هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

میلیشیا عێراقییەکانی هه‌واداری ئێران قەیرانی متمانەیان هەیە

فارس عومران

سەرکردەکانی مشلیشیا عێراقییەکان له‌ 18 تشرینی یەکەم 2016 کۆنفرانسێکی هەواڵ دەبەستن لە ماڵی موقتەدا سەدر لە نەجەف. [ئاژانسی هەواڵی عێراقی ترەیدلینک]

سەرکردەکانی مشلیشیا عێراقییەکان له‌ 18 تشرینی یەکەم 2016 کۆنفرانسێکی هەواڵ دەبەستن لە ماڵی موقتەدا سەدر لە نەجەف. [ئاژانسی هەواڵی عێراقی ترەیدلینک]

گۆڕینی سەرکردایەتی سوپای پاسداران دوای کوشتنی فەرماندەی هێزی قودس قاسم سولەیمانی بۆتە هۆی بەرپابوونی قەیرانی متمانە بەخۆبوون لەناو سوپای پاسداراندا و ململانێی قوڵ لەناو میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران.

شرۆڤەکاران دەڵێن بارگرژیی گەرم سەریهەڵدا لەنێوان میلیشیاکاندا دوای ئەوەی سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا لە 3 کانونی دووەم لە بەغدا کوژران.

ئیسماعیل قائانی شوێنی سولەیمانی گرتەوە و بووە سەرۆکی هێزی قودس بەڵام بۆی سەختە وەك سەرکردەکەی پێشووتر بێت، کە وەك دووەم پیاوی بەهێزی ئێران دەبینرا دوای رابەری ئێران عەلی خامنەیی.

شرۆڤەکاران دەڵێن بەر لە مردنی، سولەیمانی زۆر لە هەرێمەکە دەگەڕا و بەردەوام کۆبوونەوەی ئەنجامده‌دا لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران، توانیبووشی هێڵێکی بەردەوامیدان و یەکێتیش لەنێوانیاندا پێكبهێنێت.

ئەندامانی میلیشیای حەرەکەی نوجەبا کە هەواداری ئێرانە لە نمایشێكی سەربازیدا دەبینرێن لەم وێنەیەدا كه‌ له‌ 5 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوه‌تەوە. [فایل]

ئەندامانی میلیشیای حەرەکەی نوجەبا کە هەواداری ئێرانە لە نمایشێكی سەربازیدا دەبینرێن لەم وێنەیەدا كه‌ له‌ 5 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوه‌تەوە. [فایل]

دەڵێن بەڵام ئێستا دابەشبوون بەردەوەامە و قوڵتربۆتەوە لەناو میلیشیاکاندا سەرباری هەوڵەکانی تاران.

'دابەشبوونی قوڵ' لەنێوان میلیشیاکاندا

رۆژنامەوانی عێراقی و شرۆڤەکاری سیاسی، زیاد سنجاری بە دیارونای وت "دابەشبوونی قوڵ" لەنێوان میلیشیاکاندا بووە بەڵگە کاتێك سەرکردەکانیان لە 20 شوبات شوێنگرەوەی موهەندیسیان پێشنیارکرد.

سکرتێری گشتی کەتائیب حیزبوڵا عەبدول عەزیز محەمەداوی وەك جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی هەڵبژێردرا.

وتی دابەشبوونەکە لەسەر پێشنیارکردنی محەمەداوی "بارگرژی قوڵی نیشاندا کە لە هەڵکشاندایە لەنێوان میلیشیاکاندا بەهۆی کێبڕكێیان له‌سه‌ر دەسەڵات و بەرژەوەندی کەسی".

وتیشی هەرچەندە دڵسۆزن بۆ ئێران و لەژێر فەرمانی سوپای پاسداراندان، ئەو میلیشیانە "هێشتا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و بەتووندی شەڕدەکەن بۆ پێگەی کاریگەر بە بەراورد لەگەڵ میلیشیاکانی دیکە".

شارەزایه‌كی بواری سەربازی و ستراتیژی، حاتەم فەلاحی وتی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی میلیشیاکاندا لە کانونی دووەم لە قوم، ئێران هەوڵیدا "پێگەی [پیاوی ئایینی عێراقی] موقتەدا سەدر بێنێتە پێشەوە و پەیوەندییەکانی [باش بکات] لەگەڵ سەرکردەكانی میلیشیاکانی دیکە".

