خۆپێشاندەران و شرۆڤەکاران دەڵێن رەتکردنەوەی دەسوەردانی ئێران لەلایەن رای گشتییەوە ئاشکرا دەبینرێت لە بزووتنەوەی خۆپیشاندانەکاندا کە لە 1 تشرینی یەکەمەوە لە عێراق دەستیانپێکردووە.
دەڵێن ئهو دروشمانهی لە شەقامەکانی باشوری وڵاتدا دەوترێنەوە، کە زۆرینە شیعەن، ههروهها ئەوەی لەسەر پهرچهمهكانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەبینرێن نیشانی دەدەن كه شەقامی عێراقی وەڕەسە لە رژێمی ئێران.
هەندێك لە خۆپیشاندەران به دیارونایان وت هاتوونەتە دەرەوە بۆئەوەی سهركۆنهی کاریگەریی سوپای پاسدارانی ئێران و هەوادارەکانی بکەن، کە تۆمەتباریانکردن به نانەوەی ئاژاوه و دەستگرتن بەسەر سەروەری عێراقدا.
خۆپیشاندەرێك لە گۆڕەپانی تهحریر له بەغدا کە ویستی تەنیا بە ناوی ئەبو عەباس بناسرێت، بە دیارونای وت پهسهندناكرێت دانیشی بە بێدەنگی لەبەرامبەر ئەوەی لهقهڵهمیدا به "لوتبەرزی ئێرانی".
وتی یەکێك لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران "ئازادبوونە لە باڵادهستیی ئەو رژێمە و دەسوەردانی بۆ تێکدانی یەکێتی و ئەمنییەت و داهاتووی وڵاتەکەمان".
خۆپیشاندەرێکی دیکە، کە داوایکرد تەنیا بە ناوی یەکەمیەوە بناسرێت، لەیس، بە دیارونای وت لە بەسرەوە هاتۆتە گۆڕەپانی تهحریر بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران.
بە دیارونای وت: "دروشمی ئێمە ئەوەیە دەمانەوێت وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ بین بەبێ دەسوەردانی ئێران."
وتی: "داوادەکەین رژێمی ئێران دەسهەڵگرێت لە ئازاردانمان لەلایەن میلیشیاکانییەوە کە خوێنی عێراقییەکان دەڕژن، ئابوریمان تێکدەدەن و ئازادی و مافەکانمان و سەروەریمان پێشێلدەکەن".
وتیشی: "عێراق هی عێراقییەکانە و تەنیا ئەوان داهاتووی دیاریدەکەن."
هەڕەشەیهك بۆ ئێران
شرۆفەکاران دەڵێن خۆپیشاندانەکان لە عێراق هەڕەشەی جدیین بۆ ئێران، کە هەوڵیداوە دەسەڵاتی سوپای پاسداران و میلیشیا هەوادارەکانی لە عێراق و هەرێمەکە پتەوکات، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشور.
شرۆڤەکاری سەربازی و ستراتیژی، رەبیع جهواری بە دیارونای وت: "ئێرانییەکان تاسان کاتێك خەڵكی ئەو پارێزگایانە هاتنە سەر شەقامەکان دژ بە ئێران بەپشتیوانی هەموو توێژهكانی کۆمەڵگە."
وتی ئەوەی دانسقەیە لەم ناڕەزایاتییەدا ئەوەیە حزبێکی تایبەتی لە پشتەوە نییە.
وتیشی خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی دەکەن و "بوێرانە توڕەیی خۆیان دەردەبڕن دژ بەو رۆڵه نەرێنییهی ئێران دهیبینێت لە کاروباری وڵاتەکەیاندا".
جهواری وتی: "بێگومان رژێمی ئێران دەشێت بترسێت، چونکە ئهو دروشمانهی سهركۆنهی دەکەن تا دێت روونتر و بڵندتر دەبن و کەس ناتوانێت پشتگوێیان بخات یان لە کاریگەرییان کەمبکاتەوە."
وتی لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێران هەوڵیداوە کاریگەریی خۆی بپارێزێت و بەوەش رووبەڕووی وەڕسبوونی رای گشتی بۆتەوە نەك لە عێراق بەڵکو لە لوبنان و سوریاش.
تاران هەوڵیداوە کۆتایی بهێنێت بە خۆپێشاندانەکان و سەرچاوەکانی هەواڵیش دەڵێن فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی چەند سەردانیكی کردووە بۆ عێراق تا "ئامۆژگاری" دەسەڵاتدارانی عێراق بکات لەسەر ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانهكان بکەن.
جهواری وتی خۆپیشاندانەکان لانیکەم بەشێکن لە "ناڕەزایەتی خەڵكی عێراق دژ بە ستەمکاریی ئێرانییەکان بە نوێنەرایەتی سوپای پاسداران کە گڕی پشێوییەکان دەدات لە هەموو شوێنێك لەڕێی گروپە چەکدارەکانییەوە".
'کاردانەوەی سروشتی'
خۆپیشاندەرانی بەغدا وێنەکانی سەرکردە ئیرانییەکانیان دڕیوە و ڤیدیۆش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونهتەوە کە خۆپیشاندەران نیشاندەدهن ناوی "شەقامی خومەینی" دەسڕنەوە لە سەر تابلۆی شەقامیك لە ناوەندی نەجەف.
لە 3 تشرینی دووەم، گروپێكی خۆپیشاندەران لە کەربەلا لە دەوری کونسوڵخانەی ئێرانی کۆبوونەوە. هەوڵیاندا بەسەر دیواری دەرەوەیدا سەربکەون و یاری ئاگرینیان گرتە بیناکە و ئاڵای عێراقیان لەسەر دیوارە کۆنکرێتیەکەی هەڵکرد.
یەکێك لەسەر دیواری کونسوڵخانەکە نوسیبووی "کەربەلا ئازادە، ئێران بۆ دەرەوە، بۆ دەرەوە!"
شارەزایهكی بواری ستراتیژی، عەلا نەشوع بە دیارونای وت خۆپیشاندانەکان ئاستی توڕەیی خەڵکی عێراقیان دەرخست دژبە سیاسەتەکانی ئێران "کە زیانی گەیاندووە بە عێراقییەکان و خەڵكی دیکە لە هەرێمهکە".
وتی بێزاریی جەماور لە هەژمونی ئێران "کاردانەوەیەکی سروشتییە" بەرامبەر رەفتاری رژێمی ئێران، کە هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی پتەوکات لەڕێی لاوازکردنی دراوسێکانی و دەستگرن بەسەر سەرچاوە سروشتییەکانیاندا.
نەشوع وتی خەڵكی عێراق "باش ئاگادارن لە خواستەکانی ئێران و رەتیدەکەنەوە ببنە پاروی ئاسانی سوپای پاسداران".