کرملن فێڵێکی کۆن بەکاردەهێنێت -- جێگیرکردنی بەکرێگیراوان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی مۆسکۆ بە هەبوونی توانای نکۆڵی لێکردنیەوە -- لە مەیدانێکی نوێ: لیبیا.
گروپی واگنەر -- ئەو بەکرێگیراوانەی کارنامەی سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتین جێبەجێدەکەن -- لە چەندین بەرەی شەڕی دیکەدا دەرکەوتووە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ئۆکرانیاوە بۆ سوریا، فەنزوێلا، سودان، کۆماری ئەفریقای ناوەند و مەدەغەشقەر، لەگەڵ چەند وڵاتیكی دیکە.
چاودێران دەڵێن بەڵام لەکاتێکدا کرملن ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی لەجیهاندا بەرفراوان دەکات، دوایین بەرەی بۆ دەستێوەردان و پاوانکردن دەبێت هۆشدارییەك بێت بۆ وڵاتانی خاوەن سەروەری.
بەکرێگیراوان -- کە ژمارەیان لەنێوان 800 بۆ 1,200 ئهندامدایه بەگوێرەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان -- پشتیوانی هەوڵەکانی فەرماندەی بەهێزی لیبیا خەلیفە حەفتەر دەکەن بۆ دەستگرتن بەسەر وڵاتەکەدا کە لەدەستی حکومەتی یەکێتی نیشتمانیدایە و لەڕووی نێودەوڵەتیەوە ددانی پێدا نراوە.
مۆسکۆ بهدهستی سوورهوه گیراوە
سوودی بەکارهێنانی بەناو سوپایەکی کەرتی تایبەت وەك گروپی واگنەر ئەوەیە کە مۆسکۆ دەتوانێت بەرژەوەندیەکانی بپارێزێت لەکاتێکدا دهستی كرملن بە پاكی بهێڵێتهوه.
چاودێران دەڵێن واقیعەکە ئەوەیە کە پشتیوانیکردنی کرملن بۆ بەکرێگراوەکان ئاشکرایە.
سوپای ئەمریکا لە 26 ئایار رایگەیاند كه بۆنمونە، بەمدواییانە مۆسکۆ فڕۆکەیەکی جەنگی نارد بۆ لیبیا بۆ پشتیوانیكردنی حەفتەر و بەکرێگیراوانی واگنەر كه بۆ ئەو شەڕدەکەن. سوپای ئهمریكا چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکە.
فەرماندەی ئەمریکا بۆ ئەفریقا (ئەفریکۆم)، ژەنەراڵ ستیفن تاونسێند وتی: "روسیا بەئاشکرا هەوڵی لارکردنەوەی هاوسەنگی دەدات لە لیبیا لە بەرژەوەندی خۆی. هەروەك بینیم لە سوریاش چییان كرد، ئاواش پێگەی سەربازییان لە ئەفریقا فراواندەکەن بە بەکارهێنانی گروپه بەکرێگیراوهكانی پشتیوانیکراو لەلایەن حکومەتەوە، وەك واگنەر."
وتی: "ماوەیەکی درێژە، روسیا نکۆڵی لە تێوەگلانی تەواوی کردووە له ناكۆكیهكانی لیبیادا. بهڵام، لەئێستادا نکۆڵی لێ ناکرێت. بینیمان روسیا فڕۆکەی جەنگی نەوەی چوارەمی لە لیبیا بەکارهێنا -- لە تەواوی هەنگاوەکانیدا."
ئهلعەرەبی ئهلجەدید لە 23 نیسان لە راپۆرتێکدا وتهی وەزیری ناوخۆی حکومەتی لیبیا فەتحی باشاغی وهرگرت كه وتی گروپی واگنەر تۆمەتباریشکراوە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە تەرابلسی پایتەختی لیبیا.
چاودێران ئاماژەیانکرد بەوەی هێرشە کیمیاییەکە "بهشێوازی روسیا" بوو، نمونەی دەبینرێت لە سوریاش، کە لەوێ مۆسکۆ پشتیگریدهكات له سەرۆك بەشار ئەسەد.
ژەنەراڵێكی پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا و جێگری بەڕێوبەری هەواڵگری لە ئەفریکۆم، گریگۆری هادفیڵد، لە 29 ئایار وتی: "روسیا هەمان فێڵ بەکاردەهێنێت کە بەسەرکەوتوانە لە کرایمیای ئۆکرانیا بەکاریهێنا، تاڕادەیەکی کەمتریش لە سوریا. روسیا سەلماندوێتی كه ئامادەیە پێشێلی سەروەریی نەتەوەکان بکات و وادیارە ئامادەیە هەمان شت لە ئەفریقاش دووبارە بکاتەوە."
