هه‌واڵه‌كانی عێراق
خۆپیشاندان

ئێران میلیشیا عێراقییەکان دەبات بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان

فارس عومران

خۆپیشاندەرانی ئێران تایە دەسوتێنن لە 16 تشرینی دووەم لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا دژبە به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی بەنزین. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە]

خۆپیشاندەرانی ئێران تایە دەسوتێنن لە 16 تشرینی دووەم لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا دژبە به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی بەنزین. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە]

رژێمـی ئێران میلیشیا هەوادارەکانی لە عێراقەوە هێناوە وەك بەشێك لە هەوڵەکان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.

بەشداربوونی میلیشیا عێراقییەکان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا روونیکردەوە كه‌ رژێـمی ئێران، لە رێی سوپای پاسداران و هەوادارەکانییەوە، هەموو شێوە رێکارێك دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی خۆی لە ناڕەزایەتییەکان.

خۆپیشاندانەکان لە 15 تشرینی دووەم لە تاران بەرپابوون بەهۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوتەمەنییه‌وه‌ و خێرا بڵاوبووه‌وە بۆ 22 پارێزگای ئێران، کە دەکاتە له‌سەدا 70ی وڵاتەکە.

ئەمریکا پێنجشەممە (5 کانونی یەکەم) وتی ئێران پێده‌چێت زیاتر لە 1,000 کەسی کوشتبێت لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە.

خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان بەشداریدەکەن لە خۆپیشاندانەکاندا لە 16 تشرینی دووەم لە تاران دژبە زیادكردنی نرخی بەنزین. [پەیامنێرێك\ئاژانسی فرانس پرێس]

خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان بەشداریدەکەن لە خۆپیشاندانەکاندا لە 16 تشرینی دووەم لە تاران دژبە زیادكردنی نرخی بەنزین. [پەیامنێرێك\ئاژانسی فرانس پرێس]

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئێران برایان هوك ددانی به‌وه‌دا نا کە زانیارییەکان سەختە پشتڕاستبکرێنەوە بەڵام وتی: "ئێمە بەدڵنیاییەوە دەزانین زۆرن، بە سەدانن."

سەرەتای هەفتە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رایگه‌یاند كه‌ قوربانییە کوژراوەکان لە خۆپیشاندانەکاندا لانیکەم 208 کەس بوون و پێشبینی دەکرێت ژمارەی درووست زۆر زیاتر بێت.

میلیشیا عێراقییەکانی سەربە ئێران لە 18 تشرینی دووەم چوونە ناو هێزی بەرگری بەسیجه‌وه‌، کە میلیشیایەکی سەربە سوپای پاسدارانە، ئەوەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکان بوو لە جەراهی لە باشوری ئەهواز.

دوازده‌ خۆپشاندەر کوژران و چواری دیکە برینداربوون لەو ناوچەیە، لە کاتێكدا سێ خۆپیشاندەر لە شاری کوره‌ی تەنیشتییەوە کوژران.

بەکارهێنانی 'هێزی بێبەزەییانە'

لێکۆڵەر لە بواری ستراتیژی و ئەمنیدا، عەبدول قادر نایل بە دیارونای وت: "ئەم رژێمە تووندوتیژانە راتەکێندراوە و زوو بەم مەترسییەی زانی."

وتی لەبەرئەوەشە ئەو رژێمە میلیشیا عێراقییەکانی برد تا سەرکوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بکەن، کە لە داواکردنی نەمانی بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزینەوە داواکانیان گۆڕدرا بۆ نەمانی عەقیدەی ویلایەتی فەقێ.

وتی میلیشیا عێراقییەکان، کە مانەوەیان بەندە بە رژێمی ئێرانەوە، "شەرمیان نەکرد لە بەرپەچدانەوە و کاری خۆیان کرد بۆ بەرگریکردن لە سەرکردەکانی رژێم و پشتیوانیكردنی سوپای پاسداران بوون لە بەکارهێنانی هێز بە بێبەزییانە بۆ سەرکەوتکردنی خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان."

نایل وتی بە ئەنجامدانی ئەو چالاکیانە، میلیشیاکان "به‌دڵنیایی دڕندەیی رژێمی ئێرانیان پشتڕاستکردەوە".

