كوشتنی جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس پەیوەندی نێوان میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێرانی لاوازکردووە، شیکاروانە عێراقیەکان وتیان.
لەڕێی پێگەی خۆیەوە لە سەرکردایەتی حەشدی شهعبیدا، موهەندیس هاوسهنگیی لەنێوان میلیشیاکاندا دروستکردبوو بە ئامانجی سەرەکی پشتگیریی کارنامەی ئێران لە عێراق.
توێژەر غەیس تەمیمی، پیاوێكی ئایینی پێشوو لە حەوزەی نەجەف، وتی لەئێستادا کە بوونی نەماوە بۆ ئهنجامدانی ئەمە، میلیشیاکان له ململانێی دەسەڵاتدان.
بە دیارونای وت: "دوای مەرگی موهەندیس، هەموو ئەندامانی میلیشیاکان هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و گرتنەدەستی دەسەڵات دەدەن." ئاماژەیکرد بەوەش كه ئەندامانی میلیشیاکان ئامادەی سازش نین بۆ گەیشتن بە رێکەوتن.
وتی میلیشیاکان باوەڕیان بە دیالۆگ یان هاوبەشی نییە، بۆیە رکابەری بۆ سەرکردایەتی و تەواوی ئیمتیازەکانی دەکرێت بگات به تووندوتیژی.
هێشتا ماویانە رێکبکەون لەسەر کاندیدێك بۆ جێگرتنەوەی موهەندیس.
کەتائیب حیزبوڵا، کە پەیوەندی نزیکی بە ئێرانەوە هەیە، ویستی محەمەد عەبدولعەزیز محەمەداوی بێنێتە پێشەوە، کە ناسراوە بە ئەبو فەدەك، بۆ ئەو پێگەیە. بەڵام کاندیدبوونی بە تووندی رەتکرایەوە لەلایەن سەرکردەی میلیشیاکانی دیکەوە کە خۆیان چاویان لە گرتنە دەستی پۆستهكهیه.
ناکۆکیەکان تووندتر بوون، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان.
دوایینی ئەو کۆبوونەوانە لەنێوان فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (قودس) ئیسماعیل قائانی و چەند سەرکردەیەکی میلیشیا و سیاسیدا بوو لەکاتی سەردانەکەی 30 ئازاریدا بۆ بەغدا.
تەمیمی وتی ئێران ئەندامانی میلیشیاکانی لە عێراق سهیردهكات وهك "سەربازی پیاده کە نایەوێت لەهیچ دۆخێكدا لەدەستیان بدات".
وتی: "هەر ناکۆکیەك لەنێوانیاندا کە لە کۆنترۆڵ دەربچێت لەلایەن ئێرانەوە وەك هەڕەشەیەکی جددی دەبینرێت بۆ ئاسایشی نیشتمانی خۆی، چونکە دەکرێت هەژمونی خۆی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا لاوازبکات."
وتەبێژی خێڵەکانی نەینەوا شێخ موزاحیم حوهیت بە دیارونای وت نفوزی موهەندیس ناکرێت بەجیا ببینرێت لە فەرماندەی کوژراوی قودسی پاسداران قاسم سولهیمانی.
وتی ئەو نفوزەی سولهیمانی دابوویە موهەندیس وایکردبوو بتوانێت میلیشیا عێراقیەکان ئاراستەبکات و نائامادهیی ئەو دوو پیاوە "زەبرێکی کوشندەی داوە لە سروشتی پەیوەندی نێوان میلیشیاکان".
وتیشی ئەمە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییان لەگەڵ ئێرانیش داناوە.
حوهیت وتی قەیرانی رکابەری لەنێو میلیشیاکاندا رەنگدانەوەی رکابەرییەکی گەورەترە لەناو رژێمی ئێراندا، کە ناکۆکی قوڵی لەسەر بەڕێوەبردنی دەوڵەت تێدایە، لەگەڵ قەیرانی بەڕێوەبردن.
پێکدادانە بەردەوامەکان
شیکاروانی ستراتیژی و سەربازی، رەبیع جەواری وتی ناکۆکیەکان لەنێو لایەنە چەکدارەکاندا تەنیا بە کوشتنی موهەندیس و سولیمانی دروستنەبوو.
بە دیارونای وت: "ململانێی نێوان میلیشیاکان لهسهر سەرکردایەتی دهرخهری ناكۆكییهكه لهسهر دهسهڵاتی سیاسی و ئەمەش بوونی هەبووه تەنانەت پێش کوشتنیان، بەڵام شاراوە و کەمتر دیاربوو لە ئێستا."
وتی جیا لە رکابەری لەگەڵ یەکتر، ئەوانه "ناکۆکی و تائیفیەت دروستدەکەن لەنێو عێراقیەکاندا و سەروەری عێراق دەخەنە بەردەم هەڕەشەی بەردەوام، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان دەکات و داواکارییەکانی ئێران بەجێدەگەیەنێت".
جەواری ئاماژەیکرد: "هەر خوێندنەوەیەك بۆ شێوازی پەیوەندی نێوان میلیشیاکان ئاماژە بە بەربەستێك دەکات، لەگەڵ پێکدادان و ناکۆکی تووندوتیژ کە دەکرێت لەنێویاندا بێتهكایهوه."
وتی: "سەرکردەكانی میلیشیاکان لەمڕۆدا دەترسن چارەنوسیان هاوشێوەی موهەندیس و سولهیمانی بێت." وتیشی میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران دەکرێت رووبەڕووی فشاری بەردەوام ببنەوە، کە فشاری ئەمریکاش بهشێكێتی.
بەمدواییانە ئەمریکا خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیاریەك لەسەر چالاکی و تۆڕەکانی محەمەد کەوسەرانی راگهیاند، كه فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵای لوبنانییه لە عێراق.