هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

کەتائیب حیزبوڵا: خزمەتکارە دڵسۆزەکەی پاسداران لە عێراق

فارس عومران

خۆپیشاندەران دروشم دەڵێنەوە لەکاتێکدا بەلای تابلۆیەکی کەتائیب حیزبوڵادا تێده‌په‌ڕن لە شاری بەسرەی باشوری عێراق لە 17 کانونی یەکەم. [حسێن فالح/ئاژانسی فرانس پرێس]

خۆپیشاندەران دروشم دەڵێنەوە لەکاتێکدا بەلای تابلۆیەکی کەتائیب حیزبوڵادا تێده‌په‌ڕن لە شاری بەسرەی باشوری عێراق لە 17 کانونی یەکەم. [حسێن فالح/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئه‌و پسپۆڕانه‌ی قسەیان بۆ دیارونا کرد، وتیان گروپی میلیشیای عێراقی، کەتائیب حیزبوڵا، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە پێشخستنی کارنامەی سوپای پاسداران لە عێراق.

وتیان گروپەکە بە "بریكاری دڵخواز"ی ئێران دادەنرێت لە ئێران و "یاخیتریینە دژی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق".

سەرەڕای ئه‌وه‌ی بەشێكی ده‌سه‌ڵاتداره‌ لە هێزەکانی حەشدی شەعبی -- کە به‌ رووكار له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومەتی عێراقدایە -- کەتائیب حیزبوڵا رەتیدەکاتەوە ملكه‌چی فەرمانەکانی فەرماندەی باڵای عێراق، سەرەکوەزیران مستەفا کازمی بێت.

میلیشیاکە تۆمەتبارکراوە بەوەی لەپشت هێرشە موشەکیەکانەوەیە بۆسەر باڵیۆزخانەکان، ئه‌ركه‌ سەربازییە بیانیەکان و ماڵی مەدەنیەکان.

چالاکوانی سیاسی و سەرکردەی پارتی مواتەنە، غەیس تەمیمی بە دیارونای وت کەتائیب حیزبوڵا و میلیشیاکانی دیکە "ئامرازی سوپای پاسدارانن" و لەلایەن هێزی قودسەوە رێبەری دەکرێن، كه‌ باڵێكی سوپای پاسداران له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران.

وتی: "گروپە میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسداران هەوڵی گۆشەگیرکردنی عێراق دەدەن."

وتیشی ئەم گروپانە هەوڵدەدەن بەر بە هەوڵەکانی بەغدا بگرن بۆ دابینکردنی ئاسایش و گەشەپێدانی ئابوری.

'دڵسۆزترین خزمەتکاری سوپای پاسداران'

تەمیمی وتی سوپای پاسدارانی ئێران بریكاره‌كانی لە عێراق بەڕێوەدەبات، کە دواجار زیان لە سەقامگیری و ئابوری و پەیوەندیە دەرەکیەکانی عێراق دەدەن.

لە دامەزراندنیەوە لە نیسانی 2007 لەلایەن فەرماندەی هێزی قودسی کوژراو قاسم سوله‌یمانی، کە لە هێرشێکی ئەمریکادا لە کانونی دووەم لەگەڵ بەرپرسی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس کوژرا، کەتائیب حیزبوڵا چەکی لە سوپای پاسدارانەوە پێگەیشتووە، لەگەڵ راهێنان لەلایەن حیزبوڵای لوبنانییەوە، کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵدا هێشتۆتەوە.

کەتائیب حیزبوڵا شێوەی ئێستای وەرگرت کاتێك پێنج لایەنی چەکداری چالاك لە 2003وە -- کەتائیب ئەبو فەزڵ عەباس، کەتائیب کەربەلا، کەتائیب سەجاد، کەتائیب زەید ئیبن عەلی و کەتائیب عەلی ئەکبەر -- هێزەکانیان یەکخست.

