هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هەزاران لە شەنگال دەخوازن پەیوەندیبکەن بە پۆلیسی ناوخۆوە

خالید تائی

image

وەزیری ناوخۆی عێراق عوسمان غانمی لە 13 کانونی یەکەم سەردانی شەنگالی کرد بۆ پشکنینی هێزە ئەمنیەکان و پێداچوونەوە بە رێکەوتنێكدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی غانمی وەرگیراوە]

حکومەتی عێراق هەزاران داوای بەدەستگەیشتووە لە دانیشتوانی شاری شەنگالی زۆرینە ئێزیدییەوە کە بەهیوان پەیوەندیبکەن بە هێزی پۆلیسی ناوخۆوە، بەرپرسێکی ئێزیدی پێنج شەممە (17 کانونی یەکەم) وتی.

بەرپرسی کاروباری ئێزیدییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەیری بوزانی وتی حکومەتی فیدراڵ دەستیکردووە بە تۆمارکردنی زیاد لە 6,000 داواکاریی دامەزراندن کە لەلایەن دانیشتوانی شەنگالەوە بەدەستیگەیشتووە.

بە دیارونای وت پلان هەیە بۆ دامەزراندنی 100 پۆلیسی مێینەی ئێزیدی، لەنێویاندا ئەوانەی لە تووندوتیژیەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگاریانبووە.

وتی ئەم ژنانە رۆڵێکی چالاکیان دەبێت لە پاراستنی ناوچەکانیاندا، دوای ئەوەی بۆ ئەو کارە راهێنانیان پیدەکرێت و توانای خۆیان دەردەخەن بۆ هێنانەکایەی سەقامگیری.

image

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کاردەکەن لەسەر رێگایەكی نێو شاری شەنگال لە 6 کانونی یەکەم، وەك بەشێك لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ بوژاندنەوەی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان. [پەیجی فەیسبوکی سنجار شارەکەم]

ئەوانەی پەیوەندی بە هێزەکەوە دەکەن راهێنانی جەستەیی و سەربازییان پێدەکرێت.

بوزانی وتی دوای ئەمە، لە شاری شەنگال جێگیردەکرێن لەگەڵ گوند و باڵەخانەکانی ناوچەکە، بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەکان دژ بە هەڕەشە تیرۆریستیەکان بە هاریکاری لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی دیکە.

وتیشی ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی پلانێکی حکومەتە کە دوای رێکەوتنێک لە 9 تشرینی یەکەم راگەیەندرا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە. رێکەوتنەکە لە هەولێر واژۆکرا لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

ئەو دوو لایەنە بەڵێنی دەرکردنی گروپە چەکدارەکانیان دا، بەتایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە شارەکە، بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی دانیشتوانی ناوچەکەدا تا پەیوەندیبکەن بە پۆلیسەوە و کاربکەن تا ئاوارە ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە.

بوزانی وتی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە هێشتا ئاستەنگی دەخرێتە بەردەم لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، کە هەوڵی دواخستنی دەرچوونیان دەدەن لە شارەکە و سنووردارکردنی کشانەوەیان تەنیا بۆ لابردنی ئاڵا و دروشمەکانیان لەسەر باڵەخانەکان.

وتی: "بەڵام بەهیواین بوونی ئەم هێزە نائاساییانە بەمزوانە کۆتایی بێت."

وتیشی گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان بۆ شەنگال رتاڕادەیەك خاوە، بەڵام بەردەوامە و هەر رۆژێك بەڕێژەی مامناوەندی لەنێوان 30 بۆ 150 خێزان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵە کۆنەکانیان.

نزیکەی 300,000 ئێزیدی هێشتا لە کەمپی ئاوارەکاندان لە هەرێمی کوردستان.

وتی لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، لەنێویاندا شارۆچکەی سنونێ لە باکور، ژیان لەسەرخۆ ئاسایی دەبێتەوە، بە دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و زیادبوونی ژمارەی بازاڕکەران لە بازاڕەکاندا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500