دوو کچی ئێزیدی كه لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە 2014 رفێندرابوون، رزگارکران لە کەمپێکی سوریا و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، بەرپرسێك دووشەممە (2 تشرینی دووەم) وتی.
بەڕێوبەری گشتی کاروباری ئیزیدیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی خەیری بوزانی بە دیارونای وت نوسینگەی کاروباری ئێزیدیە رفێندراوەکان شوێنی کچەکانی دیاریکرد -- تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 19 ساڵدایە -- كه لە کەمپی هۆلی سوریا دەستبەسەر بوون.
وتی رزگارکران و گەڕێندرانەوە بۆ عێراق دوای "هەڵمەتێکی نهێنی و مەترسیدار".
روونیکردەوە: "کەمپەکە ژنانی تووندڕەوی سەربە داعشی تێدایە و ئاسان نەبوو سنوور ببڕدرێت، بچینە نێو کەمپەکەوە و دوو کچەکە ئازادبکەین لەدەست ئەو ژنە تووندڕەوانە."
کچەکان خەڵکی گوندی کۆجۆ و تەل قەساب بوون لە باشوری شەنگال. لەلایەن داعشەوە رفێندران دوای ئەوەی شەنگالی داگیرکرد لە ئابی 2014.
بوزانی وتی دواتر گوێزرانەوە بۆ سوریا وەك بەشێك لە هەڵمەتی گروپەکە بۆ بازرگانیکردن بەژنانی ئێزیدیەوە.
وتیشی: "وەك ژنان و پیاوانی دیکەی ئێزیدی رفێندراو لەلایەن داعشەوە، ئەزمونی مامەڵەی خراپ و داپڵۆسینیان کردووه لەکاتی ساڵانی دەستبەسەربوونیاندا." ههروهها وتی هەوڵەکان بەردەوامن بۆ "ئازادکردنی هەموو رفێندراوان و بە سەلامەتی گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق".
کچانی ئێزیدی دەستبەسەر لەلایەن ژنانی داعشەوە
بوزانی ئاماژەیکرد بەوەی زۆربەی ئهو 1,302 ژنه ئێزیدیه رفێندراوهی هێشتا چارەنوسیان دیارنییە ئەگەری دەستبەسەریان هەیە لە کەمپی هۆل لەلایەن ژنانی داعشەوە، لەکاتێکدا ئەوانیدی لە بەشەکانی دیکەی سوریان.
لەو 6,417 ئێزیدیهی لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرکران، کۆی 3,542 تائێستا رزگارکراون، بەگوێرەی دوایین ئامارەکان.
بەگوێرەی بوزانی لەنێو رزگاربوواندا 1,203 ژن و 339 پیاو ههن، لەکاتێکدا ئەوانیدی منداڵ بوون: 1,045 کچ و 955 کوڕ.
بوزانی تکای لە حکومەتی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا کرد تا یارمەتی نوسینگەکەیان بدەن لە ئاشكراكردنی چارەنوسی ئێزیدیە ونبووەکان.
وتی: "لە چەندین بۆنەدا داوامانکردووە و ئێستاش داواکەمان دووبارە دەکەینەوە، تا کاربکرێت و هاریکاریی بەرفراوان هەبێت بۆ گەڕان بهدوای پیاوان و ژنانماندا، رزگارکردنیان و کۆتاییهێنان بە چەندین ساڵ مەینەتییان."