هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

میلیشیاکانی سەربە ئێران ئاستەنگ دەخەنە بەردەم رێکەوتنی شەنگال

فارس عومران

سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەگەڵ نوێنەرانی قەزای شەنگال لە 15 تشرینی دووەم کۆدەبێتەوە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی سەرەکوەزیران]

سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەگەڵ نوێنەرانی قەزای شەنگال لە 15 تشرینی دووەم کۆدەبێتەوە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی سەرەکوەزیران]

میلیشیا عێراقیەکانی سەربە ئێران ماوەیەکە ئاستەنگ دروستدەکەن بۆ رێکەوتنێکی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێگەی قەزای شەنگالی خۆرئاوای نەینەوا بەوەی لەو ناوچەیە ناکشێنەوە، بەرپرسانی ناوچەکە وتیان.

رێکەوتنەکە، کە لە 9 تشرینی یەکەم واژۆکرا، تێگەیشتنێکی هاوبەشی پێکهێناوە دەربارەی ئەمنییەت، کارگێڕی مەدەنی، بنیاتنانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان.

بەگوێرەی بەندەکانی رێکەوتنەکە، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کارگێڕییەکی هاوبەش لە شەنگال پێکدەهێنن، بەجۆرێك هێزە فیدراڵییەکان سەرپەرشتی ئەمنییەت دەکەن، بە هاریکاریی هێزە کوردییەکان.

بەگوێرەی رێکەوتنەکە، هەموو هێزە چەکدارەکان دەبێت لەو ناوچەیە بکشێنەوە، لەنێویاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی. بەڵام میلیشیاکان تائێستا رەتیانکردۆتەوە پێگەکانیان جێبهێڵن و لە قەزاکە بکشێنەوە.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لەگەڵ ژنانی ئاوارەی ئێزیدی قسەدەکات لە کەمپێکی ئاوارەکان لە باکوری عێراق، لە 27 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لەگەڵ ژنانی ئاوارەی ئێزیدی قسەدەکات لە کەمپێکی ئاوارەکان لە باکوری عێراق، لە 27 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

بەرپرسان وتیان شکست لە پابەندبوون بە رێکەوتنەکە تەواو پێچەوانەی ویستی حکومەتی عێراقە بۆ دەرخستنی پابەندیی خۆی بە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم.

لەکاتی کۆبوونەوەیەکدا لە 15 تشرینی دووەم لە بەغدا لەگەڵ شاندێکی شەنگال، سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی دووپاتیکردەوە کە حکومەتەکەی پابەندە بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی قەزاکە.

وتی: "چارەسەر دەبێت لەناوخۆوە سەرهەڵبدات نەك لەلایەنە دەرەکیەکانەوە." ئاماژەشی دا بەوەی "یاسا بەسە بۆ بنیاتنانی بەردی بناغەی دەوڵەتێکی بەهێز... بەجۆرێك فرەیی ئایینی و ئێتنیکی دەپارێزێت".

وتی ئەم فرەییە "بە فاکتەرێك دادەنێین بۆ بەهێزی نەك لاوازی".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش جەختیکردەوە لە سووربوونی خۆی لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی شەنگال و ئاماژەیکرد بەوەی خزمەتدەکات بە "هەموو پێکهاتەکانی عێراق".

میلیشیاکان رێکەوتنی شەنگالیان رەتکردەوە

چاودێران بە دیارونایان وت لەم چەند ساڵەی دواییدا، میلیشیاکان جیاوازییە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیان قۆستۆتەوە بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆیان بەسەر قەزاکەوە.

وتەبێژێکی خێڵەکی لە نەینەوا، شێخ موزاحیم حوەیت وتی: "لانیکەم 15,000 چەکداری میلیشیا لە شەنگال جێگیرن."

