هەرچەندە بەسرە دەوڵەمەندە بە نەوت، دانیشتوانی ئەو پارێزگایەی باشوری عێراق دەمێکە بەدەست خراپیی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ئابورییهكی لهقهوه دەناڵێنن، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لۆمهی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دهكهن بۆ ئەمە.
لە سهرهتای تشرینی یەکەمەوە، دانیشتوانی بەسرە چوونەتە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندان دژی گەندەڵی و كهمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، وەك بەشێك لە شەپۆلێکی خۆپیشاندان لە سهرتاسهری عێراقدا کە مهرگی زیاد لە 330 کەسی لێكهوتۆتهوه.
میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێران هاتوونەتە ناوەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، بەجۆرێك بەسرە شایەتی خراپترین تووندوتیژییە کە رووبەڕووی ئەو خۆپیشاندەرانە دهبێتهوه کە تووڕەن لە نفوزی ئێران لە عێراقدا و هەوڵەکانی بۆ بەلاڕێدابردنی سەرچاوەکانی.
ئەو خەڵکەی بەسرە کە قسەیان بۆ دیارونا کرد پێیانوایە نەوتی پارێزگاکە تاڵاندەکرێت لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە، بەجۆرێك بەرهەمەکەی دەڕوات بۆ پشتیوانی دارایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران).
وتیان كه بەشێوەیەکی بەرفراوان لۆمهی ئەو میلیشیانە دەکەن بۆ خراپیی دۆخی ژیان و ناجێگیریی خزمەتگوزارییه گشتییهكان لە پارێزگاکەدا.
خۆپیشاندەرێکی بەسرە بەناوی غەسان میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبارکرد بە چەوساندنەوە، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و سەرکوتکردنی ئازادییەکان و وتی ئهوانه "تەنیا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن و دەیانەوێت بێدەنگمان بکەن".
وتیشی خۆپیشاندەران داوای کۆتاییهێنان بە بوونی ئەو میلیشیانە دەکەن "کە نەوتی بەسرە دەدزن و دەیدەن بە ئێران لەکاتێکدا خەڵکی ناوچەکە هیچ سوودێك نابینن لە سەرچاوەکانی خۆیان".
غەسان وتی: "بەهۆی ئەم دزییەوە، هیچ گەشەکردنێك لە دۆخی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ئابورییماندا رووینەداوە."
وتیشی: "لەجیاتی ئەوە، بێکاریی بەربڵاومان هەیە، لەکاتێکدا میلیشیاکان ساماندارتر دەبن، نفوزیان زیاد دەکات و گەندەڵی تەشەنەی سەندووە."
میلیشیاکان تێوەگلاون لە قاچاخچێتیەوە
شیکاروانێكی سیاسی، غانم عابد بە دیارونای وت بەسرە بە واقیعی بۆتە "بوخچەی رزق و رۆزی" بۆ ئێران و بهكرێگیراوهكانی، لەکاتێکدا زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگاکە "لە هەژارییەکی کولەمەرگی"دا دەژین، تەنانەت ئاوی پاکیشیان نییە بۆ خواردنەوە.
وتی میلیشیاکان "زیاد لە 400,000 بەرمیل نەوتی بەسرە لە رۆژێکدا دەبەن لەڕێی کەنارە دەریاییەکانەوە" و بانگهشهی ئهوهی كرد كه زۆربەی بەرهەمەکەی دەچێت بۆ پاسداران و میلیشیاکانی سەر بەوان لە ناوچەکە.
وتیشی میلیشیاکانی هاوسۆزی ئێران بەشێك لە گومرگی سهر هاوردە بۆ خۆیان دەبەن کە سەپێنراوە بەسەرئهو شمەکهدا كه دێته نێو وڵاتهكهوه لەڕێگەی دەروازە سنورییە نافەرمییەکانەوە لەگەڵ ئێران و ئاماژەیکرد بەوەی بەسرە بۆتە بازاڕێك بۆ ماددەی هۆشبەری ئێرانی.
عابد وتی لە ئەنجامی ئەم کارانەدا، "ئەوە شتێکی لۆژیکییە کە توڕەیی جەماوەری بەتەواوی لای خەڵکی بەسرە دەتەقێتەوە" و ئەم توڕەییەش ئاراستەی ئەو میلیشیانە و رژێمی ئێرانی دەکرێت.
لە ئەیلولی 2018 بەسرە شایەتی شەپۆلێکی خۆپیشاندان بوو کە تێیدا دانیشتوان میلیشیاکان و نفوزی ئێرانیان لە پارێزگاکە رەتکردەوە.
عابد وتی: "میلیشیاکان بەهەمان شێوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندانەکان کردووە،" بە ئەنجامدانی هەڵمەتی تووندوتیژانه بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بە گوێرەی فەرمانی پاسداران.
سامانی عێراق 'تاڵان' دەکرێت
بەڕێوبەری کۆلێژی میدیای زانکۆی فارابی، کازم موقدادی وتی توڕەیی جەماوەری کەڵەکەبووە بەهۆی گەندەڵی و نەبوونی چارەسەری مانادارهوه بۆ کێشەکان کە تووشی خەڵکی بەسرە و عێراق بوون.
بە دیارونای وت خۆپیشاندانەکان رەنگدانەوەی ئەم نیگەرانیانەن، کە پەیوەستن بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و دەگمەنیی کار و لاوازیی جێبەجێکردنی یاساوه.
وتی خەڵك پێیانوایە سەرچاوەکانیان "لەبەرچاویاندا تاڵاندەکرێت و گیرفانی خەڵکی گەندەڵ و لایەنە چەکدارەکانی پێ پڕدەکرێت".
موقدادی ئاماژەیکرد بەوەی سووربوونی خۆپیشاندەران لەسەر ئەوەی داواکانیان -- دۆخی ژیانی شیاو و کۆتاییهێنان بە بەفیڕۆدانی سەرچاوە نیشتمانیەکان -- جێبەجێبکرێن، لەکاتێکدا رەخنە دەگرن لەو هەنگاوانەی نراون بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران.
وتی: "لە بەرژەوەندی لایەنە خاوەن نفوزەکانی پەیوەست بە ئێران نییە کە ئەم خۆپیشاندانانە ببنە هۆی کۆتاییهێنان بە نفوزی ئێران، هەربۆیەش بەرەو سەرکوتکردنیان دەڕۆن."
ئەمە لە بەسرە روویداوە و لە پارێزگای کەربەلاش، کاتێك خێمەی خۆپیشاندەران سوتێنران لە 8 تشرینی یەکەم.
موقدادی جەختیکردەوە لەوەی ئەو دەنگانەی داوای چاکسازی دەکەن دەبێت گوێیان لێبگیرێت و داوا رەواکانیان جێبهجێبكرێت.
خودا راستی سهربخات!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت