هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ئەندامێکی کیرگیزی گروپی واگنەری روسی هۆشداری دەداتە ئاسیای ناوەند

کەنات ئالتینبایه‌ڤ

وێنەیه‌ك له‌ ڤیدیۆیەكی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی بێلاروسیا ژمارەیەك چەکداری گروپی بەکرێگیراوی واگنەر نیشاندەدات کە لە 25 تەمموز چوونەتە نێو بێلاروسەوە.

وێنەیه‌ك له‌ ڤیدیۆیەكی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی بێلاروسیا ژمارەیەك چەکداری گروپی بەکرێگیراوی واگنەر نیشاندەدات کە لە 25 تەمموز چوونەتە نێو بێلاروسەوە.

ئۆکرانیا چەند کەیسێکی تاوانکاریی دژی 15 کەس بەرزکردۆتەوە بەتۆمەتی بەکرێگیراوێتی بۆ گروپی واگنەر، کە سوپایەکی تایبەتی روسییه‌، لەنێویاندا سێ هاوڵاتی کیرگیزی هەن کە دەوترێت لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا شانبەشانی جوداییخوازەکان شەڕیانکردووە.

نوسینگەی داواکاری گشتی ئۆکرانیا لە 28 تەمموز رایگەیاند کە لە 2014وە چەکدارانی بیانی "بەشدارییانکردووە لە ناكۆكییه‌ سەربازیه‌كاندا دژی ئۆکرانیا لە ناوچەکانی دۆنێتسك و لوهانسك کە بۆ ماوەیەك داگیرکرابوون".

بەگوێری نوسینگەکە، ئەوانەی بەندکراون "خزمەتیانکردووه‌" لە چەند یەکەیەکی جیاوازی هێزە نایاساییەکانی روسیادا.

لەنێو ئەمانەدا، بەتایبەتی بەتالیۆنی تایبەتی پریزارك 14، لیوای نیشانگری جوداییخوازی ڤۆستۆك 11 و لیوای نیشانگری ئۆپلۆت 5 هەبوون، کە هەموویان سەر بە گروپی واگنەر بوون.

نوسینگەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ بەگوێرەی جاڕنامەکانی جنێڤ، گومانلێکراوان بە "بەکرێگیراو دادەنرێن، لەکاتێکدا کارەکانیان پێشێلکاریی جاڕنامە نێودەوڵەتیەکانە دژی بەکرێگرتن، بەکارهێنان و پشتیوانی دارایی و راهێنانی بەکرێگیراوان، کە لەلایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە 4 کانونی دووەم 1989 لەخۆگیرا".

دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا لەم کەیسانە دەکۆڵێتەوە.

بەکرێگیراوانی گومانلێکراوی واگنەر رووبەڕووی سزای هەتاهەتایی دەبنەوە له‌گه‌ڵ دەستگرتن بەسەر موڵکەکانیاندا.

هەڕەشەیەك بۆسه‌ر ئاسایشی ئاسیای ناوەند

دۆیچە ڤێلە رایگەیاند كه‌ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیا سەرەتا بە چالاکیەکانی گروپی واگنەریان زانی کە پشتیوانی له‌ جوداییخوازەکان دەکرد لە دۆنباس لە ئایاری 2014.

لە تشرینی یەکەم 2017، ڤاسیل هریتساك، کە ئەوکاته‌ بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بوو، وتی چەکدارانی واگنەر بەشدارییانکردووە لە تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی شمەك گواستنەوەی سەربازیی Il-76 لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا لە حوزەیرانی 2014، لە هەڵکوتانەسەرێكدا بۆسەر فڕۆکەخانەی دۆنێتسك و ئۆپەراسیۆنە جەنگیەکان لە ناوچەی دێبالتسێڤێی ئۆکرانیا.

