هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ئێران گروپی نەناسراو دروستده‌كات بۆ پاراستنی بریكاره‌ باڵاکانی لە عێراق

فارس عومران

وێنەیەك لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووه‌وە كه‌ ئەندامێکی میلیشیای عوسبەت سائیرین نیشاندەدات، کە بەرپرسیارێتی بەئامانجگرتنی کەمپی تاجی لە باکوری بەغدا لەخۆگرتووە، بە موشەکی کاتیوشا، لە 11 ئازار.

وێنەیەك لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووه‌وە كه‌ ئەندامێکی میلیشیای عوسبەت سائیرین نیشاندەدات، کە بەرپرسیارێتی بەئامانجگرتنی کەمپی تاجی لە باکوری بەغدا لەخۆگرتووە، بە موشەکی کاتیوشا، لە 11 ئازار.

ئەو لایەنە عێراقییە نوێیەی بەرپرسیارێتی هێرشەکان لەدژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا ‌هەڵدەگرێت تەنیا رووکارە و بەمەبەستی لادانی سەرنجە لەسەر میلیشیا بەهێزەکانی سەربە ئێران کە هێرشەکان ئەنجامدەدەن، پسپۆڕانی عێراق دەڵێن.

عوسبەت سائیرین (کۆمکاری شۆڕشگێڕان) بە له‌ئه‌ستۆگرتنی هێرشێك لە 11 ئازار خۆی دەرخست، کاتێك 18 موشەك لە بنکەی ئاسمانی تاجییان دا و دوو ئه‌ندامی سەربازیی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی تێدا كوژران.

بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایانگەیاند كه‌ سێ رۆژ دواتر، زنجیرەیه‌ك له‌ 33 موشەکی کاتیوشا دووبارە لە تاجییان دایەوە و بوونە هۆی چەندین قوربانی.

لە 8 نیسان، میلیشیاکە ڤیدیۆیەکی بینای باڵیۆزخانەكه‌ی لە بەغدا و بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە خۆرئاوای ئەنبار بڵاوکردەوە، کە لە ئاسمانەوە گیرابوون بە درۆنی لەدوورەوە کۆنترۆڵکراو.

هێرشه‌كان هاوشانی چەندین هەڕەشە هاتن بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی ژەنەراڵی باڵای ئێران، قاسم سوله‌یمانی، له‌گه‌ڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، کە لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا سەرەتای ئەمساڵ کوژران.

'ئەو بەرانەی ئێران دروستیکردوون'

لەم چەند مانگەی دواییدا نزیکەی پێنج شه‌ش لایەنی پێشتر نەناسراو بەرپرسیارێتی هێرشی هاوشێوەیان لەخۆگرتووە، لەژێر دروشمی "بەرەنگاری ئیسلامی"دا.

هیچ سەرکردایەتییەکی روونی عوسبەت سائیرین یان هیچ گروپێکی نوێ دەرنەکەوتووە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانیان زۆرجار ناونیشانی رۆژنامەوانی گەورە لە بڵاوکراوە میدیاییەکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران دروستدەکات.

ئەمە ئەو بیروڕایە بەهێزدەکات کە ئەم گروپانە تەنیا ئامرازی رۆژنامەوانین بۆ لادانی گومان لەسەر میلیشیا بەناوبانگەکان، کە ئەمڕۆکە بەشێکن لە دیمەنی سیاسی لە عێراق.

له‌و گروپە نوێیانه‌ بریتین له‌ سەرایا مونتەقیم (لیوای تۆڵەکاران)، قەبزەت مەهدی (مشتی مەهدی) و ئەسحاب کەهف (یارانی ئەشکەوت)، کە بەرپرسیارێتی تەقینەوەی بۆمبه‌ دەستکرده‌كانیان لەخۆگرتووە لەسەر ئەو رێگایانەی کاروانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێیاندا تێده‌په‌ڕن.

