بەهۆی کەڵەکەبوونی ناڕەزایی جەماوەری و زیادبوونی ناکۆکی ناوخۆییەوە، میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێران ژمارەی نوسینگەکانیان لە پارێزگاکانی ناوەند و باشوری وڵاتەکە کەمکردۆتەوە، پسپۆڕان وتیان.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، نوسینگەکانی عەسائیب ئەهل حەق، رێکخراوی بەدر، کەتائیب حیزبوڵا و حەرەکهت نوجەبا داخراون و تابلۆکانیان لابراون، بە فەرمانی سەرکردە باڵاکانی میلیشیاکان و ئێران.
رایانگەیاند كه ئەم میلیشیانە بنکەکانیان لە خانووهكان و باڵەخانەکانی نێو گەڕەکە قەرەباڵغەکان دەگوازنەوە بۆ چەند شوێنێکی دیکە.
پسپۆڕی سەربازی و ستراتیژی، حاتەم فەلاحی بە دیارونای وت ئەم هەنگاوە لە وەڵامی "پێشنیازهكانی" فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا هات، ئیسماعیل قائانی.
وتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ناوەند و باشوری عێراق لەم چەند مانگەی دواییدا، کە خۆپیشاندانیشیان تێدابوو دژی میلیشیاکانی سەربە ئێران، "دەریانخستووە کە لەلایەن شەقامی عێراقییەوە پشتیوانی ناکرێن وەك پێشتر بانگەشەیان بۆ دەکرد".
زۆر عێراقی میلیشیاکانیان تۆمەتبارکردووە بە داکشانی ئابوری و قەیران ئاسایشی وڵات و ئاماژەیانکردووە بەوەی خزمەتدهكهن بە بەرژەوەندیەکانی ئێران و پلانەكانی بۆ سهپاندنی هەژمونی خۆی.
ناکۆکی لەنێوان میلیشیاکاندا
فەلاحی وتی: "میلیشیاکان درکیان بەوە کردووە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لە داخستنی بنکە و نوسینگەکانیان لەهەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی تووڕەیی کەڵەکەبوو دژیان."
وتی ئاگادارن لهوهی چیتر ئەو پشتیوانیەیان نەماوە کە هەیانبوو، چونکە عێراقیەکان دژ بەو سەرکردانەی میلیشیان کە "خۆیان دەوڵەمەند کردووە لەڕێی سەرچاوە نیشتمانیەکانەوە و نفوزی خۆیان لە حکومەتدا زیادکردووە".
پسپۆڕی ئەمنی، ماجید قەیسی بە دیارونای وت دەیان بنکە و نوسینگەی میلیشیاکان لەم چەند مانگەی دواییدا سوتێنراون.
وتیشی هەندێکیان لەلایەن خۆپیشاندەرانی تووڕەوە گڕیان تێبەردراوە بەرامبەر ئەو نفوزەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق هەیانە و بەرامبەر سەرکوتکردنی تووندوتیژانهی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان.
وتی: "بەڵام زۆرێکی دیکە لەلایەن میلیشیا رکابەرەکانەوە ئاگریان تێبەردراوە، کە ئاماژەیە بە بوونی دووبەرەکی تووند لەنێو ئەم لایەنە چەکدارانەدا."
قەیسی وتی هەنگاوی کەمکردنەوەی ژمارەی بنکەی میلیشیاکان دەکرێت وەك هەنگاوێکی بەرپێگر ببینرێت بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی و پێکدادان و بۆ هێشتنەوەی پەیکەربەندیی ئەم لایەنانە و رێگرتن لە ئاشکرابوونی ناکۆکیەکانیان.
داوای لە حکومەتی عیراق کرد کۆتایی بەو میلیشیانە بهێنێت کە هەڕەشە لە "سەروەری و شکۆ"ی دەوڵەت دەکەن بە بەهێزکردنی سوپای عێراق و دەزگا ئەمنیەکانی، لەگەڵ شەڕکردن دژی گەندەڵی.
فشار بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان
پسپۆڕی ستراتیژی عێراقی و شیکاروانی سیاسی، عەلا نەشوع بە دیارونای وت تووڕەیی پەنگخواردووی جەماوەری دژ بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و زیادبوونی ناکۆکی نێوانیان وایکردووە سەرکردەکانی میلیشیاکان ئامادەیی جەماوەرییان کەمبکەنەوە.
وتی سەرەڕای ئەوەش، میلیشیاکان لەئێستادا نیگەرانن دەربارەی رۆڵیان "بەهۆی ئەو دیدگایەی حکومەتی نوێ خستوێتیەڕوو بۆ رێگرتن لە چالاکی چەکداریی نایاسایی" و ئاماژەیکرد بە دەستگیرکردنهكانی ئەمدواییەی ئەندامانی کەتائیب حیزبوڵڵا لە باشوری بەغدا.
نەشوع وتی لهبهر رۆشنایی ئهم ئهمنییهته پتهوكراوهدا، پێدهچێت ئاشکرا بێت کە سەرکردەی میلیشیاکان مەبەستیانە "بكهونهخۆ و تەرکیز بخەنە سەر ئۆپەراسیۆنە نهێنیەکان".
وتی هەروەها هەوڵدەدەن "پێگەکانی خۆیان بپارێزن لە بەئامانجکردن لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، لە دۆخێکدا گەر ئەم گروپانە بەردەوامبن لە کردە دوژمنکاری و پێشێلکارییەکانیان دژ بە سەروەریی عێراق".
جەختیکردەوە لەوەی رووبەڕووبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم میلیشیانە کارێکی ئاسان نییە چونکە توانیویانە لە چەند ساڵی رابردوودا نفوز و تۆڕێکی بەرفراوانی بەرژەوەندی ئابوری دروستبکەن.
وتی بەرگرتن بەم نفوزە لەڕێی هەوڵی بەردەوامەوە دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ، "کە ئەگەری جێبهجێكردنی هەیە، بەهۆی پشتیوانی جەماوەرییهوه بۆ حکومەت لە هەوڵیدا بۆ دامەزراندنی فەرمانڕەوایی یاسا و رێگرتن لە خاوهندارێتی نایاسایی چەك".