پێشئەوەی لە کانونی دووەم تیرۆربکرێت، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، قاسم سولهیمانی سەرپەرشتی دامەزراندنی کیانێکی چەکداریی نوێی دەکرد لە عێراق، پسپۆڕانی سەربازی عێراقی وتیان.
وتیان پرۆژەکە رەهەندی ناوچەیی هەبوو، پەیوەست بە دەستێوەردانی ئێران لە سوریا، لوبنان، یەمەن و ناوچەکانی دیکە و دەبووە هەڕەشەیەکی گەورەتر بۆ سەقامگیریی عێراق گەر جێبەجێبکرایە.
وتیشیان کوشتنی سولهیمانی بووە هۆی راگرتنی پرۆژەکە، بەڵام هێشتا ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە هەڕەشەیەکی ناوچەیی.
بەگوێرەی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، ئەو کیانە نوێیە دەبوو میلیشیایەك بێت پێکبێت لە ئەندامانی دەستەبژێری چەندین میلیشیای سەر بە ئێران و لە یەك هێزی تایبەتدا کۆبکرێنەوە لەژێر ناوی سوپای بەرەنگاری ئیسلامی.
بەرپرسێکی باڵای عێراق لە بەغدا کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت بەهۆی هەستیاریی زانیاریەکەوە، بە دیارونای وت کیانە نوێکە دوایین پرۆژەی سولهیمانی بوو کە پێش مردنی کاری لەسەر دەکرد.
بەرپرسە عێراقیەکە وتی بریتیبوو له ههڵبژاردهیهك له ئەندامانی میلیشیاكانی سەر بە ئێران، لەنێویاندا حەرەکات نوجەبا، کەتائیب حیزبوڵا، عەسائیب ئەهل حەق، سەید شوهەدا، بزووتنەوەی ئەبدال و سەرایا خوراسانی.
بەرپرسەکە وتی ئەم چەکدارانە دەبوو گردبکرێنەوە لە یەك هێزی تایبەتدا کە بناغەی هێزێکی نوێی چەکداریی پێکدەهێنا.
بۆ ئەم رۆڵە نوێیە ئامادە دەکران بە ئەنجامدانی راهێنانی سەربازی لەسەر چەندین جۆری چەك، لەنێویاندا موشەك و رۆکێت، لەلایەن راهێنەرانی سەر بە پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی.
بەرپرسەکە وتی سوپای بەرەنگاری ئیسلامی دەبوو پێکبێت لە 2,500 بۆ 3,000 چەکدار و ئەرکەکانیان درێژدەبووهوە بۆ سوریا و لوبنان و ئەگەری یەمەنیشی تێدەکەوت.
وتی گروپێکی ناوچەبڕ دەبوو لەژێر فەرماندەیی راستەوخۆی سولهیمانی و جێگری فەرماندەی کوژراوی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا ئەبو مەهدی موهەندیس.
دوای ئەوەی سولهیمانی و موهەندیس کوژران، ئەو ناوەی وەك فەرماندەی کیانە نوێکە بڵاوکرایەوە ئەفسەرێکی پاسداران بوو بەناوی ماجد مەزعەل تەرفی کە چالاکە لە مەیدانی سوریا و یەكێك بوو لە هەماهەنگیکارانی میلیشیاکان.
'بەهیواین پرۆژەکە زیندوونەکرێتەوە'
بەرپرسە عێراقیەکە بە دیارونای وت ئامادەکارییەکان بۆ کیانە نوێکە لە بەرزترین ئاستی میلیشیاکانی سەربە ئێراندا ئەنجامدرابوون و تەنانەت پلانێکیش هەبوو بۆ دامەزراندنی کەناڵێکی سەتەلایت تا وەك زمانحاڵی کاربکات.
وتی: "بەڵام کوشتنی سولهیمانی هەموو ئامادەکارییەکانی راوەستاند و بەهیواین پرۆژەکە زیندوونەکرێتەوە."