بە دیارونای وت کە دابەشبوون بەسەر 17 لایەنی چەکداری پەیوەست بە ئێرانەوە، لەنێویاندا کەتائیب حیزبوڵڵا، عەسائیب ئەهل حەق، حەرەکات نوجەبا، رێکخراوی بەدر، لیواکانی سەید شوهەدا و لیواکانی ئیمام عەلی.

حوەیت وتی: "کەتائیب حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکە رەتکردنەوەی خۆیان دەربڕیوە بۆ رێکەوتنی شەنگال و هەوڵیانداوە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنیدا دروستبکەن و ماددەکانی پشتگوێ بخەن."

وتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران تەنانەت بنکەیەکی لەسەر چیای شەنگال هێشتۆتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی چالاکیەکانی میلیشیاکان و وتیشی میلیشیاکان "بەربەستێکی سەرەکین" لەبەردەم ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و دڵنیاییدان لە سەقامگیری.

حوەیت میلیشیاکانی تۆمەتبارکرد بە بەڕێوەبردنی چەندین "زیندانی نهێنی" و سەرکوتکردنی خێڵە عەرەبەکانی جێنشینی خۆرئاوای شەنگال و ئەو ژمارە کەمەی ئێزیدییەکانیش کە گەڕاونەتەوە قەزاکە.

رۆژنامەوان و شیکاروانی سیاسی، زیاد شەنگالی بە دیارونای وت شەنگال گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە بۆ ئێران و بریکارەکانی بەهۆی پێگە جوگرافیەکەیەوە.

وتی قەزاکە هاوسنووری سوریایە لە خۆرئاواوە و بەوجۆرەش بە دەرچەی گواستنەوەی چەکدار و چەك دادەنرێت لەگەڵ چالاکیەکانی قاچاخچێتی کە پارەی بۆ بەدەستدێنن.

دۆخی قەزای شەنگال 'ناهەموارە'

شەنگالی وتی میلیشیاکان کە رێکەوتنەکەی شەنگالیان رەتکردەوە هێشتا هەوڵی رێگرتن دەدەن لە هەر جۆرێک ئاساییبوونەوە.

وتی لە ئەنجامدا، دۆخی قەزاکە بەردەوام ناهەموارە و ئاماژەیکرد بەوەی زۆر ناوچەی رزگارکراو لەدەست داعش لەلایەن میلیشیاکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و کراون بە بنکەی سەربازی -- هەروەك لە جورف سەخر، لە باشوری بەغدا.

ئاماژەیکرد بەوەی دانیشتوانی شەنگال، کە کوشتاریان لێکرا، زیندانیکران، بەکۆیلەکران یان لەلایەن داعشەوە ئاوارەکران، لەئێستادا تووشی دەسەڵاتی میلیشیاکان بوون بەسەر ناوچەکانیانەوە، کە رێگرە لە گەڕانەوەیان بەهۆی ترسی ئەوەی بە ئامانج دەکرێن.

سەرۆکی رێکخراوی ئێزیدی بۆ بە بەڵگەکردن، حوسام عەبدوڵا وتی: "رێکەوتنەکەی شەنگال هیوای کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی ئیزیدییەکانی زیندووکردەوە، کە زۆربەیان لەئێستادا لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا دەژین لە هەرێمی کوردستان."

بە دیارونای وت بەگشتی بە 300,000 کەس دەخەمڵێنرێن.

وتیشی: "هێزی جۆراوجۆر کە ئێستا لە قەزای شەنگال جێگیرن، سەرەڕای هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش، بەشێکن لەو ئاستەنگە سەرەکیانەی لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکە ئاوارەکەدان."

جەختیکردەوە لەوەی گەر بەبێ ئاستەنگ جێبەجێبکرێت، رێکەوتنەکە هاندەری خەڵك دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئاوارەیی و یارمەتی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەدات لەو قەزا کارگێڕییە.

پێشنیازی ئەوەشی کرد خشتەیەکی کات دیاریبکرێت بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەو ماددانەی لە رێکەوتنەکەدا چەسپێنراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500