بەیانی زووی دووشەممە (4 تشرینی دووەم) چوار خۆپیشاندەر کوژران لەبەردەم کونسوڵخانەی ئێراندا لە شاری پیرۆزی کەربەلای عێراق کە لەوێ خۆپیشاندەران توڕەیی خۆیان بەتاڵکردەوە دژی ئەوەی بە دەستێوەردانی تارانی دەبینن لە سیاسەتی وڵاتەکەیاندا.
ئەو گرژییە خوێناوییە بەشێکە لە شەپۆلی بەردەوامی خۆپیشاندان لەدژی حکومەتی عێراق کە خۆپیشاندەران بە گەندەڵی بەربڵاو تۆمەتباری دەکەن و لۆمەی دەکەن بەرامبەر هەژاری و بێکاری.
درەنگانی شەوی یەکشەممە، ئاپۆرەیەك لە خۆپیشاندەران لە کەربەلا لە دەوروبەری کونسوڵخانەی ئێرانی دراوسێ کۆبوونەوە.
ویستیان بەسەر دیوارە پارێزبەندییەکاندا سەربکەون، یاری ئاگرینیان لهنێو بیناکەدا تەقاند و ئاڵای عێراقیان هەڵکرد لەسەر بینا کۆنکرێتەکە و نوسییان: "کەربەلا ئازادە، ئێران بۆ دەرەوە، بۆ دەرەوە!" لەسەر دیوارەکان.
کە ئاپۆرەکە زیادیکرد، تەقە و گازی فرمێسكڕێژ دهستیپێكرد و پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس شایەتی ئەوە بوون خۆپیشاندەران بێ جووڵە لەسەر زەوی کەوتبوون دوای ئەوەی بە فیشەك برینداربووبوون.
بهڕێوبهرێتی پزیشکی دادوەری دواتر پشتڕاستیکردەوە كه چوار خۆپیشاندەر مردن دوای ئهوهی تهقهیان لێكرابوو.
تاران هەوڵی کەمکردنەوەی خۆپیشاندانهكانی دراوسێکەی داوە، بەجۆرێك هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن كه فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) قاسم سلێمانی چەندین سەردانی کردووە بۆ "ئامۆژگاریكردنی" بەرپرسانی عێراق بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا بکەن.
رابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئیش هێرشی کردە سەر خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان.