سیاسەت

ناکۆکییه‌كانی نێوان پاسداران و میلیشیا عێراقیەکان ئاشكراده‌بن

فارس عومران

image

ئەندامانی کەتائیب حیزبوڵڵا و میلیشیا عێراقیەکانی دیکە لە کەنارەکانی شاری ئەلبوکەمالی سوریا دەبینرێن لە تشرینی دووەم 2017. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

ناکۆکیەکان لەنێوان لایەنە چەکدارەکانی سەربە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا زیاددەکەن لە خۆرهەڵاتی سوریا بە زیادبوونی فشاری سزاکانی ئەمریکا کە سوپای پاسدارانی ناچارکردووە خەرجیەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنە دەرەکیەکان بوەستێنێت، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

وتیان دەلاقەکان بەتایبەتی لەنێوان میلیشیای عێراقی کەتائیب حیزبوڵڵا و فەرماندەکانی پاسداراندا ده‌رده‌كه‌ون لەگەڵ گروپە بریكاره‌كانی دیکە کە هەوڵی دەسەڵات و نفوز دەدەن لە ناوچەکە.

چاودێران ئەم دووبەرەکیانەیان گەڕاندەوە بەتایبەتی بۆ کێبڕکێی تووندی سەرکردایەتی و سەرچاوەی سامان و نفوز لەنێو لایەنە زاڵەکانی ئەو ناوچەیەدا.

میلیشیا عێراقیەکان بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی سوریا کۆبوونەتەوە و نزیکەی 20 میلیشیا لەوێ چالاكن. جگە لە کەتائیب حیزبوڵڵا، بەناوبانگترین میلیشیاکان نوجەبا، لیوای زولفەقار، حەیدەریون و لیوای سەیید شوهەدان.

میلیشیا ئێرانیەکان، ئەفغانیەکان (فاتمیون)، پاکستانیەکان (زەینەبیون) و لوبنانیەکانیش کێبڕکێ لەسەر جێپێکردنەوەی خۆیان دەکەن.

'هەرلایەنێك هەوڵی زاڵبوون بەسەر ئەویدیدا دەدات'

میلیشیاکانی سەربە پاسداران، تەنانەت ئەوانەی خەڵکی عێراقن، کەتائیب حیزبوڵڵا تۆمەتباردەکەن بەوەی لوتبەرزانە بەلاوەیان دەنێت و بڕیاری تاکلایەنانە دەدات.

ئەندامێکی ئەنجومەنی خێڵەکی له‌ سوریا، شێخ موزیڕ ئەسعەد وتی: "ئەم جیاوازیانە زیاتر لە رابردوو دەرکەوتوون، چونکە هەر لایەنێك هەوڵی زاڵبوون بەسەر ئەویدیدا و سەپاندنی نفوز و کۆنترۆڵی خۆی دەدات بەسەر پرۆسەی بڕیارداندا."

بە دیارونای وت: "لەمڕۆدا، دووبەرەکی تووند و پێکدادانی ناوخۆیی هەیە لەنێو ئەو کیانانەی دڵسۆزی ئێرانن چونکە کێبڕکێده‌كه‌ن لەسەر سەرکردایەتی و ده‌ستبه‌سه‌داگرتنی زەوی و سەرچاوە سروشتیەکانی خۆرهەڵاتی سوریا -- بەتایبەتی نەوت و گاز."

ئەسعەد وتی: "کەمبوونەوەی هێواشی پشتیوانی دارایی کە بەسەر بیركاره‌كانی ئێراندا دابەشدەکرا بەهۆی کاریگەریی سزا ئابورییەکانەوە بۆسەر رژێمەکانی ئێران و سوریا بۆتە هۆی دەرکەوتنی دووبەرەکیی ئاشکرا."

بارگرژییەکان برەویان سەندووە لەنێوان سەرکردایەتی سوپای پاسداران لە سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی، بەتایبەتی کەتائیب حیزبوڵڵا -- کە موچەی مانگانەیان دابەزیوە لە 1,500 دۆلارەوە بۆ کەمتر لە 300 دۆلار بۆ هەر چەکدارێك.

وتی جیا لەوەش، بۆمبارانکردنی بەردەوامی پێگەکانی بریكارانی ئێران لە دەشتی فورات بۆتەهۆی زیادبوونی بارگرژی و نائومێدیەکان.

ئەسعەد وتی دۆخی ئەم ناوچانە کە میلیشیاکانی سەربە ئێران لێی خاوەن نفوزن، بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە.

وتیشی: "دانیشتوانی شار و شارۆچکەکانی خۆرهەڵاتی سوریا، وەك مەیادین، کەسرە، دێرەزوور، شامیە، ئەلبوکەمال، مەراعیە و تەبەنی، بەشێوەیەکی زۆر ئازاریان چەشتووە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئەم گروپانەوە."