دۆیچە ڤێلە رایگەیاند كه‌ گروپی واگنەر نەك تەنیا ئەندامانی لە روسیاوە بەکرێدەگرت بەڵکو لەنێو دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاشدا، کە جوداییخوازەکان کۆنترۆڵیانکردووە.

بەڵام به‌گوێره‌ی ئەندامانی پێشووی سوپا لە ئاڵماتی، ئه‌وانه‌ی له‌ مۆسکۆ ئه‌ندامان راده‌كێشن و سوودیان لە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری سەختی ناوچەکە بینیووه‌، لاوانی ئاسیای ناوەندیان راکێشاوه‌ کە زۆر پێویستیان بە پەیداکردنی پارە هەبووه‌.

داورێن ئۆسپانۆڤ لە ئاڵمتای، کە رائیدێکی خانەنشینی سوپای کازاخە، وتی: "موچەی باش دەدەن، بۆیە دەرفەتێکی نایابە بۆ پیاوانی بێکار، كه‌ زۆرێکیان هەموو هیوایەکیان لەدەستداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانیان و راستکردنەوەی رێچکەی ژیانیان."

وتی گروپی واگنەر چەند تاکتیکێکی هاوشێوەی تیرۆریستانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەکاردەهێنێت. بۆنمونە، هەردووکیان خەڵکی هەژار بە پارە رادەکێشن و لەسەر ئینتەرنێت بۆ ئەو کاندیدانە دەگەڕێن کە گوماندەکرێت بۆ راکێشان بشێن.

ئۆسپانۆڤ وتی: "لەمڕۆدا، واگنەر هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە چونکە بێکاری زۆر بەرزبۆتەوە لە وڵاتانی ئاسیای ناوەند بەهۆی پەتا جیهانیەکەوە."

پرۆفیسۆر و مقەدەمی یەدەگی پۆلیس، كەیرەت ئۆسمۆنالیه‌ڤ لە بیشكێك وتی ئەو تاوانەی هاوڵاتیانی کیرگیزی لەسەر ده‌ستگیركراون، لە ئۆکرانیا بەتایبەتی جددیە.

ئۆسمۆنالیه‌ڤ وتی: "گەر بەڵگە بۆ تاوانه‌كه‌یان هەبێت، ئەو هاوڵاتیە کیرگیزیانە ناتوانن پشت بە حکومەتەکه‌یان ببەستن چونکە بەگوێرەی دەستوورەکەمان، ئەمە ده‌بێته‌ هۆی لێسه‌ندنه‌وه‌ی هاوڵاتیبوونی کیرگیزی."

وتی بەڵام گەر ئۆکرانیا سنوورداشیان بکاتەوە بۆ کیرگیزستان، ئەوا رووبه‌ڕووی 12 ساڵ زیندانی دەبنه‌وه‌ لەوێ.

چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ لە ئۆش، کیرگیزستان، کورمانبێك ئالیه‌ڤ وتی ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی دەستگیرکراوە کیرگیزیەکان کراوەتەوە لە ئۆکرانیا بارتەقای تیرۆریزمن.

وتی: "لەوێ بۆ پارە شەڕیانکردووە و خوێنی ئەوانەیان رشتووە کە بەرگرییان لە ناوچەکەی خۆیان کردووە. گەر تیرۆریست نەبن چین؟"

ئالیه‌ڤ وتی گروپی واگنەر کە کۆمپانیایەکی روسییە، خۆی نایاساییە و لە جەوهەردا رێکخراوێکی تیرۆریستیە کە ئۆپەراسیۆنی جەنگی بەڕێوەدەبات لە وڵاتانی دیکە بە قازانجی مۆسکۆ.

ئالیه‌ڤ، وەك ئاماژەکردنێك بە ئەندامانی گروپی واگنەر، وتی: "ژیانی دژەکانیان و خەڵکی خۆیان تێکدەشکێنن لەپێناو دەسڕاگەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکانی کرملندا."

