هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق ترسی لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە هەیە دوای هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکان

ئاژانسی فرانس پرێس

هێزەکانی ئەمریکا، لە 6 ئازاری 2017 سەرپەرشتی خولێکی راهێنان دەکەن لەگەڵ سەربازانی عێراقی لە بنکەی ئاسمانی تاجی، کە ئامادەیاندەکەن بۆ دانانی پردی کاتی، پێش دانانی جێگرەوەی ئەو پردانەی لە شەڕی وەدەرنانی داعشدا لە موسڵ وێرانکرابوون. [سەباح ئەرار\ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی ئەمریکا، لە 6 ئازاری 2017 سەرپەرشتی خولێکی راهێنان دەکەن لەگەڵ سەربازانی عێراقی لە بنکەی ئاسمانی تاجی، کە ئامادەیاندەکەن بۆ دانانی پردی کاتی، پێش دانانی جێگرەوەی ئەو پردانەی لە شەڕی وەدەرنانی داعشدا لە موسڵ وێرانکرابوون. [سەباح ئەرار\ئاژانسی فرانس پرێس]

بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە (12 ئازار) باسیان لە ئاکامەکانی هێرشێکی موشەکیی بێوێنە کرد کە بووە هۆی کوشتنی سێ ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەڕەشەکردن لە ئاڵۆزبوونی گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.

لە چەند کاتژمێرێکی دوای هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانی تاجی لە باکوری بەغدا -- خوێناویترین هێرش کە لەم چەند ساڵەی دواییدا کرابێتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق -- هێرشێکی ئاسمانی بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە بیست چەکداری میلیشیکانی سەر بە ئێران لە نزیک شارۆچکەی سنوریی ئەلبو کەمال لە سوریا.

ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی توندوتیژییەکان سێ مناگ دوای ئەوەی چەند موشەکێک بوونه‌ هۆی کوشتنی کارمەندێکی ئەمریکی لە باکوری عێراق، ئەمەش بووە هۆی هێنانەکایەی چەند هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا لەسەر خاکی عێراق.

لە ترسی هاتنە کایەی بارگرژیی خوێناویتر، بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ سەرکۆنەی کوژرانەکانیان کرد.

فەرماندەیی سەربازیی عێراق رایگەیاند کە "ئالەنگارییەکی ئەمنیی جددییە" و بەڵێنی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی دا.

سەرۆک بەرهەم ساڵح و سەرۆکی پەرلەمان محه‌مه‌د حەلبوسی سەرکۆنەی "هێرشە تیرۆریستی"یەکەیان کرد، کە "عێراق و ئەمنییەتەکەی" کردبووە ئامانج.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوای "ئه‌وپه‌ڕی خۆڕاگری لە تەواوی لایەنەکان" کرد.

وتیشی: "ئەو هێرشە بەردەوامانە هێرشی روون و کاریگەرن بۆسەر وڵاتەکە، هەروەها مەترسیی کردەوەی نابەرپرسانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، وەک نیگەرانییەکی بەردەوام دەمێنێتەوە. دواهەمین شت کە عێراق پێویستی پێیەتی ئەوەیە کە وەک مەیدانێک بۆ شەڕی تۆڵەسەندنەوە و دەرەکی بەکاربهێنرێت."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ و وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمینیک راب لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە هەردوولا "جەختیان لەوە کردەوە ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی هێرشەکان، دەبێت سزابدرێن".

هاوڵاتی بەڕیتانی و ئەمریکی کوژراون

هێرشەکەی چوارشەممە 22هەمین هێرش بوو بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەمه‌وه‌.

بە 18 موشەک هێرش کرایه‌ سەر بنکەی ئاسمانی تاجی، یەکێک لەو دەیان بنکانەی لە عێراقن کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێی نیشتەجێن.

سوپای عێراق رایگەیاند کە موشەکەکان لە پشتی ئۆتۆمبێلێکەوە هاوێژراون.

هاوپەیمانییەکە پشتڕاستیکردەوە کە سێ لە ئه‌ندامانی کوژران و زیاتر لە 10 ئه‌ندامی دیکەش برینداربوون.

بەڕیتانیا پشتڕاستیکردەوە کە یەکێک لە کوژراوەکان ئەندامی یەکەی پزیشكیی سوپای شاهانە بوو. بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا رایگەیاند کە دوو کوژراوەکەی دیکە سەربازێک و گرێبه‌ستێكی ئەمریکی بوون.

هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ دەربارەی قوربانیی عێراقی رانەگەیەنرا.

هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی له‌ ئەنجامدانی نەگرتەئەستۆ، بەڵام ئەمریکا یەکەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانی بە ئەنجدامی هێرشی هاوشێوە تۆمەتبارکردووە.

میلیشیای عێراقیی کەتایب حیزبوڵای سەر بە ئێران باسی هێرشەکە و ئەنجامدەرانی کرد، بێئەوەی بڵێت ئەوان لە پشت هێرشەکەوە بوون.

هێرشەکانی پێشووتری پەیوەندیدار بە ئێران

لە کۆتاییەکانی کانونی یەکەمدا، ئەمریکا کەتایب حیزبوڵای تۆمەتبارکرد بە کوشتنی گرێبه‌ستێكی ئەمریکا لە بنکەیەکی باکوری عێراق.

ئەمریکا بە چەند هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر خۆرئاوای عێراق وەڵامی دایەوە، کە بووە هۆی کوشتنی 25 چەکداری گروپەکە.

چەند رۆژێک دواتر، فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرکردەی حەشدی شەعبی، ئه‌بو مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.

دواتر ئێران چەند هێرشێکی بۆ سەر بنکەیەکی خۆرئاوای عێراق ئەنجامدا، كه‌ بووە هۆی ئەوەی چەندین سەربازی ئەمریکی تووشی ترۆما و دۆخی دەروونی ببن.

ئەو میلیشیانەی عێراق کە سەر بە ئێرانن و لەژێر سەرپرشتی حەشدی شەعبیدا دەجووڵێنەوە، چەندین جار بەڵێنیانداوە بەشێوەی خۆیان تۆڵەی کوژرانی موهەندیس بکەنەوە.

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایەگەیاند كه‌ چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی چوارشەممە بۆسەر بنکەی سەربازیی تاجی، هێرشێکی ئاسمانی 26 چەکداری عێراقیی هه‌واداری ئێرانی کوشت لە سوریا.

رێکخراوەکە رایگەیاند کە هێرشەکە، کە لە نزیک ناوچەی ئەلبو کەمال لە نزیک سنووری عێراق ئەنجامدرا، لەلایەن سێ فڕۆکەوە بوو کە دەشێت سەر بە هاوپەیمانی نێودەولەتی بن.

بەڵام هاوپەیمانان رەتیانکردووە هیچ هێرشێکیان لە سوریا یان عێراق لە شەوی چوارشەممەدا ئەنجامدابێت.

وتەبێژێک لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس وتی: "شەوی رابردوو ئەمریکا\هاوپەیمانان هیچ هێرشێکیان بۆسەر سوریا یان عێراق ئەنجامنەداوە."

نزیکەی 5,200 سەربازی ئەمریکی لە عێراق نیشتەجێن وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2014 بۆ شەڕ لەدژی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پێکهێنرا.

یەکشەممە، دوو سەربازی ئەمریکی لە باکوری بەغدا کوژران لەکاتێکدا یارمەتی هێزەکانی عێراقیان دەدا لە شەڕی دژ بە پاشماوەکانی داعشدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500