادانە ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

وتی كرده‌كانی عێراق و ناوچەکەیان كردۆته‌ بەرەیه‌كی شەڕ.

وتیشی: "ئێران هاوسۆزەکانی ئاراستەدەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەکان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی لە دەرەوەی خاكی خۆی." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ ئەم میلیشیانە چەك و پارەیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی ئێران بە راکێشانی عێراق بۆ نێو پاشاگەردانی.

قەنبەر ئاماژەیکرد بەوەی کەتائیب حیزبوڵڵا پارەی لەڕێی پەیوەندییەکەی بە حەشدی شەعبیەوە پێدەگات، کە له‌ بودجەی دەوڵەتدا پارەی بۆ دابیندەکرێت. ئەمە تێچوونی موچە و شتەکانی دیکەی بۆ دابیندەکات، وەك خستنه‌گه‌ڕی هێز، راهێنان و دابینکردنی خۆراك.

حەشدی شەعبی ساڵانە نزیكه‌ی 6 ملیار دۆلاری بۆ دابینکراوە.

وتی: "سەرەڕای ئەمە، میلیشیاکە نه‌ گوێده‌دات بە فەرمانەکانی دەوڵەتی عێراق و بە بەڵێنی دڵسۆزی بۆ عێراق." بەپێچەوانەوە، لە سەقامگیری و بەرژەوەندیەکانی عێراق دەدات لە خزمەتی کارنامەی ئێراندا.

قەنبەر داوایکرد حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنرێتەوە تا مۆرکی رەوایی لە کەتائیب حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران لەنێو ئەو رێکخراوەدا بسەنرێتەوە.

وتی بەبێ ئەم هەنگاوە "ناتوانین مەترسی و هەڕەشەی ئەم گروپانە بوەستێنین".

وتیشی ئێران پشتیوانیی كردووه‌ له‌ پێکهێنانی حەشدی شەعبی و هەوڵیداوە میلیشیاکانی پەیوەندی بە ریزەکانیەوە بکەن "بۆ دروستکردنی ڤێرژنێکی عێراقیی سوپای پاسداران کە ببێتە گروپێکی میلیشیا لەناو سوپای عێراقدا، کە توانای زاڵبوونی بەسەر عێراقدا هەبێت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500