وتی رژێم رێگەی کردەوە بۆ میلیشیا عێراقییەکان بچنە ناو ئێرانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکان، کە دەریدەخات ئێران بە هیچ شێوەیەك خەمی گەلەکەی خۆی نییە.

وتیشی گەلی ئێران هاتنە دەرەوە دژی رژێم چونکە دەزانن "سامانیان بەفیڕۆدراوە لەلایەن گروپێکی بچوکەوە لە دەسەڵاتدا".

نایل وتی ئەو بازنە دەستەبژێرە "سەرچاوەکانیانی دزیوە و بەکاریدەهێنێت بۆ خەرجیی سوپای پاسداران و هەوادارە بیانییەکانی کە دەسوەردان دەکەن لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا، ئەوەش به‌ سوودی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران نییە".

وتیشی: "زۆربەی ئێرانییەکان دەناڵێنن بەدەست سەختیی ژیانەوە لە دەرئەنجامی حوکمڕانیی ئەو سەرکردانەدا كه‌ تەنیا ئاگایان لەخۆیانە."

وتی رێدان به‌ بەکارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەره‌وه‌ لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دژبە گەله‌كه‌ی خۆی دەریخست ئەو رژێمە "هیچ قیبله‌نومایه‌كی ئەخلاقیی نییە".

نایل وتیشی: "ئێستا زۆیان لە رەوشێکی خراپدا خۆیان دەبیننەوە و هیچ توانایەکیان نییە بۆ سەرکوتکردنی ئیرادەی گەل سەرباری کوشتن و رفاندنی خۆپیشاندەران و بلۆککردنی ئینتەرنێت."

بەزاندنی 'هێڵی سوور'

بەگوێره‌ی هوك، "چەندین هەزار" ئێرانی برینداربوون لە رێپێوانەکاندا و لانیکەم 7,000 خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.

شرۆڤەکاری سیاسی، ئەحمەد شەوقی بە دیارونای وت زۆربەیان "بەتۆمەتی ناڕەوا بەندکراون" و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد کە رژێمی ئێران "چەندین هێڵی سووری بەزاندووە بۆ تێكشكاندنی خۆپیشاندانەکان".

وتی سوپای پاسداران فەرمانی بە هێزەکانی بەسیج کرد خۆپیشاندانەکان دابمركێننه‌وه‌ لە باشوری رۆژئاوای وڵاتەکە، له‌نێویاندا ئەهواز، ئەوەش بەهاوکاریی میلیشیا عێراقییەکان.

وتی دەسوەردانی میلیشیا عێراقییەکان نیشانیدەدات ئەو میلیشیانە "ئامادەن هەر شتێك بکەن بۆ پاراستی رژێمی ئێران لە داڕووخان"، چونکە دواتر ئەمانیش پشتیوانییان نامینێت بۆ هەڵسوڕانیان لە عێراق.

وتیشی ئەو میلیشیانە تووندوتیژانە خۆپیشاندەرە عێراقییەکانیشیان سەرکوتکرد کە داوای کۆتاییهاتنی کاریگەریی سوپای پاسدارانیان دەکرد.

وتی: "لە رۆژانی سەرەتای گەیشتنی رژێمی ئێراندا بە دەسەڵات، سوپای پاسداران پێكهێنرا وەك دەزگایەکی دیار و هێزێكی هاوته‌ریبی سوپای ئێران."

وتی هەنگاوەکە هەڵقوڵاوی نەبوونی متمانەی رژێمی ئێران بوو بە گەلەکەی خۆی و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ "بەرپەچدانەوەی تووندی رژێم ئەو لایەنەی دەرخست بە کۆکردنەوەی میلیشیاکان بۆ بەرگریکردن لەخۆی لە بەرامبەر فشاری خه‌ڵكدا لە ئێران و بۆ مانەوەی نفوزه‌ دەرەکییەکانی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

وه‌ك عێراقییه‌ك، پشتڕاستیده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌سه‌دا 100 راسته‌. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ خزمه‌كانمانیان برد بۆ ئێران بۆ داپڵۆسینی [خۆپیشانده‌ران.]

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