هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

روبعوڵڵا داردەستێکی کەتائیب حیزبوڵڵایە

فارس عومران

ئەندامانی روبعوڵڵا، گروپێك کە لەلایەن میلیشیای کەتائیب حیزبوڵڵای سەر بە ئێرانەوە سەرپەرشتیدەکرێت، لەم وێنەیەدا دەبینرێن کە لە تشرینی دووەم لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە.

ئەندامانی روبعوڵڵا، گروپێك کە لەلایەن میلیشیای کەتائیب حیزبوڵڵای سەر بە ئێرانەوە سەرپەرشتیدەکرێت، لەم وێنەیەدا دەبینرێن کە لە تشرینی دووەم لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە.

لەم چەند مانگەی دواییدا، لقێکی کەتائیب حیزبوڵڵا بەناوی روبعوڵڵا خۆی نمایشکردووە لە بەغدا لەڕێی کردەی وێرانکاری و تێکدانەوە کە ناوەندە میدیایی و سیاسییەکان و چەندین بزنسی بچوکیان کردۆتە ئامانج.

ئەندامانی روبعوڵڵا -- کە زۆرجار تیشێرتی رەش لەبەردەکەن کە ناوی گروپەکە لە پشتەوەی نوسراوە -- لە کۆتایی مانگی رابردوودا هێرشیانکردە سەر ناوەندێکی مەساج لە بەشی کەڕادەی بەغدا و بە کوتەك لە کارمەندەکانیان دا.

ڤیدیۆیەک لە 26 تشرینی یەکەم ئەندامانی میلیشیایەک نیشاندەدات کە بەدوای دوو کارمەندی کچ دەکەون و هێرشی دەکەنە سەر پێشئەوەی ئاگر لە ناوەندەکە بەربدەن و توڕەیی لە عێراق دروستبکەن.

هێرشەکە وەك بەشێك لە هەڵمەتێکی تووند لەقەڵەمدرا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە، لەنێویاندا روبعوڵڵا، بۆ "شەڕ دژی بێئەخلاقی" -- ئەو گوتارەی بەکاردەهێنرێت بۆ پاساودان بە هێرشەکان بۆسەر یانە شەوانەکان و دوکانەکانی مەیفرۆشی و ناوەندەکانی مەساج.

ئەندامێکی روبعوڵڵا دروشمێك دەنوسێت لەسەر دیواری بنکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دوای ئەوەی لە 17 تشرینی یەکەم ئاگری تێبەردرا. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە]

ئەندامێکی روبعوڵڵا دروشمێك دەنوسێت لەسەر دیواری بنکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دوای ئەوەی لە 17 تشرینی یەکەم ئاگری تێبەردرا. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە]

چاودێران بە دیارونایان وت میلیشیاکان لەڕێی روبعوڵڵاوە هەوڵیانداوە هێزێکی سەربازی نائاسایی هاوشێوەی هێزەکانی بەرەنگاریی بەسیج دروستبکەن -- کە هێزێکی سەربازی نائاساییە سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

سوپای پاسداران لە 1980 بەسیجی پێکهێنا بۆ سەرکوتکردنی رکابەرەکانی شۆڕشی ئێران و کارکردن وەك "پۆلیسی ئەخلاق" لەنێو ئێراندا.

بەهەمانشێوە، کەتائیب حیزبوڵڵا کارەکانی روبعوڵڵا و گروپەکانی دیکە سەرپەرشتیدەکات، وەك "بەرەی ئەبو جەداحە" (واتە چەرخ)، وەك ئاماژەیەك بە ئاگربەردان لەو ناوەندانەی دەیانکەنە ئامانج.

ئامانجەکە 'بڵاوکردنەوەی ترسە'

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق، میسال ئالوسی وتی ئەم لایەنانە و ئەوانیدی مەبەستیان بڵاوکردنەوەی ترسە لەنێو مەدەنیەکاندا. وتی ئەوانە داردەستی کەتائیب حیزبوڵڵان، کە "دڕندەترین و تۆقێنەرترین کۆپیی حیزبوڵڵای لوبنانیە".

