هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پشتبەستنی روسیا بە بەڵێندەرە سەربازیە تایبەتەکان مایەی مەترسییە لە جیهاندا

کەنات ئالتینبایەڤ

راهێنەرانی ڤێگا راهێنان بە چەکدارانی لیوای قودس دەکەن لە سوریا لە وێنەیەکدا کە لە کانونی دووەم 2019 بڵاوکراوەتەوە. [ڤی کۆنتاکتێ\ئۆلێگ بلۆخین]

راهێنەرانی ڤێگا راهێنان بە چەکدارانی لیوای قودس دەکەن لە سوریا لە وێنەیەکدا کە لە کانونی دووەم 2019 بڵاوکراوەتەوە. [ڤی کۆنتاکتێ\ئۆلێگ بلۆخین]

ئەو بەڵگە زۆرانەی لە ئارادان دەربارەی ئەوەی روسیا زیاتر پشتدەبەستێت بە یەکە سەربازییە نایاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ستراتیژییەکان لەو وڵاتانەی بەرژەوەندیی جیۆپۆلۆتیکییان هەیە، مایەی هەڵوێستە لەسەرکردنن.

جگە لە گروپی واگنەر -- کە کۆمپانیایەکی تایبەتی سەربازییە و بەئاشکرا بەشدارە لە شەڕەکانی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا، سوریا، لیبیا، سودان، ڤەنزوێلا، مەدەگەشکەر و چەندین وڵاتی دیکەش و لەلایەن چەند دەزگایەکی نزیک لە سەرۆکی روسیاوە، ڤلادیمێر پوتین، دروستکراون -- کۆمپانیای تایبەتی سەربازیی ڤێگا لەژێر چاودێریدایە.

بەڵێندەرانی لەمجۆرە رێدەدەن بە رژێمی روسیا قوربانی بخاتەوە و قوربانی بدات، بێئەوەی هیچ کام لە خوێنڕێژییەکان لەسەر کرێملین تۆماربکرێن.

لە ئازاری 2019، تیمی هەواڵگریی باگرژییەکان، گروپێکی سەربەخۆ کە پێکدێت لە بلۆگەرە روسییەکان کە سەرچاوە کراوەکان بۆ لێکۆڵنەوە جەنگییەکان بەکاردەهێنن، دەستیکردە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی ئەوە دەردەخەن کە بەکرێگیراوانی ڤێگا لە 2018وە لە سوریا چالاکن بۆ پشتیوانیکردنی سەرۆک بەشار ئەسەد، هەروەک هاوتاکانیان لە گروپی واگنەر.

راهێنەرانی ڤێگا راهێنان بە چەکدارانی لیوای قودس دەکەن لە سوریا لە وێنەیەکدا کە لە کانونی دووەم 2019 بڵاوکراوەتەوە. [ڤی کۆنتاکتێ\ئۆلێگ بلۆخین]

راهێنەرانی ڤێگا راهێنان بە چەکدارانی لیوای قودس دەکەن لە سوریا لە وێنەیەکدا کە لە کانونی دووەم 2019 بڵاوکراوەتەوە. [ڤی کۆنتاکتێ\ئۆلێگ بلۆخین]

راهێنەرانی ڤێگا راهێنان بە چەکدارانی لیوای قودس دەکەن لە سوریا لە وێنەیەکدا کە لە کانونی دووەم 2019 بڵاوکراوەتەوە. [ڤی کۆنتاکتێ\ئۆلێگ بلۆخین]

راهێنەرانی ڤێگا راهێنان بە چەکدارانی لیوای قودس دەکەن لە سوریا لە وێنەیەکدا کە لە کانونی دووەم 2019 بڵاوکراوەتەوە. [ڤی کۆنتاکتێ\ئۆلێگ بلۆخین]

پشتیوانیکردنی چەکدارانی لیوای قودس

لە سەرەتادا، ڤێگا چەندین کەسایەتی و کۆمپانیا و بانک و کەشتیی جۆراوجۆریان لە ناوچە زۆر مەترسیدارەکان دەپاراست.

بەڵام لەم چەند ساڵای رابردوودا، ڤێگا چالاکییە ئەمنییەکانی خۆی فراوانترکردووە بۆ مەشق و راهێنانکردن بە میلیشیاکان لەجیاتی حکومەتی روسیا.

ڤێگا راهێناندەکات بە میلیشیایەکی زۆرینە فەڵەستینی کە بە لیوای قودس ناسراون، گەورەترین یەکە لە حەلەب کە پشتیوانی حکومەتی سوریا دەکات.