فەلاحی بە دیارونای وت: "هەموو سەرکردەكانی میلیشیاکان پشتیوانیی ئەو هەوڵەیان نەکرد، وەك قەیس خەزعەلی کە سەرۆکی عەسائییب ئەهل حەقە و رکابەری سەدرە."

وتیشی پەیوەندییەکان چەندین ساڵە گرژن لەنێوان سەدر و خەزعەلیدا، چونکە هەردووکیان کێبڕکێیانە تا کاریگەرییان هەبێت بەسەر میلیشیاکانەوە.

وتی هەر رێکەوتنێك لەنێوان میلیشیاکاندا بکرێت بۆ یه‌كگرتن "لەرزۆك و کورت خایەن" دەبێت و وتیشی دابەشبوونەکان دەکرێت زیاترببن بەم نزیکانە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچن کاتێك کێشە لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دروستببێت.

'دڵسۆزی بۆ لایه‌نی جیاواز'

فەلاحی وتی میلیشیاکان ناسراون بە "دڵسۆزی بۆ لایه‌نی جیاواز".

هەندێکیان لەسەر بیرۆکەی ویلایەتی فەقیه‌ دەڕۆن، کە داوای بەیعەتدان بە رابەری ئێران دەکات و ئەوانە "بەهێزترینن لەڕووی چەك و ئامێر و کاریگەرییەوە".

نزیکەی 40 لەو میلیشیانە هەن، دیارترینیان بریتین له‌ کەتائیب حیزبوڵا، رێکخراوی بەدر، عەسائیب ئەهل حەق و حەرەکەی نوجەبا.

وتی ئەو میلیشیانە هەوڵدەدەن "خۆیان تۆکمەبکەن وەك كیانێكی هاوته‌ریبی دەوڵەت و کۆنتڕۆڵی خۆیان بسەپێنن بە هەڕەشەی هێز".

وتیشی لە هەمانکاتدا "خۆیان دەخزێننە ناو دەزگاکانی دەوڵەتەوە و دەسەڵاتی سه‌ربازی و ئابوری و هەواڵگری دروستدەکەن بۆ پته‌وكردنی باڵاده‌ستییان".

کەچی هەست بە گومان دەکرێت لەناو سەرکردەکانی میلیشیاکاندا لەوکاتەوەی چەندین راپۆرت کە پێشتر نهێنی بوون لە ئابی 2018 ئاشکراکران و پەیوەندیان بە لێکۆڵینەوەکانەوه‌ لەگەڵ خەزعەلی هەیە کاتێك لەلای سوپای ئەمریکا لە عێراق لە 2007 زیندانی بوو.

راپۆرتەکان دانپێدانانیان تێدایه‌ لەگەڵ ئەو زانیاریانەی خەزعەلی داونی بە لێکۆڵەرە ئەمریکییەکان لەسەر چالاکییەکانی و ئه‌و پەیوەندیانه‌ی هەیبوون لەگەڵ سەدر و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران.

هەروەها دەریدەخەن کە سوپای پاسداران پشتیوانی دارایی و راهێنانی دابینکردووە بۆ میلیشیا عێراقییەکان.

میلیشیاکان شوێنكه‌وتوان لەدەستدەدەن

شرۆڤەکاری سیاسی ئەحمەد ئەبیەز بە دیارونای وت متمانە نییە لەنێوان میلیشیا جیاوازه‌كاندا و شوێنكه‌وتوانیشیان تادێت بی ئۆقرە دەبن.

وتی میلیشیاکان لە باشوری عێراق پشتیوانی و کاریگەرییان لەدەستدەدەن بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و هەڕەشەکردن لە خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانە.

وتیشی سەرکردەکانی میلیشیاکان قەبارە و کاریگەریی ئێران دەزانن و هەوڵیانداوه‌ "ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە سولەیمانی و موهەندیس جێیانهێشتووە" و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەهێزتر بكه‌ن بۆ پته‌وكردنی نفوزیان.

هه‌روه‌ها وتی هەوڵ هەیە بۆ هەڵکوتانە سەر سەرچاوە ئابورییەکانی میلیشیاکان و "بەزۆر ده‌ركردنیان لەو ناوچانەی لە تیرۆریستان رزگارکراون" بۆئەوەی رێگرییان لێبکرێت سەرچاوە سروشتییەکانی عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بەکاربهێنن.

ئەبیەز وتی پێشبینیدەکات "فشاری ئەمریکا لەسەر میلیشیاکان و سەرکردەکانیان زیاد بکات" بە سەپاندنی سزا بەسەر زۆر له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500