بەئامانجکردنی بێلاروس

رووداوەکانی ئەمدواییەی ناوچەکانی پۆست-سۆڤێت ئاماژە بەوە دەکەن کە گروپی واگنەر دەکرێت فێڵ و تەڵەکەیەکی نوێی بەدەستەوەبێت.

لە 30 تەمموز، بێلاروس رایگەیاند کە کەیسێکی تاوانکاریی دژی ئەو بەکرێگیراوە روسیانە کردۆتەوە کە دەستگیرکران دژی پیلاندانان بۆ لێدان لە سەقامگیریی وڵاتەکە لەکاتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکاندا کە یەکشەممە (9 ئاب) ئەنجامدران.

لە چەند ساڵی رابردوودا، سەرەڕای فشار لە روسیاوە، سەرۆکی بێلاروس ئەلێکساندەر لوکاشێنکا یەکگرتنەوەی دەستبەجێی لەگەڵ مۆسکۆ رەتکردۆتەوە و هەوڵیداوە پەیوەندییەکان لەگەڵ خۆرئاوا بەهێزبکات.

بەڵام بێلاروس پێگەیەکی ناوەندی هەیە لە پلانی ستراتیژیی روسیادا، کە رەنگە گرنگتربێت لە هی هەر دەوڵەتێکی دیکەی دراوسێ، بێجگە لە ئۆکرانیا.

روسیا چەند بەرژەوەندییەکی گەورەی هەیە لە بێلاروس، لەبەرئەوەی مۆسکۆ تاڕاده‌یه‌ك تەواوی پێداویستییه‌كانی مینسك بۆ نەوت و گاز دابیندەکات. بەڵام بێلاروس لەمساڵدا هەوڵیدا پشتبەستوویی خۆی بۆ هایدرۆکاربۆن بە روسیا کەمبکاتەوە، نەوتی لە نەرویج، سعودیە، ئازەربایجان و ئەمریکا کڕی، بەجۆرێك بووە هۆی بێزارکردنی سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتین.

ئۆسپانۆڤ، کە رائیدێکی پێشووی سوپای کازاخستانە، وتی گروپی واگنەر بەدڵنیاییەوە دەکرێت ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدابێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی بێلاروس چونکە مۆسکۆ "بەدڵنیاییەوە بەرژەوەندی ستراتیژیی" هەیە لەوێ.

ئۆسپانۆڤ وتی: "بەڵام لوکاشێنکا، کە رەفتارەکانی پێشبینی نەکراوە و تادێت کەمتر کۆنترۆڵ دەکرێت، پوتینی جاڕسکردووە."

هەوڵە جیهانییەکان

بەکرێگیراوانی گروپی واگنەر لە چەندین وڵاتی دیکە شەڕیانکردووە و هەوڵیانداوە کارنامەی کرملن بەرەوپێش بەرن.

فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەفریقا (ئەفریکۆم) لە تەمموز پشتڕاستیکردەوە كه‌ لە لیبیا بەردەوامن لە خزمەتکردنی هەوڵە شکستخواردووەکەی فەرماندەی بەهێزی سەربازی، خەلیفە حەفتەر، بۆ لەسەرکارلادانی حکومەتی ددانپێدانراوی لیبیا له‌لایه‌ن جیهانه‌وه‌. چەندین وێنە پشتڕاستیدەکەنەوە کە مین و بۆمبی دەستکرد دەچێنن لەنێو تەرابلس و دەوروبەریدا له‌ لیبیا و ئابڵۆقەی چەکی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشێلدەکەن و ژیانی لیبیە بێتاوانەکان دەخەنە مەترسیەوە.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كان، ئەندامانی گروپی واگنەر بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە سوریا کاردەکەن و لە بەرەی پێشەوەی شەڕدان شانبەشانی هێزەکانی سەربە رژێم. کرملن هێزەکانی لە 2015 ناردە سوریا بۆ كۆمه‌ككردنی موشته‌رییه‌كه‌ی، سەرۆك بەشار ئەسەد.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500