هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داواکاری بۆ دۆزینەوەی ئەو ئێزیدیانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون

خالید تائی

ئەندامانی تیمێکی هەڵدانەوەی حکومەت کار لە شوێنی گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەکەن لە گوندی کۆجۆ، قەزای شەنگال، له‌ 23 نیسان 2019. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی شەهیدانی عێراق]

ئەندامانی تیمێکی هەڵدانەوەی حکومەت کار لە شوێنی گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەکەن لە گوندی کۆجۆ، قەزای شەنگال، له‌ 23 نیسان 2019. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی شەهیدانی عێراق]

لە شەشەمین ساڵڕۆژی داگیرکردنی شەنگالدا لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە، بەرپرسێکی عێراق جارێکی دیکە داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو هەزاران ئێزیدییە دەکات کە لەلایەن گروپەکەوە رفێنراون و هێشتا بزرن.

لە هێرشەکەیاندا بۆسەر شەنگال لە پارێزگای نەینەوا لە 2014، چەکدارانی داعش هەزاران پیاو و ژن و منداڵی ئێزیدییان کوشت و رفاند، کە زۆربەیان هێشتا چارەنوسیان نادیارە.

بەڕێوبەری گشتی كاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خەیری بوزانی، دووشەممە (3 ئاب) بە دیارونای وت هەڵمەتەکەی داعش لەدژی ئێزیدییەکان "کارەساتێکی مرۆیی بوو بە هەموو مانایه‌كی وشه‌كه‌، كه‌ چەندین پیاو خوێنساردانه‌ کوژران".

وتی هەزاران کچ و ژن رفێنران و لەگەڵ منداڵەکانیان بازرگانییان پێوەکرا.

ناسنامەی قوربانییەکی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە کوژراوە لە شوێنی گۆڕێکی بەکۆمەڵی هەڵدراوه‌ لە باکوری عێراق. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی شەهیدانی عێراق]

ناسنامەی قوربانییەکی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە کوژراوە لە شوێنی گۆڕێکی بەکۆمەڵی هەڵدراوه‌ لە باکوری عێراق. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی شەهیدانی عێراق]

بوزانی وتی بەگوێرەی دواهەمین ئەژماری فەرمی، 6,417 ئێزیدی دوای 2014 لەلایەن داعشەوە رفێنران و 3,530 ئازادکراون.

هاوکات 1,308 ژن و 1,579 پیاوی ئێزیدی هێشتا چارەنوسیان نادیارە.

وتی زۆربەی ئەوانەی رفێنراون "رەنگە هێشتا زیندووبن و لە گوندە دوورەدەستە ئازادکراوەکان له‌ده‌ست داعش لە عێراق و سوریا بژین، یان لە کەمپی ئاوارەکاندا، بەتایبەتی کەمپی هۆل لە سوریا".

نوسنگەی بوزانی چەندین جار داوای لە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی سوریا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان كردووه‌ تا پێکەوە کاربکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو ئێزیدیانەی هێشتا چارەنوسیان نادیارە.

وتی: "لە ساڵڕۆژی داگیرکردنی شەنگالدا لەلایەن داعشەوە، داواکانمان نوێدەکەینەوە و بانگێشتی هەموو لایەک دەکەین هەماهەنگبن و تەواوی هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەر بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی ژن و منداڵە ونبووەکانمان و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی بۆ نێو خێزانەکانیان."

بوزانی وتی داعش جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دژی کەمینەی ئیزیدی ئەنجامداوە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە تائێستا 83 گۆڕی بەکۆمەڵ کە لاشەی سەدان قوربانی ئێزیدیان لەنێودا بووە لە شەنگال و شارۆچکەکانی دەوروبەری دۆزراونەتەوە.

وتی: "تەنانەت چاوەڕێده‌كه‌ین گۆڕی بەکۆمەڵی زیاتریش بدۆزرێنه‌وه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500