هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

پسپۆڕان نیگەرانی دەردەبڕن له‌ بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوشتن لەنێو ژنانی ئێزیدیدا

خالید تائی

دوو کچی ئێزیدی لە کەمپێکی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆك لە 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

دوو کچی ئێزیدی لە کەمپێکی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆك لە 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

به‌رزبوونه‌وه‌ی ئەمدواییەی ژماره‌ی خۆکوشتن لەنێو رزگاربووانی تاوانه‌كانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا عێراقیەکانی نیگەران کردووە دەربارەی ئەوەی ئاخۆ چاودێری پێویست و دەرفەتی راهێنانیان پێدەدرێت یان نا.

ئەو پسپۆڕانەی لەگەڵ دیارونا قسەیانکرد پێشنیازی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دەوروونییان کرد بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزیدی کە رزگاریان بووه‌ لە ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌ تووندوتیژانه‌كه‌ی شارەکەیان لە 2014 و ئه‌و داگیرکاریه‌ی به‌دوایدا هات.

ئەندامێكی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، فازل غەڕاوی لە ئەیلولدا وتی لە ماوەی مانگێکدا سێ ژنی ئاوارەی ئێزیدی خۆیان کوشتووە لە کەمپەکانی دهۆك و چیای شەنگال.

وتی ئەو سێ کەیسە تۆمارکراوە ئەو کەسانە بوون کە رووبه‌ڕووی تووندوتیژی و کۆیلایەتی لەسەردەستی داعش بووبوونه‌وه‌. سەرەڕای ئەوەش، مەرگی زۆرێك لە ئەندامانی خێزانەکانیان لەسەردەستی داعش و مانەوەی دورودرێژیان لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا مەینەتیانی هێندەی دیکە زیادکردبوو.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق جەبرۆ کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانێکی ئێزیدی دەکات لە شەنگال، لە تەمموزی 2020. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق جەبرۆ کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانێکی ئێزیدی دەکات لە شەنگال، لە تەمموزی 2020. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

هەڵکشان لە کەیسەکانی خۆکوشتندا

بەرپرسێك لە رێکخراوی ئێزیدی بۆ بەڵگەنامەکردن، حوسام عەبدوڵا بە دیارونای وت خۆکوشتن لەنێو ئێزیدییەکاندا "ئاماژەیەکی مەترسیدارە".

وتی زیادبوونی ریشەیی ئەمدواییە لە ژمارەی کەیسەکانی خۆکوشتنی ئێزیدییەکاندا جێی هۆشدارییە و ئاماژەیکرد بەوەی تەنیا لە دوو مانگی رابردوودا، حەوت حاڵه‌تی خۆکوژی لەنێو ژناندا بە تەمەنی جیاوازەوە روویانداوە.

وتی سه‌رباری ئاستی ئەو خزمەتگوزاریەی دابینیدەکەن، کەمپەکان زۆر لە ژیانی ئاساییەوە دوورن. دانیشتوانی کەمپه‌كان پەراوێزخراون و لەژێر فشاری داراییدان بەهۆی بێکارییەوە، کە یارمەتییان نادات زاڵبن بەسەر گرێی لاقەکردن یان رفاندنیاندا لەلایەن داعشەوە، بەتایبەتی لەنێو کچانی لاودا.

عەبدوڵا وتی پێویستی به‌ گەشەپێدانی پلانێکی چڕوپڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە زۆر گرنگە و حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەبێت بەدوایدا بچن.

وتیشی پێویستی هەرە بەرچاوی ئێزیدیە ئاوارەکان دەرفەتی کار، باشترکردنی دۆخی ژیان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتیەکانە.

داوای لە حکومەت کرد باربووی زیاتر دابینبکات بۆ ئێزیدییەکان و وتی تەنیا ژمارەیەکی کەمیان تائێستا سوودیان لەو باربووانە بینیووە.

لەنێو هەزاران ژنی ئێزیدیدا كه‌ ئەشکەنجەدراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوه‌، تەنیا 375 كه‌س باربووی دوو ملیۆن دیناری عێراقی (1,680 دۆلار)یان وەرگرتووە.

وتیشی قوربانیەکان پێویستیان بە چاودێریی هەمیشەیی هەیە كه‌ سنووردار نه‌بێت به‌ پشتیوانی داراییه‌وه‌، بەڵکو درێژببێتەوە بۆ چاودێری تەندروستی دەروونیش.

'پێویستییه‌كی زۆر' به‌ تاووتوێکردنی گرێی دەروونی

بەڕێوبەری گشتی کاروباری ئێزیدیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەیری بوزانی بە دیارونای وت پێویستییه‌كی زۆر هەیە به‌ تاووتوێکردنی ئەو گرێ دەروونیانەی ئێزیدییە ئاوارەکان ئەزمونیان کردووە.

وتیشی پشتیوانیكردنی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان فاکتەرێکی سەرەکییە لە بەرگرتن بەم قەیرانە.

وتی بەڵام گەڕانەوەکە دەبێت هاوکات بێت بە دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ گەڕانەوەیان و پشتیوانی دارایی گەڕاوەکان بکرێت تا کار دەدۆزنەوە.

زیاد لە 20,000 خێزانی ئێزیدی گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال لە سێ ساڵی رابردوودا، بەڵام زۆرێك هێشتا ئاوارەن. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، نزیكه‌ی 300,000 ئێزیدی هێشتا لە کەمپەکاندان، کە زۆرێکیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقن.

بوزانی داوای دابینکردنی موچەی مانگانەی کرد، نەك تەنیا باربوو، بۆ هەموو ئەو ژنە ئێزیدیانەی لەلایەن ئەندامانی داعشەوە زیانیان لێدراوە.

وتی پێویستیشیان بە بەرنامەی ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ژیانیان هەیە تا یارمەتییان بدات زاڵبن بەسەر کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانی ئەو زیانەدا له‌ پێیانگەیشتووە. وتی ئەمە یارمەتی رێگرتن دەدات لەوەی بکەونە نێو بازنەی نائومێدی و بێهیواییەوە.

بەڕێوبەری جود، کە رێکخراوێکی مرۆییه‌ له‌ موسڵ بۆ گەشەپێدان و بنیاتنانەوە، لەیلا بەرزنجی وتی کاری لەگەڵ ژنانی په‌ككه‌وته‌ و رزگاربووانی تیرۆریزم کردووە کە كێشه‌ و گرێی دەروونیی سه‌ختیان بۆ دروستبووە.

بە دیارونای وت: "پابەندبووین بە پشتیوانیکردنیان به‌خشینی هیوا پێیان. یەکەم هەنگاو دابینکردنی راهێنان بوو تا بگه‌ن به‌ دۆزینه‌وه‌ی كار لە بواری درومان و پیشە دەستیەکاندا."

وتی کار هەستی متمانە و سووربوونی دا بەم ژنانە تا ژیانیان باشتربکەن و داهاتوویەکی روونتریان هەبێت.

بەرزنجی جەختیکردەوە لەوەی دابینکردنی راهێنانی پیشەیی و دەرفەتەکانی کار دەبێت بەشێکی سەرەکی بێت له‌ هەر بەرنامەیەکی حکومی کە مەبەستی یارمەتیدانی گروپە پەراوێزخراوەکان بێت، لەنێویاندا ئێزیدیەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500