ئاساییش

سوپا بەکرێگیراوەکەی پوتین شێوازی داعش بەکاردەهێنێت بۆ راکێشانی خەڵك

كارڤانسه‌رای

image

وێنەیەك کە تەمموزی رابردوو بڵاوکرایەوە لەلایەن داعشەوە، یەکێك لە سەرکردەکانی نیشاندەدات کە قسە بۆ ئەندامە لیبیەکانی دەکات. گروپی واگنەری روسی چەندین تاکتیکی هاوشێوە بەکاردەهێنێت کە داعش بەکاریهێناون بۆ راکێشانی بەکرێگیراوان بۆ شەڕکردن لە شەڕەکانی مۆسکۆ لە جیهاندا، لەنێویاندا لیبیا. [فایل]

گروپی واگنەر -- کە سوپایەکی کەرتی تایبەتە و کارنامەی سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتین جێبەجێدەکات -- تاکتیکی هاوشێوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەکاردەهێنێت بۆ راکێشانی خەڵك لە تەواوی جیهاندا، چاودێران دەڵێن.

گروپی واگنەر سەرەتا لە ساڵی 2014 لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا دەرکەوتن -- کە مۆسکۆ بە "خۆبەخش" ناویدەبردن -- پەیوەندییانکرد بە ریزەکانی هێزە جوداییخوازەکانی سەر بە روسیاوە و دواتر سەریکێشا بۆ پێکەوەلکاندنی نایاساییانەی کرایمیا (دورگه‌ی قرم).

سەرەتا، ئەم "سوپای سێبەر"ە لە ریزەکانیدا کەسانی دەرکراو لە سوپا و دز و تاوانباری پێشتر هەبوون کە بەدوای پارە و سەرکێشییەوە بوون، بەڵام به‌درێژایی ساڵان، تاکتیکەکانی گروپەکە گۆڕان.

له‌ئێستادا، هەمیشە بەپێی خواستەکانی پوتین، گروپی واگنەر دەستیکردووە بە راکێشانی لاوانی ناوچەکان بۆ شەڕکردن لە چەندین ناوچەی شەڕ کە کرملن بەرژەوەندی لێیان هەیە.

image

ژنان و منداڵانی ئاوارەی سوریا بەنێو قوتو و پاشماوەی خۆراكدا دەگەڕێن لە زبڵدانێكدا لە کەمپی کەفر لوسینی نزیك بە سنووری تورکیا لە پارێزگای ئیدلیب، لە 2019. دۆخی لەمشێوەیە رێیداوه‌ به‌ گروپی واگنەری روسی و داعش کە بتوانن کەسانی نوێ رابکێشنە ریزەکانیانەوە. [عارف وەتاد/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەمدواییانە مۆسکۆ بە بەکارهێنانی گروپی واگنەر وەك پێشڕەوێك، دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی راکێشانی بەکۆمەڵ لە سوریا.

تاکتیکە نوێکان لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ

لەم هەڵمەتەدا خەڵك راناکێشێت بۆ شەڕکردن لەپاڵ ئه‌و میلیشیانه‌دا کە شەڕ بۆ رژێمی بەشار ئەسەدی سوریا دەکەن، کە چەندین ساڵه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، بەڵکو بۆ نوێترین هێڵی شەڕی مۆسکۆ: لیبیا.

لاوانی سوریا کە بوونەتە بەکرێگیراو، دەنێردرێن بۆ بەهێزکردنی ریزی هێزەکانی مارشاڵ خەلیفە حەفتەری لیبیا، کە پشتیوانی مۆسکۆی هەیە دژی حکومەتی ددانپێدانراوی لیبیا لە تەرابلس.

شەڕی ناوخۆی سوریا، کە لە 2011 دەستیپێکرد، زۆربەی وڵاتەکەی وێرانکردووە و بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاد لە 500,000 کەس و ئاوارەبوونی زیاد لە 7 ملیۆن هاوڵاتی.

بۆ بەکرێگیراوانی مۆسکۆ، دۆخێکی نمونەییە بۆ راکێشانی لاوانی نائومێد.

ئەفسەرێکی خانەنشینی سوپای کازاخ لە ئاڵماتی، رائید داورێن ئۆسپانۆڤ وتی: "پارەی باش دەدەن، بۆیە ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ پیاوانی بێکار، کە زۆرێکیان بێچارەبوون لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی كێشە داراییەکانیان و رێکخستنەوەی ژیانیان."