دوای پاره بکەوە
"سوپای سێبەر"ی مۆسکۆ رۆڵی خۆی لە دوو بەرەدا دەردەخات، هەڵمەتێکی دامەزراندنی بەرفراوانی دەستپێکردووە بۆ راکێشانی لاوانی بێچارەی سوریا بۆ شەڕکردن وەك بەکرێگیراو لە لیبیا.
لە ژمارەیەك تۆماری دەنگی و نوسراودا، بەرپرسێکی حزبی لاوانی نیشتمانیی سوریا داوا لە لاوان دەکات خۆیان تۆماربکەن تا وەك بەکرێگیراو خزمەتبکەن لەژێر سەرپەرشتی گروپی واگنەردا.
لە لیبیا موچەیەکی مانگانە دەدات کە "1,000 دۆلارە بۆ ئەوانەی خۆبەخشی دەکەن بۆ پاسەوانیكردنی دەزگاکان و 1,500 دۆلار بۆ ئەوانەی خۆبەخشی دەکەن بۆ شەڕی گروپەکان؛ سەرەڕای قەرەبوویەکی زیادەش بۆ خێزانەکانیان گەر بکوژرێن یان لەکاتی شەڕدا ونببن".
رۆژنامهی شەرق ئەوسەت لە شوباتدا رایگهیاند كه سوپای روسیا لاوان رادەکێشێت لە دوماوە -- كه لهوێ سوپای سوریا و هاوپەیمانە روسییەکانی تۆمەتبارکران بە هێرشێکی چەکی کیمیایی لە نیسانی 2018 -- به ههڵخهڵهتاندنیان به بەبڕێکی زۆر پارە.
هێزی ئاسمانی روسیا ئەندامانی گروپی واگنەریان گواستۆتەوە و ئامرازی سەربازییان لەبەردەستە لە بنکەی خمهیمیم لە سوریاوە بۆ بهنغازی له لیبیا.
هاوکات، کرملن قاسەكانی بانکێکی ناوەندی تەریب پڕدەکاتەوە، بۆ پشتیوانیكردنی سوپای نیشتمانی لیبیا كه هی حەفتەره.
شیکاروانانی نەتەوە یەکگرتوەکان وتیان كۆمپانیای گۆزناك كه هی دەوڵەتی روسیایه، بڕێك پارەی ساختەی لیبی به نزیکەی 7.11 ملیار دۆلار ناردۆته بانکی ناوەندی تەریبی سەر بە حەفتەر لەنێوان 2016 و 2018.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی 29 ئایاردا رایگەیاند: "رووداوەکە جارێکی دیکە تیشك دەخاتە سەر پێویستی دەستبەرداربوونی روسیا لە کارە خراپ و ناسەقامگیرکەرەکانی لە لیبیا."
نۆرەی کێیە؟
چاودێران دەڵێن ئەوە ئاشکرایە کە پوتین و دەستکەلاکانی ئۆپەراسیۆنەکانی گروپی واگنەر فراواندەکەن لە تەواوی جیهاندا، بەڵام شەڕەکانی سوریا و لیبیا بەتایبەتی گرنگن بۆ مۆسکۆ لەبەر ژمارهیهك هۆکار.
واگنەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامدەدات لە چەند وڵاتێك کە کرملن بەرژەوەندی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی لێیان هەیە.
شیکاروانی سیاسی لە ئاڵماتی کە پێشتر لە پەیمانگای توێژینەوە ستراتیژیەکانی کازاخستان بوو، تالگات ئیسماگامبێتۆڤ وتی سوریا شوێنێکی ستراتیژیی بەتایبەت گرنگە بۆ روسیا چونکە شوێنی دەستڕاگەیشتنە بە تەواوی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەبێتە دەروازەیەك بۆ تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
وتی دوای ئەوەی رژێمی روسیا پشتیوانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستدا لە ئەنجامی داگیرکاریی سوریاوە، کرملن سەرنجی خستۆتە سەر لیبیا، کە ئەگەری قازانجی جیۆپۆلیتیکی و ئابوری مەزنی هەیە.
ئیسماگامبێتۆڤ وتی روسیا دەیەوێت پشکی هەبێت لە کەرتی نەوتی لیبیادا، كه سەرەڕای قازانجە زەبەلاحەکەی، ئیمتیازێکی جیۆپۆلیتیکیشی هەیە.
وتی: "بە کۆنترۆڵکردنی لیبیا، پوتین دەتوانێت کاریگەری لەسەر دۆخی ئەوروپا دابنێت -- دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی ئیتالیا یاخود رێکخستنەوەی پێگەی ئەڵمانیا هەبێت -- بەمانایەکی دیکە، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر دۆخی ئەو وڵاتانە هەبێت کە نەوتی لیبیا بەکاردەهێنن."