لەئێستادا نزیکەی 10,000 ئەندامی هەیە، کە زۆربەیان لە عێراق و سوریان. هەروەها چەند لقێکی پەیوەستی هەیە وەك عوسبەت سائیرین، گروپێك کە وەك روکار بەکاریدەهێنێت بۆ هێرشەکانی بۆسەر ناوچەی سەوزی بەغدا.

شیکاروانی سیاسی، عەلا نەشوع بە دیارونای وت: "نفوزی کەتائیب حیزبوڵا لە 2017وە زیادیکردووە. دەکرێت بە دڵسۆزترین خزمەتکاری سوپای پاسداران دابنرێت."

وتی ئەو میلیشیایە بووە هێزێکی کاریگەر لەنێو حەشدی شەعبیدا، بەتایبەتی لەنێو بەشە هەواڵگری و ئەمنیەکەیدا. هەروەها دەسەڵاتی هەیە بەسەر ژمارەیەك گروپی میلیشیای پەیوەندیداردا.

بەگوێرەی نەشوع، کەتائیب حیزبوڵا کۆنترۆڵی بەڕێوبەرایەتی موشەکەکانی کردووە، کە به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كان ئێران موشەکی بالستی دابیندەکات بۆ هێشتنەوەی لە بنکە سەرەکیەکانی گروپەکە لە جورف سەخر و راهێنانی پێدەکات لەسەر دروستکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە.

سه‌رۆكئه‌ركانی ئێستای حەشدی شەعبی، عەبدولعەزیز محەمەداوی، کە ناسراوە بە ئەبو فەداك یان "خاڵ"، سەرکردەیەکی کەتائیب حیزبوڵایە. هەڵبژێردرا تا جێگەی موهەندیس بگرێتەوە.

مێشکشۆردنەوە له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌

کەتائیب حیزبوڵا کە لە 2009وە لەسەر لیستی جیهانیی تیرۆریزمە، پروپاگەندەش بڵاودەکاتەوە لەڕێی بڵاوکراوە میدیاییەکانیەوە و کەناڵەکانی سەتەلایت و ناوەندە ئایینی و کلتوریەکان لە عێراق، یارمەتی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی ویلایەتی فەقیهی ئێران (فەرمانڕەوایی ئاخوندان) دەدەن.

نەشوع وتی میلیشیاکە مەترسییەکی بەرچاوە بۆسەر بەرژەوەندیەکان و سەقامگیریی عێراق، لەگەڵ ئاسایشی تەواوی هاوڵاتیانی.

وتی ئامرازی سەرەکیی سوپای پاسدارانە بۆ لاوازکردنی عێراق تا رژێمی ئێران "نزیکتربێتەوە لە خەونەکانی بۆ هەژمونی ناوچەیی".

وتیشی بەردەوام هەوڵدەدات خۆی وا وێنابکات کە گروپێکە لەسەروو یاساوەیه‌ بەهۆی پەیوەندیی بەهێزیەوە لەگەڵ رژێمی ئێران.

هه‌روه‌ها وتی کەتائیب حیزبوڵا رۆڵی هەبوو لە بەهێز دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانە جەماوەریەکاندا کە ساڵێك لەمەوبەر دروستبوون، لەگەڵ کوشتن و بریندارکردنی هەزاران خۆپیشاندەر و چالاکوان کە داوای چاکسازی و کۆتاییهێنانیان دەکرد بە نفوزی میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسداران لە عێراق.

نەشوع داوای لە حکومەتی عێراق کرد بەربگرێت بە چالاکیەکانی میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسداران لەڕێی پشتبەستنیەوە بە هاوڵاتیانی عێراق و هێزە ئەمنیەکانی عێراق.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

کەتائیب حیزبوڵا بڕبڕەی پشتی هێزەکانی حەشدی شەعبییە. سەدان شەهیدیان داوە بۆ بەدەستهێنانەوەی نیشتمانەکەمان. هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوە لە بایەخیان پڕوپاگەندەیەکی هەرزانە بۆ ئەمریکای تێرۆریست.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