هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

جێگری سه‌رۆكی حەشد موهەندیس لە هێرشێکی ئەمریکادا کوژرا

ئاژانسی فرانس پرێس

لەم وێنەیەدا کە له‌ 23 کانونی دووەم 2018 گیراوە، ئەبو مەهدی موهەندیس، پیاوی دووەمی نێو هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشد)، کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان دەکات لەکاتی سەردانێکیدا بۆ بەسرە. [حەیدەر محەمەد/ئاژانسی فرانس پرێس]

لەم وێنەیەدا کە له‌ 23 کانونی دووەم 2018 گیراوە، ئەبو مەهدی موهەندیس، پیاوی دووەمی نێو هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشد)، کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان دەکات لەکاتی سەردانێکیدا بۆ بەسرە. [حەیدەر محەمەد/ئاژانسی فرانس پرێس]

جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشد) ئەبو مەهدی موهەندیس كه‌ به‌یانی زووی هەینی (3 کانونی دووەم) کوژرا لە هێرشێکی ئەمریکادا لە بەغدا، وەك پیاوی تاران دەبینرا لە عێراق و دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئەمریکا بوو.

له‌ هێرشەكه‌ی ئەمریکادا بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە به‌یانی زووی هەینیدا هاوڕێیه‌كی نزیکی موهه‌ندیس، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لیوا قاسم سولێمانی و بەڕێوبەری پەیوەندییە گشتیەکانی حەشد محەمەد ره‌زا جابریشی تێدا كوژرا.

ئەو پیاوانە لەکاتی هێرشێكدا بۆسەر کاروانێکی حەشد کوژران، کە هێزێکی میلیشیای عێراقیە و پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیە.

ئەو هێرشە تەنیا چەند رۆژێك دوای ئەوە هات کە پشتیوانانی حەشد هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، کە بووە هۆی توڕەیی واشنتۆن.

لەم وێنەیەدا کە له‌ 31 تەمموزی 2016 گیراوە، جێگری سەرۆکی حەشد ئەبو مەهدی موهەندیس سەردانی ناوچەی خالیدیە دەکات لە خۆرهەڵاتی رەمادی. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

لەم وێنەیەدا کە له‌ 31 تەمموزی 2016 گیراوە، جێگری سەرۆکی حەشد ئەبو مەهدی موهەندیس سەردانی ناوچەی خالیدیە دەکات لە خۆرهەڵاتی رەمادی. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

موهەندیس -- کە ناوێکی خوازراوه‌ و بەشێوەکی بەرفراوان بەکاردەهات بۆ جەمال جەعفەر ئیبراهیمی -- یەکێك بوو لەو باندانەی هاوسۆزی ئێران کە سێشەممە گەمارۆی باڵیۆزخانەكه‌یان دا.

توێژەر لە بواری گروپە چەکدارە شیعەکاندا، فیلیپ سمیس وتی: "موهەندیس دەرخەری ئەو شێوازە بوو کە ئێران چۆن تۆڕە بەکرێگیراوەکانی لە عێراق دروستدەکات."

وتی "مێژووی لەگەڵ زۆربه‌ی ئەو تۆڕانە هەبوو کە ئێران لە عێراق بنیاتی نابوون. هیچ کەسێك وەك ئەو تایبەت نەبوو" لە سەپاندنی نفوزی ئێراندا لەو وڵاتە.

موهەندیس کە خەڵکی بەسرە بوو، لە دایکێکی ئێرانی و باوکێکی عێراقی لە 1953 لەدایکبوو. لە 1979 لە ئێران نیشتەجێبوو، بووە راوێژکاری سەربازی بۆ هێزی قودسی پاسداران. لە 1980 بووە فەرماندەی فەیلەقی بەدر.

لە 1983 لە کوەیت بە نائامادەیی خۆی سزای مەرگی بەسەردا سەپێنرا بەرامبەر تێوەگلانی لە تەقینەوەکانی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و فەرەنسا لەوێ.

دامەزرێنەری میلیشیایەکی تووندگیر

موهەندیس لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا له‌ 2005 بۆ ماوەیەکی کورت بووە پەرلەمانتار.

دواتر كۆمه‌كی كرد به‌ دامەزراندنی کەتائیب حیزبوڵا -- کە میلیشیایەکی تووندگیری هاوسۆزی ئێرانە و هێزەکانی ئەمریکای دەکردە ئامانج.

لە 4 کانونی یەکەم، ئەندامانی ئەو میلیشیایە هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەرە مەدەنیەکانی عێراق کە سەرکۆنەی رۆڵی تارانیان دەکرد لەو وڵاتەدا.

لە 2009، ئەمریکا هەریەك لە موهەندیس و کەتائیب حیزبوڵای خستە لیستی سزاكانه‌وه‌ وه‌ك کیانی "تیرۆریستی".

واشنتۆن رایگەیاند كه‌ موهەندیس "چەند تۆڕێکی بەقاچاخبردنی چەکی بەڕێوەدەبرد و بەشدارییدەکرد لە تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەکانی خۆرئاوا و هەوڵی تیرۆرکردنیان لە ناوچەکە".

پسپۆڕ لە پەیمانگای واشنتۆن، مایکڵ نایتس، موهەندیسی ناوزەدکرد بە "سەرسەختترین دوژمنی ئەمریکا" لەنێو گروپە چەکدارە شیعەکاندا لە عێراق.

دواتر کرایە جێگری سەرۆکی حەشد، كه‌ تۆڕێکی بەربڵاوه‌ لە چەند میلیشیایه‌ك دامه‌زرێنرا بۆ شەڕ دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە عێراق.

دواتر حەشد خرایە نێو هێزه‌ ئەمنییه‌ فەرمییه‌كانی عێراقەوە، بەڵام هەندێك لە لایەنە تووندگیرەکانی، لەنێویاندا کەتائیب حیزبوڵا، هێشتا سەربەخۆ لە بەغدا کاردەکەن.

'شادەماری قودسی پاسداران لە عێراق'

نایتس وتی: "موهەندیس بێوچان کاریدەکرد تا حەشد بکاتە رێکخراوێك کە نە تەواو پابەندبێت بە فەرمانەکانی سەرەکوەزیرانەوە و نە پاشکۆیەك بێت بۆ هێزە ئەمنیە یاساییەکان."

به‌گوێره‌ی چاودێران، هەرچەندە لەژێر فەرمانی فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کاریدەکرد، موهه‌ندیس بەشێوەیەکی بەرفراوان وەك سەرکردەی "راستەقینە"ی حەشد دەبینرا.

موهه‌ندیس دڵسۆزیی تەواوی هێزەکانی بۆ خۆی راکێشابوو لە مەیداندا و کۆنترۆڵی سەرچاوە داراییەکانیشی دەکرد.

ساڵی رابردوو نایتس نوسی کە ئەوە وایکرد "ببێتە شادەماری" هێزی قودسی پاسداران لە عێراق.

موهه‌ندیس راوێژکاری تایبەتی سوله‌یمانی بوو، وێنەی ئەو دووانە لە چەندین بۆنەدا پێکەوە دەبینرێن كه‌ یەکتری لەئامێزدەگرن.

سەرەڕای پێگەی باڵای لەنێو حەشدا، موهەندیس بە دەگمەن لەنێو جەماوەردا دەردەکەوت و خۆی نەدەخستە نێو سیاسەتەوە.

سمیس وتی روون نییە کێ جێگەی دەگرێتەوە، لەبەرئەوەی قورسە کەسێک بدۆزرێتەوە کە پەیوەندی هێندە نزیکی ئایدۆلۆژی و شەخسی لەگەڵ ئێران هەبێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500