تیمی هەواڵگریی بارگرژییەکان ئەنجامی کۆتاییان راگەیاند دوای لێکۆڵینەوە لەو وێنانەی لەلایەن ئۆلێگ بلۆخینەوە گیراون، کە لە سوریا کاری رۆژنامەوانی دەکات بۆ بڵاوکراوە ئینتەرنێتیەکانی ئاننا نیوز و روسکایە ڤێسنا (بەهاری روسیا)، کە لایەنگری کرێملینن.

وێنەکان ئەو سەربازانە پیشاندەدەن کە جلوبەرگی کۆمپانیای خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکانی ڤێگایان پۆشیوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکانی ڤێگا لە ساڵی 2011 لە ئۆکرانیا دامەزراوە لەلایەن سەربازە بەئەزموونەکانی هێزە تایبەتەکانی ئۆکرانیا و روسیاوە. لە 2012 بووە خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکانی ڤێگاسی، کاتێک دامەزرێنەری کۆمپانیاکە، هاوڵاتی ئۆکرانی ئاناتۆلی سمۆلین، بنەکەکەی گواستەوە بۆ قوبروس.

سمۆلین، سەربازێکی بەئەزموونی هێزی دەریایی و کەی بی جی سۆڤیەت بوو، هەروەها ئەندامی پێشووی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا بوو، لە ئازاری 2019 بە بی بی سی وت کە رۆیشتووە بۆ قوبرس چونکە یاساکانی کەی بی جی رێیان بەوە دەدا.

نوسینگەی سەرەکی لە قوبروسە، لەگەڵ چەند ئۆفیسێکی دیکە لە ئۆکرانیا، روسیا، سوریا، سریلانکا و میسر.

بەگوێرەی راپۆرتێکی دۆیچە ڤێلە لە ئازاری 2019، بە وەرگرتنی وتەکانی بڵاوکراوەی ئۆنلاینی ئەلمۆدۆن، روسیا لە 2019وە "بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیوانیی بۆ لیوای قودس زیادکردووە". بەگوێرەی راپۆرتەکە، گروپە فەڵەستینییەکە سەدان ئەندامی بەدەستهێناوە، لەنێویاندا کەمینەکان.

راپۆرتەکان لە کانونی دووەمی 2019 روسیایان وەک هێزی پشت ڤێگا ناساند.

بەگوێرەی تیمی هەواڵگریی بارگرژییەکان، سمۆلین خۆی بەشداریی کردووە لە مەشقکردن بە چەکدارانی لیوای قودس لە سوریا. وێنەکانی کاتی راهێنانەکان کەسێکیان تێدایە لەو دەچێت.

چالاکی 'لە سێبەردا' لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

چاودێران لە ناوەندی ئاسیا، کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانی روسیا وەک هەڕەشەیەکی چەندلایەنە دەبینن بۆسەر ئەمنیەتی وڵاتەکانیان.

تایبەتمەندێکی بواری زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئێدیل ئۆسمۆنبێتۆڤ لە بیشکێک، وتی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانی وەک گروپی واگنەر ئەو چالاکییە هەواڵگری و ئەرکە سەربازییانە جێبەجێدەکەن کە مۆسکۆ ناتوانێت راستەوخۆ ئەنجامیانبدات.

وتی: "ئەوانە هێزی چەکداری فەرمی نین کە بکەونە ژێر یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە؛ ئەو دەوڵەتانەی بەڕێوەیاندەبەن بەرپرسیارێتی کردەوەکانیان هەڵناگرن."

رائیدێکی خانەنشینکراوی سوپای کازاخستان و ئەفسەری پێشوو لە هێزی ئەڵماتیی هەرێمی، داورێن ئۆسپناۆڤ، وتی ڤێگا تەنیا یەکێکە لە کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان کە بە فەرمانی کرێملین دروستکراوە.

ناوبراو ناوی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانی دیکەی برد -- شخیت (قەڵغان) و پاتریۆت -- کە بەشێوەیەکی فەرمی لە روسیا بوونیان نییە بەڵام چالاکانە پیاوانی گەنج رادەکێشن بۆ ئەنجامدانی ئەرکە پڕمەترسییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئۆسپانۆڤ وتی: "جیاواز لە گروپی واگنەر، ڤێگا و کۆمپانیا سەربازییە تایبەتە روسییەکانی دیکە کەرەستەی سەربازی و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش یان تۆپهاوێژیان نییە و هیچ شەڕێکیان نەبینیوە. ئەوانە لە سێبەرەکاندان، کار لەسەر لایەنی ئەمنی دەکەن و مەشق و راهێنان بە چەکداران دەکەن، بەڵام دەکرێت ئەمە تەنیا قەڵغانێک بێت بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی جەنگ."