شیکاروانی سیاسی و توێژەر، عەبدولقادر نایل وتی ئەم گروپانە "بوونیان نییە". وتی ئەنجامدەرانی راستەقینەی هێرشەکان کەتائیب حیزبوڵڵا، حەرەکه‌ت نوجەبا و عەسائیب ئەهل حەقن -- كه‌ تووندڕەوترین گروپه‌كانی سەربە ئێرانن.

نایل بە دیارونای وت ئێران ناچاربوو ناوی لایەنە پێشتر نەناسراوەکان بڵاوبکاتەوە "بۆ پاککردنەوەی هاوسۆزە گەورەکانی لە بەرپرسیارێتی هێرشە برەوسەندووەکان بۆسەر نێردە و بەرژەوەندیە بینایەکانی ئەمریکا [و وڵاتانی دیکە] و پاراستنیان لە تۆڵەکردنەوەی واشنتۆن".

وتیشی عوسبەت سائیرین و لایەنەکانی دیکە "رووکارن" لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دروستکراون بۆ پاراستنی نفوزی خۆی و دەرخستنی ئەوەی کۆنترۆڵی گروپە بەکرێگیراوەکانی له‌ده‌ستدایه‌ لە عێراق، کە کارنامەی ئێران جێبەجێدەکەن.

بەکارهێنانی عێراق وەك سه‌كۆیه‌ك

نایل وتی برەوسەندنی هێرشەکان لەلایەن ئەم گروپانەوە، لەژێر رێنمایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا، "ئاماژەیەکی مەترسیدارە بە هەوڵەکانی ئێران تا عێراق بگۆڕێت بە گۆڕه‌پانێك بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمه‌ڵگەی نێودەوڵەتی".

وتی دەریشیدەخات كه‌ ئەم میلیشیانە بەردەوامن لە خزمەتکردن بە ئێران "لەسەر حسابی داهاتووی وڵاتەکە و ئاسایش و سەقامگیری".

بەڵام پسپۆڕی سیاسی، غانم عابد وتی عوسبەت سائیرین و میلیشیا تازە دەرکەوتوەکانی دیکە رەنگە تەنیا رووکار نەبن، بەڵکو کیانی چەکدار بن و لەلایەن ئێرانەوە وەك نمونەی "بژاردەی بژاردەکان" دروستکرابن.

وتی ئەوەی وادەکات ئێران گروپە نوێکان پێکبهێنێت لە ئەندامە باڵاکانی لایەنە هاوسۆزەکانی لە عێراق، بە سەرکردایەتی کەتائیب حیزبوڵڵا، خواستێتی بۆ راکێشانی ئەو کەسایەتیانەی متمانەی پێیانە و دڵسۆزییان گه‌رەنتی کراوە.

وتی بە بەکارهێنانی میلیشیاكانی وەك عوسبەت سائیرین، ئێران "هەوڵدەدات برەو بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا بدات لەسەر خاکی عێراق" تا پێگەیەکی باڵاتری هەبێت لە دانوستانەکاندا بۆ کەمکردنەوەی ئه‌و گەمارۆ ئابورییه‌ی بەسەریدا سەپێنراوە.

راوێژکار لە ناوەندی عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژیه‌كان، غازی فەیسەڵ حسێن وتی ئەو میلیشیانەی سەربە ئێران کە لە عێراق چالاكن "هیچ نین جگە لە ئامرازێك بەدەستی رابەری باڵای ئێران و پاسداران و هەواڵگریی ئێرانەوە".

بە دیارونای وت ئێران ئەم لایەنانە بەکاردەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی هەناردەکردنی شۆڕشەکەی و سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بە "خۆشکردنی ئاگری تووندوتیژی، نائارامی و دووبەرەکی تائیفی و بڵاوکردنەوەی قاچاخچێتی چەك و دەرمان و پارەشۆردنەوە".

وتیشی میدیای هاوسۆزی ئێران ماوەیەکە ناوی میلیشیا نوێکان زیاتر دەردەخەن تا چالاکیه‌كانی لایەنە تووندڕەوەکان بشارنەوە، کە سەرەڕای ئەوەی هاتوونەتە کایەی سیاسییەوە، بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە سەروەریی عێراق و بەرژەوەندیه‌كانی هاوڵاتیانی عێراق.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500