وتیشی: "لیبیا شوێنێکی ئاسانیشە چونکە کەوتۆتە ناوەندی كهنارهكانی دەریای ناوەڕاست، کە سوپای دەریایی روسیای لێ جێگیرکراوە."
فەرماندەی هێزە ئاسمانیەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئەفریقا، ژەنەراڵ جێف هاریگیان وتی: "گەر روسیا دەستبگرێت بەسەر کەناری لیبیادا، هەنگاوی لۆژیکیی داهاتوویان جێگیرکردنی توانای ههمیشهیی رێگری ناوچهیی دوورمەودا دهبێت بۆ رێگریكردن له دهستگهیشتن به ناوچهكه."
"گەر ئەو رۆژە بێت، ئەوە نیگەرانی زۆری ئەمنی دروستدەکات بۆ كهنارهكهی باشوری ئەوروپا."
ئەگەرەکان لە ئاسیای ناوەند
گروپی واگنەر یەکەمجار لە 2014 لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا دەرکەوت، کە لەوێ کارمەندانی پێشووی سوپای روسیا -- ناسراو بە "خۆبەخشەکان" لەلایەن مۆسکۆوە -- پەیوەندییان بە ریزەکانی هێزە جوداییخوازەکانی سەر بە روسیاوە کرد و دواتر پێشەنگی لکاندنی نایاسایی کرایمیا بوون.
سەرەتا، گروپەکە ریزەکانی بە سەربازانی دهركراوی پێشوو، جهرده و تاوانبارانی پێشوو پڕدەکردەوە، كه بهدووی پارە و سەرکێشییهوه بوون، بەڵام لە ساڵانی دواتردا تاکتیکەکانی گروپی واگنهر گۆڕاون.
دوای ئۆپەراسیۆنەکانی کرملن لە ئۆکرانیا و سوریا و لیبیا، لە چەند شوێنێکی دیکەی شەڕیش، ئەگەری ئەوەی بەکرێگیراوانی روسیا لە ئاسیای ناوەند دەربکەون هۆشداریی بەرزکردۆتەوە.
رائید داورێن ئۆسپانۆڤ، کە ئەفسەرێکی خانەنشینی کازاخیە لە ئاڵماتی، وتی: "گەر وڵاتێك کە روسیا بەرژەوەندی لێی هەیە و بە هاوبەشی دادەنێت شتێك بکات کە دژی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکیەکانی مۆسکۆ بێت، ئەوە دواتر 'میوانی ناوەخت' دەکرێت لەوێ دەربکەوێت."
چاودێران دەڵێن ئاسیای ناوەند، کە بەرژەوەندیی دوورمەودای ستراتیژیی بۆ روسیا هەیە، لەئێستادا رووبەڕووی قۆناغی شاراوەی جەنگێکی ئاوێته دهبێتهوه کە لهلایهن مۆسکۆوه بهرپاكراوه.
بەڕێوبەری ناوەندی کازاخستان بۆ زانسته سیاسییه تهتبیقییهكان و توێژینەوە نێودەوڵەتیەکان، ئایدار ئامرێبایڤ لە ئاڵماتی وتی ئەم هەوڵانە دەکرێت لە کیرگیزستان ببینرێن، کە لهوێ لەکاتی شۆڕشەکانی 2005 و 2010، کرملن هەوڵیدا کاریگەریی لەسەر پرۆسەکانی سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی دابنێت.
وتی: "کازاخستان لەئێستادا... ئەزمونی ئەو قۆناغە شاراوەیە دەکات کە ئۆکرانیا پێیدا تێپەڕبوو پێش 2014، کاتێك روسیا هەوڵیدەدا نفوزی خۆی لە چەندین پرۆسەدا بەسەر ئۆکرانیادا بسەپێنێت.
ئۆسپانۆڤ، كه ئەفسەرێكی خانەنشینی سوپای کازاخه، ئەگەری ئەوەی لانەدا کە بەکرێگیراوانی واگنەر دەکرێت لە وڵاتێکی ئاسیای ناوهند دەربکەون.
وتی: "سیناریۆیەكی لهو جۆره ئەگەری هەیە گەر، بڵێین، وڵاتێك لە ناوچەکە سیاسەتی خۆی بەشێوەیەکی ریشەیی بگۆڕێت بۆ... هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا و دەستکردن بە نەهێشتنی نفوزی مۆسکۆ، وەك لە ئۆکرانیا روویدا."
[کەنات ئالتینبایێڤ بەشداریی لەم راپۆرتەدا کردووە]