بڵاوکراوەیه‌كی هەواڵی عەرەبی، سوەیدا 24، لە مانگی ئازاردا رایگەیاند كه‌ گروپی واگنەر مانگانە موچەی "1,000 دۆلار دەدات بەوانەی وەك خۆبەخش پاسەوانیی دەزگاکانیان دەکەن و 1,500 دۆلار بەوانەی وەك خۆبەخش شەڕ بۆ گروپەکە دەکەن" لە لیبیا.

ئەمە تاڕادەیەك سامانێکی گەورەیە بەراورد بەوەی لە سوریا ده‌ست خەڵك ده‌كه‌وێت.

دەوترێت موچەی مانگانەی سەربازێکی ئاسایی سوری نزیکەی 30 دۆلارە، لەکاتێکدا موچەی مانگانەی چەند میلیشیایەکی سەربە رژێم -- كه‌ هەندێکیان لەلایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن -- لەنێوان 50 بۆ 100 دۆلاردایە.

كاته‌لۆگی گروپی 'دەوڵەتی ئیسلامی'

ئۆسپانۆڤ وتی میتۆدەکانی راکێشانی گروپی واگنەر هاوشێوەیی زۆریان لەگەڵ میتۆدەکانی داعش هەیە، وەك بەکارهێنانی پارە بۆ راکێشانی خەڵكی هەژار و دۆزینەوەی لاوانی هەستیار لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە.

سەرەتا، حه‌زكردن به‌ سەرکێشی و سەرابی یۆتۆپیا دوو لە کۆڵەکەکانی راکێشانی خەڵك بوون لەلایەن داعشەوە، بەڵام دوای کەوتنی 'خەلافەت'ی داعش لە ئازاری 2019، گروپه‌كه‌ -- وەك واگنەر -- کار لەسەر نائومێدی ئابوری دەکات بۆ راکێشانی خەڵك.

ئەم تاکتیکە بەمدواییانە لە تورکیا سەریهەڵداوە، کە راکێشەرانی داعش هەوڵدەدەن لاوازی ئابوری بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ بقۆزنەوە بۆ بەئامانجکردنی کرێکارانی کۆچبەر لە تورکمه‌نستانەوە.

راکێشەرانی داعش "كار" دەدەن بەم کۆچبەرە بێکار و بێچارانە کە 1,000 دۆلاری مانگانەیە لەگەڵ 1,000 دۆلار وه‌ك بەخشیش له‌ سه‌ره‌تادا.

راکێشەران وریان لەوەی وردەکاریی "دەرفەتە ئاشتیخوازانه‌كان" نه‌خه‌نه‌ڕوو، سوورن لەسەر ئەوەی پەیوەندییان بە جەنگەوە نییە.

زۆرجار، رێك بەوشێوەیەی ساڵانی فەرمانڕەوایی داعش لە بەشێکی گەورەی عێراق و سوریا، ئەم راكێشراوە بێچارانە دەستبەجێ دەنێردرێن بۆ بەرەکانی پێشەوەی شەڕ و رووبەڕووی دۆخی کوشندە ده‌بنەوە.

گروپی واگنەر و هاوپەیمانانی هه‌مان كاته‌لۆگی كاركردنیان گرتۆته‌به‌ر له‌م بواره‌دا.

سوەیدا 24 رایگەیاند كه‌ سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی 35 لاوی سوری راکێشران بۆ نێو میلیشیایەك بە پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان گروپی واگنەر و حیزبی لاوانی نیشتمانی سوریا، کە رێکخراوێکی فەرمییە و کار بۆ رژێمی ئەسەد دەکات.

ئەم راكێشراوانە دەستبەجێ نێردران بۆ هێڵەکانی پێشەوە بەجۆرێك کەمترین راهێنانی شەڕیان پێکرابوو تا شەڕی یاخیبوانی دژە حکومەت بکەن.

راپۆرتەکە دەڵێت لەم 35 چەکدارە راکێشراوە، هەر یەکەم رۆژ لانیکەم 10 کوژران و زۆری دیکە برینداربوون یان ونبوون لەکاتی شەڕدا، کە ئاماژەیە بەوەی راکێشراوان وەك قۆچی قوربانی بەکارهێنراون.

خێزانی راکێشراوەکان، هیچ قەرەبوویەکیان پێنەگەیشت چونکە میلیشیاکە سەر بە هیچ دەزگایەکی فەرمی نەبوو، سەرەڕای ئەو بەڵینانەی لەلایەن سەرکردەکانی گروپی واگنەر و هاوپەیمانانیەوە درابوون.

بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتن

شیکاروانی سیاسی و توێژەری کاروباری نێودەوڵەتی، خەڵکی بیشكێك، ئەدیل ئۆسمۆنۆبێتۆڤ وتی گروپی واگنەر دەتوانێت ئەرکی هەواڵگری و سەربازیی وا ئەنجامبدات کە مۆسکۆ ناتوانێت.

وتی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانی وەك واگنەر "سوپای یاسایی چەکدار نین تا بکەونە ژێر یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەو دەوڵەتانەی کە رێکیاندەخەن بەرپرس نین لە کارەکانیان".

دۆیچە ڤێلە لە 2018 رایگەیاند كه‌ یاسای نێودەوڵەتی و یاسای روسیا هەردووکیان بەکرێگیراوانی سەربازییان قەدەغەکردووە، بەڵام پەرلەمانی روسیا، دوما و وەزارەتی دەرەوە کاریانکردووە بۆ بە یاساییکردنی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان لە روسیا.

هێشتا پێشنیازەکە نەبۆتە یاسا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە. بەرپرسان دوودڵن لەوەی رێگە بە پەیوەندی دیاری نێوان کرملن و بەکرێگیراوان بدەن و هەروەها نایانەوێت گروپە چەکدارە نافەرمییەکان ببنە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی یاسایی.

بەرپرسان لە روسیا نکۆڵی لە بوونی گروپی واگنەر دەکەن، لەکاتێکدا ددان بەوەدا دەنێن كه‌ دەکرێت چەند روسییەك بۆخۆیان بەشداری لە شەڕەکانی دەرەوەدا بکەن.

بزنسمانێكی سان پترسبۆرگ و هاوپەیمانی پوتین، یەڤگینی پریگۆژین، کە سامانەکەی بە بزنسی چێشتخانە بنیاتناوە، بە بەستنی گرێبەستی گەورە لەگەڵ سوپا و حکومەتی روسیا، بەشێوەیەکی دیار ناسراوە بەوەی لەپشت پشتیوانی دارایی گروپی واگنەرەوەیە.

ئەم پشتیوانیەی کەرتی تایبەت وادەکات کرملن بتوانێت بەرژەوەندییەکانی بەرەوپێش بەرێت بۆ جەنگی دوو رەهەند ئه‌نجامبدات لەژێر پەردەی نکۆڵیكردنێكی شیاوه‌وه‌.

ئۆسپانۆڤ، ئەفسەری سەربازی خانەنشین، وتی واگنەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەڕێوەدەبات لەو وڵاتانەی کە کرملن بەرژەوەندی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی تیایاندا هەیە. مۆسکۆ چەنین چەکداریش لەو ناوچانە بەکاردەهێنێت کە پرۆژەی وزەیان لێ ئەنجامدەدات، بۆ نمونە لە ئەفریقا.

وتی: "گەر وڵاتێك کە روسیا بەرژەوەندی لێی هەیە و بە هاوبەشی ناودەبات دەستبکات بە شتێك کە دژی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکیەکانی مۆسکۆیە، ئەوە 'میوانانی ناوەخت' لەوێ دەردەکەون."

لە لیبیا، شەپۆلی بەکرێگیراوانی سوری کە لەژێر ناوی گروپی واگنەردا هێنراون لەنێوان خەڵکی ناوچەکەدا بۆتە هۆی نیگه‌رانی، بەتایبەتی چونکە دەکرێت زۆرێکیان تووشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن.

دیمەنی هاوشێوە لەو شوێنانەش رووده‌دات كه‌ شه‌ڕیان تێدایه‌ له‌ جیهاندا و مۆسکۆ دەیەوێت نفوزی لێیان هەبێت، لەنێویاندا کۆماری ئەفریقای ناوەندی، سودان، فەنزوێلا و وڵاتانی دی.

ڤایرۆسی کۆرۆنا زەبرێکی کوشندەی وەشاندووە لەو وڵاتانەی ئابورییان لاوازە. لەئاکامدا، بێکارییه‌كی زۆر بەتووندی زیادیکردووە، کە گروپی واگنەر سوودیان لێده‌بینێت.

[کەنات ئاڵتینبایه‌ڤ لە ئاڵماتی بەشداریكردووه‌ لەم راپۆرتەدا]

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)