مامەڵەی دوژمنکارانەی میلیشیاکانی سەربە ئێران دژی خۆپیشاندەرانی عێراق رووبەڕووی تووڕەیی جەماوەر دەبێتەوە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشور.
ئەو خۆپیشاندەرانەی بۆ دیارونا دوان، وتیان "بەکرێگیراوان"ی ئێران لە عێراق تووندوتیژیی لەڕادەبەدەر بەکاردەهێنن بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان چونکە وەك "هەڕەشەیەك بۆ بوون"ی رژێمی ئێران و میلیشیاکانی ههواداری دەبینن.
حەسەن، خۆپیشاندەرێکی پارێزگای کەربەلا کە نەیویست ناوی تەواوی بدات، وتی: "خۆپیشاندانەکانمان ئاشتیانەیە و رێزی یاسا دەگرین."
بە دیارونای وت: "هێزە ئەمنیەکان دەمانپارێزن و هاریکاریمان لەنێواندا هەیە."
وتی بەڵام "پیاوانی میلیشیاكان داپڵۆسێنهرن. ئێمە دەکوژن و سەرکوتمان دەکەن و نایاساییانە دەستبەسەرمان دەکەن چونکە دەزانن دژی باڵادهستیی ئەوان خۆپیشاندان دەکەین".
"نامانەوێت چیتر ئەوانه کۆنترۆڵی چارەنوسمان بکەن."
هەڕەشە بۆ بوونی پاسداران
سەلام، خۆپیشاندەرێکی دیکەی شاری دیوانیە لە پارێزگای قادسیە، وتی "بەکرێگیراوان"ی ئێران خۆپیشاندانەکان بە هەڕەشە بۆ بوونی خودی خۆیان و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) دەبینن لە عێراق.
وتی: "هەربۆیەش بە تووندوتیژیی و دڕندەیی رووبەڕوومان دەبنەوە و ههوڵدهدهن بمانترسێنن و رێگربن لەوەی بەردەوامبین له خۆپیشاندان دژیان."
سەلام وتی خۆپیشاندانەکان رەنگدانەوەی تووڕەیی عێراقن دژی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
وتیشی: "ئەم گروپانە سەرچاوەکانی ئێمەیان بردووە و لەلایەن رژێمی ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن تا وڵاتەکەمان رابکێشنە نێو قەیران و کێشە هەرێمییەکانەوە."
وتی عێراق وڵاتێکی خاوهن سەروەرییە و خۆپیشاندەران هەر دەستێوەردانێکی بیانی رەتدەکەنەوە کە "بڕیار لەسەر داهاتوویان بدات، چونکە تەنیا خۆیان ئەو مافەیان هەیە".
شیکاروانی سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، تەها لەهیبی، وتی خۆپیشاندانەکان کاردانەوەیەكن بۆ خراپبوونی دۆخی ئابوری، گەندەڵیی بەربڵاو، خراپیی خزمەتگوزاری گشتی و نەبوونی چارەسەری رادیکاڵ بۆ بێکاری.
وتی: "ئەو میلیشیانەی دڵسۆزییان بۆ ئێران هەیە راستەوخۆ بەرپرسن لە دروستکردنی ئەم قەیرانانە و تێکشکاندنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنیان چونکە دەیانەوێت وڵاتەکە رابکێشنە نێو دۆخێکی بەردەوامی نائارامییهوه و رێگربن لەوەی سوود لە سەرچاوەکانی ببینێت."
بە دیارونای وت ئەمە لە "خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئێراندا" دەکرێت.
وتیشی ئەم میلیشیانە "سوودیان بۆ عێراق نەبووە چونکە تەنیا کاریان بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان کردووە لەسەر حسابی خەڵکی عێراق و ئابوریەکەی".
هەوڵیانداوە وڵاتەکە بکەنە "مەیدانێك بۆ نفوزی ئێران کە خزمەت بە کارنامەی دروستکردنی دۆخێکی ناسەقامگیر دەکات لە عێراق و ناوچەکە".
داوای یەکگرتوو بۆ گۆڕان
لەهیبی وتی هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە. وتی: "لاوان و ژنان و تەنانەت منداڵانیش دروشمی نیشتمانپهروهرانەیان بەرزکردۆتەوە کە داوای وڵاتێکی سەقامگیر دەکەن کە سەربەخۆ بێت لە ئێران و دەسەڵاتی میلیشیاکانی خۆی."
وتی: "ئەوەی جێی دەستخۆشیە، هاریکارییە لەنێوان خۆپیشاندەران خۆیاندا و لەنێوان ئەوان و سوپا و پۆلیسدا، کە رەنگدانەوەی پابەندییانە بە یاسا و پشتیوانیانە بۆ رەوایی دەوڵەت."
شیکاروانی سیاسی ئەحمەد شەوقی وتی: "ئەو دەوڵەتە قووڵەی كه ئێران [پاسداران] دەیەوێت دروستیبکات پارچە پارچە دەبێت لە ئەنجامی رەتکردنەوەی جەماوەرییەوە."
بە دیارونای وت خۆپیشاندانەکانی ئێستا -- کە نفوزی هیچ پێکهاتە، ئێتنیك، حیزب یان سیمبولێکیان لەسەر نییە -- تەنیا دڵسۆزن بۆ عێراق و ئهو بۆشاییه گەورەیهیان نیشانداوە كه لەنێوان خەڵكی عێراق و میلیشیاکاندا ههیه.
وتی لەئێستادا تەرکیزی عێراقیەکان لەسەر لەناوبردنی "دەوڵەتی قووڵ" و زیندووکردنەوەی نیشتمانهكهیانە کە رفێنراوە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە.
وتیشی ئهوهی دەیانەوێت بونیادی بنێن "داهاتوویەکی نوێی رۆشنه بۆ وڵاتەکەیان به سەلامەتی و خۆشگوزەرانی، كه هیچ بێ یاساییەك تێیدا رزگاری نابێت".
ههروهها وتی رژێمی ئێران زۆر نامێنێتەوە کاتێك رووبهڕووی ئهو داواکاریه جەماوەرییه دەبێتەوە بۆ ئازادی و ئاشتی.