هه‌روه‌ها وتی ئەوانه‌ دەستدەگرن بەسەر موڵكوماڵ و زه‌ویدا و بەروبومە کشتوکاڵیەکان دەدزن. لەئەنجامدا، زۆرێك لە دانیشتوان ناچارکراون ناوچەکەیان به‌جێبهێڵن بەهۆی كه‌میی خۆراك و باجی سەپێنراوی میلیشیاکان و چەقبەستنی ئابورییەوە.

قه‌یرانی دارایی دوبەرەکیەکان قوڵدەکاتەوە

شیکاروانێكی سیاسی سوری، زیاد مونجید وتی: "کەتائیب حیزبوڵڵا یەکێکە لە تووندترین به‌كرێگیراوانی سوپای پاسداران، جا لە عێراق بێت یان لە سوریا."

بە دیارونای وت ئەو جیاوازییانەی لەنێوان ئەو دووانەدا دەرکەوتوون هێشتا کاریگەریی لەسەر سروشتی ستراتیژیی پەیوەندییەکەیان نەکردووە، بەڵام زۆرجار لەسەر "کێشە تاکتیکی و تاکەکەسییەکانە".

وتی بەڵام، قه‌یرانی بەردەوامی دارایی کە ئەم میلیشیانە ئەزمونی دەکەن چاوەڕواندەکرێت "دووبەرەکیەکان قووڵبکاتەوە لەنێویاندا و بەرەی ناوخۆییان لاوازتربكات، وەك بەشێوەیەکی بەرفراوان دەوترێت کە ئێران بەشێوەیەکی بەخشندانە پشتیوانی دارایی ئەم گروپانەی کردووە لە چەند ساڵی رابردوودا".

وتی شتەکان لەئێستادا گۆڕاون و ئەو چەکدارانەی پەیوەندییان بەم گروپانەوە کردووە، بەتایبەتی هەژارە سورییەکان، لەئێستادا سكاڵادەکەن دەربارەی موچە نزمەکانیان چونکە زۆرێکیان سەرەتا پەیوەندییانکرد بۆ پارە نەك بۆ ئایدۆلۆژیا.

وتی: "گروپەکانی سەربە ئێران هەرشتێکیان لەدەست بێت دەیکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان. سامانی خەڵکی ناوچەکەیان وشكکردووە لەوکاتەوەی دەسەڵاتی خۆیان سەپاندووە بەسەر ناوچەکانی خۆرهەڵاتی سوریادا."

"هەروەها لەم ناوچانەدا گۆڕانکاریی دیمۆگرافییان جێبه‌جێكردووه‌ بە کڕینی موڵكوماڵ بۆ نیشته‌جێكردنی چەکدارەکانیان و خێزانەکانیان، بەئامانجی سەرەکی خزمەتکردن بە کارنامەی ئێران."

جێگرتنەوه‌ی سوله‌یمانی سەختە

شیکاروانی سیاسی عێراقی، غانم عابد وتی: "بارگرژییەکان لەنێوان هاوسۆزەکانی ئێراندا لە سوریا هیچ نییە جگە لە رەنگدانەوەی دۆخی کێبڕکێ کە بەربڵاوە لەنێویاندا لە عێراق لە دەمی تیرۆرکردنی ژەنەراڵی ئێرانی قاسمی سوله‌یمانییەوە لە کانونی دووەم."

بە دیارونای وت: "ئیسماعیل قائانی، کە جێگەی سوله‌یمانی گرتەوە، هێشتا ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە سەرکردەی پێش خۆی جێیهێشتووە و ناتوانێت کێشەکان بۆ باری پێش خۆیان بگەڕێنێتەوە."

وتی کێبڕکێ لەسەر سەرکردایەتی رۆژ به‌ رۆژ برەودەسەنێت و وتیشی هەندێك لایەنی تایبەت "دەستیانکردووە بە ئەنجامدانی كرده‌ی یەکلایەنە بەبێ راوێژکردن بە سەرکردایەتی سوپای پاسداران".

عابد وتی ئێران ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدات بۆ پته‌وكردنی دەسەڵاتی بەسەر ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و سوریادا و بەهێزکردنی بوونی ستراتیژیی خۆی لەوێ.

وتی: "لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ئێران سێ کەمپی نوێی بۆ گروپە بریكاره‌كانی لە ناوچە سنوورییەکان کردۆتەوە." وتیشی ئەمە سەردەکێشێت بۆ زیادکردنی ئاستی قاچاخچێتی لەڕێی دەروازە نافەرمییەکانەوە و یارمەتی قەرەبووکردنەوەی هەندێك لەو زیانانە دەدات کە بەهۆی سزاکانەوە تووشی بووە.

ئایا كۆمه‌ڵگه‌كه‌ت تاووتوێی هیچ هه‌وڵێك ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تێرۆریزم؟
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)