راکێشانی چەکداران لە ئاسیای ناوەند

ئۆسپانۆڤ وتی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتە روسییەکان لە چالاکییە وێرانکارییەکانیشدا بەشدارن، نەک هەر تەنیا ئەرکە "ناڕوون و نهێنییەکان". ئەوانە پیاوانی گەنجی خێزانە هەژارەکان رادەکێشن، بەزۆری ئەوانەی لە روسیا دەژین و پێشنیاری پارەی زۆریان بۆ دەکەن تا لە سوریا شەڕبکەن.

وتی: "زۆربەی ئەو بەکرێگیراوانە دەکوژرێن، بەڵام هیچ لایەنێک بە بەرپرس راناگیرێت."

راکێشانی ئەندامان لە وڵاتانی ئاسیای ناوەندیش ئەنجامدەدرێت.

لە ئابدا، دەرکەوت کە دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا دۆسییەیەکی تاوانی لە دژی 15 ئەندامی گروپی واگنەر کردبووەوە، لەنێویاندا سێ کەسی کیرگزستانی، کە تۆمەتباربوون بە شەڕکردن لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا شانبەشانی جوداخوازەکانی سەر بە روسیا.

دوو ساڵ پێشتر، رۆژنامەی کارەڤانی کازاخی وتەی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیای وەرگرت کە رایگەیاند بێلاروسی و مۆلدۆڤی و کازاخییەکانیش وەک بەشێک لە کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمنیی روسیا شەڕدەکەن.

تایبەتمەندێکی بواری زانستە سیاسییەکان لە کیەڤی پایتەختی ئۆکرانیا، ئەندرێی بوزارۆڤ بە رۆژنامەی کارەڤانی وت کۆمپانیا تایبەتە ئەمنییە روسییەکان خەڵکانی بیانی دادەمەزرێنن بۆئەوەی "سکاڵای کەمتر" بچێتە سەر روسیا، بەبێئەوەی سەرچاوەی ئەو سکاڵایانە دیاریبکات.

وتی بەکرێگیراوەکان رازین بە هۆکاری داراییش کار بۆ کۆمپانیا تایبەتە ئەمنییەکان بکەن.

'ئامێرەکانی کوشتن'ی سەر بە کرێملین

ئۆسپانۆڤ دڵنیایە کە ڤێگا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ کرێملیندا هەیە، لەوکاتەوەی راهێنان بە گروپێکی پشتیوانیکراو لەلایەن روسیاوە دەکات.

وتی: "هیچ پێویست بەوە ناکات بەوە گومڕابیت کە ڤێگا بەشدارینناکات لە شەڕدا و پەیڕەویدەکات لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەربارەی کۆمپانیا تایبەتە ئەمنییەکان. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە لەکاتی پێویستدا، کۆمپانیا تایبەتە ئەمنییەکانی وەک ڤێگا دەخرێنەگەڕ، بە شێوەیەک لە شێوەکان و دەخرێنە ناو شەڕێکی ئاوێتەوە و ئەرکە جەنگییەکانی کرێملین جێبەجێدەکەن، هەروەک لە ئۆکرانیا روویدا."

تایبەتمەندێکی بواری زانستە سیاسییەکان و بەڕێوبەری گروپی هەڵسەنگاندنی مەترسی، دۆسیم ساتپایەڤ لە ئەڵماتی، وتی مەترسیی ئەوەی روسیا شەڕێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە بۆ ئاسیای ناوەندیش راستە، بەتایبەتی بۆ کازاخستان.

وتی کێشە ناوخۆییەکانی کازاخستان روو لە زیادبوونن، مۆسکۆش ئەمە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی دەقۆزێتەوە.

ساتپایەڤ وتی: "دەرکەوتنی کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمنیی بیانی لە کازاخستان مەترسییەکی جددی دەخاتە سەر وڵاتەکەمان، چونکە ئەگەر دۆخی سیاسی بگۆڕێت، رەنگە بەشداربێت لە وێرانکاریدا."

بەرپرسانی کازاخستان لە بەرامبەردا نیگەرانن سەبارەت بە بیرۆکەی بوونی کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان و رێنادەن بەشێوەیەکی یاسایی لە کازاخستان کاربکەن.

لە ئازاری 2018، داریگا نەزەربایەڤ، سیناتۆرێکی ئەوکاتە و کچەگەورەی سەرۆکی پێشوو نورسوڵتان نەزەربایەڤ، بیرۆکەی دروستکردنی کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمنیی لە کازاخستان سەکۆنەکرد.

وتی: "پشتیوانی لەم بیرۆکەیە ناکەم. ئەمە رێک ئامێرێکی تایبەتی کوشتنە. رێکخراوی لەمجۆرە نابێت هەبن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500