وتیشی لەناوبردنی سولهیمانی، عێراقی پاراست لە سیناریۆی شپرەزبوونی ئاسایش، بەڵام هێشتا سوچێك ماوە تیایدا فەرماندە جێگرەوەکانی هێزی قودسی سهر به پاسداران بڕیاربدەن بەردەوامی بدهن بە پرۆژەکە.
ئاماژەیکرد بەوەی پرۆژەکە دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئێرانهوه بۆ لاوازکردنی سوپای عێراق و فراوانکردنی نفوزی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراقدا، تا دەوڵەت و فەرمانڕەوایی یاسا لاوازبکرێت.
بەرپرسی حیزبی ئاییندەى دەستورى عێراق، ئینتیفاز قەنبەر بە دیارونای وت بڕیاری تیرۆرکردنی سولهیمانی "بڕیارێکی دروست بوو" و خەڵاتێك بوو بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە کە دەیانەوێت ژیانێکی شکۆمەند و ئازادیان هەبێت.
وتی شیاویی ئەو بڕیارە رۆژ لەدوای رۆژ جوانتر دەردەکەوێت.
وتیشی: "پێکهێنانی چەندین میلیشیای نوێ تاکە شتە لە چەند ساڵی رابردوودا ئێران باش فێری بووبێت،" هەربۆیە هەواڵی میلیشیایەکی نوێ هیچ سەیر نەبوو.
وتی: "ئەمە پشتڕاستکردنەوەیهكی ئهوهیه كه ئێران بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەریت و یاسا نێودەوڵەتیەکان."
ئاماژەیکرد بەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا، عێراق، یەمەن و لوبنان کاردەکەن، بەجۆرێك تۆڕی تیرۆریستییان هەیە لە کەنداو، لەگەڵ ئەو بەلەمانەی چەك و تەقەمەنی دەگوێزنەوە.
میلیشیاکان تووڕەیی دژی ئێران برەوپێدەدەن
ئەندامێكی هاوپەیمانێتی دیموکراسی مەدەنی، فیراس داینی بە دیارونای وت: "پرۆژەکەی سولهیمانی، پوختەکەی بەشێوەیەکی سادە، دامەزراندنی گروپێکی نوێ بوو بۆ کوشتنی عێراقیەکان و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی عێراقیەکان بە بەکارهێنانی پارەی عێراق."
وتی بەڵام عێراقیەکان لەئێستادا هۆشیارترن بە پلانەکانی ئێران و ئاماژەیکرد بەوەی پێکهێنانی ئەم میلیشیایە تەنیا تووڕەیی جەماوەری لهدژی ئێران زیاتر برەوپێدەدا.
وتی ئهوه روونیدەکاتەوە کە رژێمی ئێرانی تەنیا ئاسایش و سەقامگیرییان دەخاتە مەترسیەوە و کاردەکات دژی ئەو هەوڵانەی دراون بۆ سنووردارکردنی بوونی چەك تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا و بەهێزکردنی دەزگاکانی دەوڵەت.
پسپۆڕی ئەمنی عێراقی، فوئاد عەلی بە دیارونای وت هەوڵی ئێران بۆ دروستکردنی میلیشیای زیاتر ئامانجیشی بێهیواکردنی هەر وڵاتێكە کە بیر لە یارمەتیدانی عێراق بکاتەوە یان رۆڵی هەبێت لە کاروباری ناوخۆیدا، کە رەهەندێکی سیاسیش دەداتە پلانەکانی ئێران.
عەلی وتی ئێران ئەم میلیشیانە بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوریەکانی و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی دەوڵەت.
وتی بوونی ژمارەیەکی زۆر لەم میلیشیانە، کە بە چەندین ناوەوە کاردەکەن، ئامانج لێی لێدانە لە هەر هەوڵێك بۆ کۆنترۆڵکردنیان لە داهاتوودا.