هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ملیشیاکان سوکایەتیدەکەن بە عێراق لەڕێی هێرشەکانیانەوە بۆسەر کاروانەکانی هاوپەیمانان

فارس عومران

چەکدارانی نافەرمی لەکاتی پاسەوانیدا لەمیانەی مەراسیمێکی بەخاکسپاردنی ویسام عەلاویدا، فەرماندەیەکی باڵای میلیشیای عەسایب ئەهل حەق لە بەغدا، 26 تشرینی دووەم 2019. [ئەحمەد روبەیعی\ئاژانسی فرانس پرێس]

چەکدارانی نافەرمی لەکاتی پاسەوانیدا لەمیانەی مەراسیمێکی بەخاکسپاردنی ویسام عەلاویدا، فەرماندەیەکی باڵای میلیشیای عەسایب ئەهل حەق لە بەغدا، 26 تشرینی دووەم 2019. [ئەحمەد روبەیعی\ئاژانسی فرانس پرێس]

هێرشەکانی ئەمدواییەی بریکارەکانی ئێران بۆسەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، کە تێیاندا دوو کاروان بە بۆمبی چێنراوی سەر رێگا کرانە ئامانج، دەریدەخات کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران پێشێلی سەرەوەریی عێراق دەکەن، بەرپرسێکی خێڵەکی وتی.

دوو کاروانی ئەو لۆریانەی لەلایەن بەڵێندەرانەوە لێدەخوڕدرێن و کەلوپەلی لۆجستییان بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگواستەوە، پێنجشەممە (10 کانونی یەکەم) لەڕێی چەند بۆمبێکی سەر رێگاوە کرانە ئامانج کە لەلایەن میلیشاکانی سەر بە ئێرانەوە چێنرابوون.

یەکێک لە کاروانەکان لەسەر شاڕێگەیەک کرایە ئامانج لە پارێزگای موسەننای باشوری عێراق و ئەوەی دیکەش لە شاڕێگەی نێودەوڵەتی لە ناوچەی لەتیفییە، لە باشوری بەغدا.

کاروانەکان لە تەقینەوەکاندا زیانیان بەرکەوت، بەڵام هیچ قوربانیەکیان لێنەکەوتەوە.

گروپێک کە پێشتر نەناسراوە و ناویان لە خۆیان ناوە "فەوجی قاسم جابرین"، بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی لە بەیاننامەیەکدا گرتە ئەستۆ کە لەلایەن میدیاکانی سەر بە ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، لەنێویاندا سابرین نیوز لە تەلەگرام.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ بەیاننامەکە هاوپێچکرابوو، کە کاروانەکە پیشاندەدات ئۆتۆمبیلە هەمڤیە سەربازیەکانیان هەڵگرتووە لە شارۆچکەی لەتیفییە پێشئەوەی بکرێنە ئامانج.

هەمان ئەو میدیانە هەڕەشەی نوێیان بڵاوکردەوە لەلایەن فەوجی زولفیقار و ئەسحاب کەهف، کە پێشتر بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشی تریان لە عێراق لەئەستۆگرتبوو.

'وەستانەوە دژی فەرمان و دەسەڵات'

وتەبێژی خێڵە عەرەبەکانی نەینەوا، شێخ موزاحیم حوەیت، وتی دواهەمین هێرشەکان بەشێکن لە هەڵمەتێکی نوێی ئێران و بریکارەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی عێراق و تێکدانی ئەمنیەتەکەی.

بە دیارونای وت میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە دەڵێن لەژێر ناوی "بەرگری ئیسلامی"دا چالاکن و لەژێر ناوی جیاوازدا دەردەکەون هەموو لە بەرژەوەندی ئێران کاردەکەن و فەرمانەکانی جێبەجێدەکەن.

وتی: "ئەوەی کە ئەو میلیشیانە هێرشە هەژێنەرەکانیان دەستپێکردۆتەوە، کە هەمیشە ئازاری عێراقییە مەدەنییەکان دەدەن، بەڵگەیە بۆ ئەوەی دژی فەرمانەکان و دەسەڵات دەوەستنەوە."

حوەیت وتی ئەنجامدانی هێرشی لەمجۆرە ئەوە دەسەلمێنن کە جارێکی دیکە ئەوانە "بەشێک نین لە دەوڵەت، بەڵکو گروپی نایاسایین کە پێشێلی یاسا دەکەن و پشێوی بڵاودەکەنەوە لەژێر ناو و دروشمی ساختەدا".

وتی لەڕێی فشارخستنە سەر بریکارەکانیەوە بۆ هێرشەکردنە سەر ئەرکە نێودەوڵەتییەکان، ئێران دەیەوێت فشار بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارەی دووچاری دەبێتەوە و سەربازانی بیانی و دپلۆماتەکان لە عێراق دەربکات.

وتیشی ئامانجی ئێران بەهێزکردنی نفوز و باڵادەستییەتی لە عێراق و برەودان بە جیاکاری و دووبەرەکی.

کەتایب حیزبوڵا و چەند میلیشایەکی سەر بە ئێران لە 10 تشرینی دووەم "ئاگربەسێکی مەرجدار"یان راگەیاند بۆ راگرتنی هێرشەکان، کە چەند جارێک پێشێلیان کردووە و دواهەمینیان ئەو دوو هێرشەی پێنجشەممە بوون.

مانگی رابردوو، لە 17 تشرینی دووەم، حەوت موشەک لە ناوچەوی سەوز و ناوچەکانی دەوروبەریان دا و بوونە هۆی کوشتنی کیژۆڵەیەک، لە هێرشێکدا کە ئەسحاب کەهف بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی لەئەستۆگرت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500