ئالوسی وتی بریکارەکانی ئێران لە عێراق "هەڕەشەیەکی جددین بۆسەر پەیکەربەندیی دەوڵەت، چونکە یەکتر تەواودەکەن لە کار و کردەوەدا کە زیانبەخشن بۆ سەلامەتی عێراق و ژیانی خەڵکەکەی و کاریگەرییان هەیە لەسەر هەموو رەهەندێکی ژیان".

وتی ئەوانو ئەو چالاکوانە مەدەنی و رۆژنامەوانانە دەستبەسەردەکەن یان دەکوژن کە دژیان دەوەستنەوە، دەست بەسەر کەناڵە ئاسمانیەکاندا دەگرن و دەیانسوتیێنن و هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حیزبە سیاسیەکان.

بە دیارونای وت ئەم کردانە "شایەتی زیندوون بۆ مامەڵەی تووندڕەوانەیان و هەوڵەکانیان بۆ بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی بیروڕای ئازاد".

وتی ئەم گروپانە ئایدۆلۆژیای ئێرانیان لەخۆگرتووە و پەیڕەوی مەزهەبی ویلایەتی فەقیهـ دەکەن، کە داوای پەیمانی دڵسۆزی دەکات بۆ رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی.

وتیشی: "ئەوانە گروپی تووندوتیژن کە باوەڕیان بە ئازادی بیڕوڕا نییە و رێز لە رای جیاواز و یاسا و رێسا گشتییەکان ناگرن."

روبعوڵڵا بەشداربوو لە ئاگربەردان لە بنکەی کەناڵی ئێم بی سی عێراق لە بەغدا، لە مانگی ئایاردا، دوای ئەوەی کەناڵەکە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و وایان لێکدایەوە کە سوکایەتیکردنە بە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی هێزەکانی حەشدی شەعبی.

لە 31 ئاب، روبعوڵڵا ئاگری بەردا لە بنکەی کەناڵی ئاسمانی دیجلە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە گۆرانیی پەخشکردووە لەکاتی بۆنەیەکی ئایینیدا.

لە رووداوێکی هاوشێوەدا، بنکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان سوتاند لە ناوەندی بەغدا لە 17 تشرینی یەکەم، دوای ئەوەی هۆشیار زێباری، سەرکردەیەکی ئەو حیزبە، داوایکرد میلیشیاکان لە ناوچەی سەوز دەربکرێن.

'بەشێک لە سیستمی سەربازیی ئێران'

ناوی میلیشیای روبعوڵڵا بۆ یەکەمجار لەسەر دیوارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ساڵی رابردوو دەرکەوت دوای خۆپیشاندانێك لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دژی بۆمبارانکردنی بنکەی کەتائیب حیزبوڵڵا.

شیکاروانی ستراتیژی، عەلا نەشوع بە دیارونای وت روبعوڵڵا و کەتائیب حیزبوڵڵا و گروپەکانی دیکەی هاوشێوەیان هەموویان "بەشێكن لە سیستمی سەربازیی ئێران".

وتی راوێژکارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی سەرپەرشتی ئەم لایەنانە دەکەن و چالاکیەکانیان بەڕێوەدەبەن، کە "خزمەت بە کارنامەی وێرانکەری ئێران دەکەن لە ناوچەکە و پلانەکانی بۆ زاڵبوون و بڵاوکردنەوەی کەشی پشێوی".

وتیشی ئەم چالاکیانە سنووردارنین بەو کارانەی "زیان لە بەرژەوەندیەکانی عێراق و سەقامگیری و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی عێراق دەدەن و پێشێلکاریی سەروەریەکەی دەکەن، بەڵکو سەردەکێشن بۆ سنووردارکردنی ئازادی و مافە جەماوەرییەکان و بڵاوکردنەوەی تیرۆریزمی هزریش".

نەشوع ئاماژەیکرد بەوەی رژێمی ئێران خەڵکی خۆی چەوساندۆتەوە لەوکاتەوەی 40 ساڵ لەمەوبەر هاتەسەر حوکم و لەمڕۆدا ئەزمونی خۆی لە سەرکوتکاری و خراپ مامەڵەکردن بڵاودەکاتەوە لەڕێی داردەستەکانیەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500