ئه‌و میلیشیانه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانیده‌كرێن هەوڵەکانی خۆیان فراوانتر دەکەن بۆ راکێشانی هەرزەکاران و لاوان لە چەندین شاری باکور و خۆرئاوای عێراق، بەرپرسانی ئەمنی و چالاکوانان وتیان.
وتیان کەتائیب حیزبوڵا، حەرەکەت نوجەبا و سەرایا خوراسانی لەنێو ئەو میلیشیانەدان کە بەدوای لاوانی پێگه لاوازی عێراقەوەن و ئاماژەیانکرد بەوەش کە میلیشیاکان پلانی بەکارهێنانی ئەم لایەنگرانەیان هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکە.
وتیان ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عێراق.
میلیشیاکان سوود لە هەژاریی خەڵك دەبینن لەکاتێکدا کۆمەڵگەکان بنیاتدەنرێنەوە دوای فەرمانڕەوایی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بە بەڵێنی پارە بۆ ئەندامانی نوێ و پێدانی ئەوەی پێی دەڵێن "پارێزبەندی" گەر پەیوەندی بکەن.
بەرپرسێکی باڵای عێراقی لە قائیم بە دیارونای وت دایکوباوکان لە شاری سنووریی قائیم له پارێزگای ئەنبار بە پۆلیسیان وتووە منداڵەکانیان "فۆرمی خۆبەخشی"یان لە میلیشیایەکی سەر بە ئێرانەوە پێگەیشتوە.
ئەو بەرپرسە کە داوای‌کرد ناوی نەهێنرێت وتی لە بەرامبەر پەیوەندیکردن بە ریزەکانی ئەو میلیشیایەدا، موچەیەکی مانگانە و باربوویەکیان پێدەبەخشرێت.
وتی: "پۆلیس ئەم زانیاریەی پشتڕاستکردۆتەوە لە چەندین کەس و خێزانی نێو شارەکەوە. ئەوەی ئەرێنیە ئەوەیە دانیشتوانی ناوچەکە به‌ده‌م ئه‌و جۆرە هەڵمەتانەوه ناچن."
وتیشی: "ئامانجی ئەم میلیشیانە دروستکردنی ئەندامانە لەنێو چەندین شاردا کە ئاماده‌ییان لێی هەیە، تا بتوانن کاتێك حکومەتی نوێ پێکهات، لەژێر ناوێکی نوێ‌دا دەربکەونەوە."
هه‌روه‌ها وتی: "هەوڵی ئەوەش دەدەن ئەوە دەربخەن کە ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانەکانیان دژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە یارمەتی عێراق دەده‌ن لە شەڕی دژی تیرۆریزمدا، لەلایەن هەموو جۆرێك لە عێراقیەکانەوە پشتیوانیدەکرێت، کە شتێکی فریوده‌رانه‌یه."
وتی: "هەمووان دەزانن ئەوانه بە رێنمایی ئێران کاردەکەن."
وتەبێژی خێڵەکانی باکوری نەینەوا، شێخ موزاحیم حوه‌یت، باسی لە دۆخێکی هاوشێوە کرد لە پارێزگای نەینەوا.
بە دیارونای وت: "میلیشیاکان هەوڵی راکێشانی لاوان و تەنانەت منداڵانیش دەدەن لەتەواوی ناوچەکانی نەینەوا بە چەندین ناوی جیاوازەوە."
وتی: "دەیانەوێت كه‌سانی دڵسۆزی خۆیان لە ناوچەکە دروستبکەن تا گەر بڕۆن، خەڵکانێك هەبن ئایدۆلۆژیاکەیان بڵاوبکەنەوە و هێرشەکانیان بە ئەنجام بگەیەنن."
پاڵنه‌ره شاراوەکانی ئێران
محەمەد جەبوری، کە داوای‌کرد ناوی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنی خێزانەکەی، بە دیارونای وت کوڕە 16 ساڵانەکەی خەریکبوو لەلایەن حەرەکەت نوجەباوە رابکێشرێت، بەڵام خێزانەکەی توانییان رزگاری بکەن لە ئەنجامدانی هەڵەیەکی گەورە.
باوکی وتی ئەو لاوە لەکاتێکدا لە دوکانێکدا له بەعاج کاریدەکرد لە باشوری موسڵ، لێی نزیکبوونەوە و "بەڵینی چەك و باجێکیان پێدابوو کە پارێزبەندی پێدەدات لەگەڵ 400,000 دینار (339 دۆلار) مانگانە، کە دووهێندەی ئەوەیە ئێستا پەیدایدەکات".
جەبوری وتی: "گەر دایکی نەبوایە کە چەند رۆژێك دواتر پێیوتم، هەر پێمنەدەزانی. سوپاس بۆ خوا بە ئاستەم توانیمان رزگاری بکەین لەو تاریکستانه."
پسپۆڕێكی بواری ئەمنیی عێراقی، فوئاد عەلی وتی میلیشیاکان پلانی گەورەتریان هەیە لەوەی تەنیا عەمیل و پشتیوانی ئێران دروستبکەن لەنێو خەڵکدا.
بە دیارونای وت: "ئەم میلیشیانە کەلەپور و ماددەی بێهۆشکەر و ماددە قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان بە قاچاخ دەبەنە نێو سوریا و له‌وێشه‌وه بۆ حیزبوڵای لوبنانی و بەپێچەوانەشەوە، كه ره‌نگه ئەندامە نوێکانیان بۆ ئەم چالاکیە نایاساییانە بەکاربهێنن."
وتی هەرکەسێک خۆبەخشانە پەیوەندیبکات بەم میلیشیانەوە، هیچ جیاواز نییە لەوانەی لە داعشەوە تێوەگلان، چونکە هەردووکیان زیان بە عێراق دەگەیەنن وەك نەتەوە.
سەرۆکی پارتی موستەقبەل و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئینتیفاز قەنبەر بە دیارونای وت هەوڵەکانی راکێشانی میلیشیاکان کە هەرزەکاران و لاوان دەکەنە ئامانج، هەنگاوێکی هەڵەی دیکەیە لەلایەن ئەم "دارده‌ستانەی ئێرانەوە".
وتی دوای تیرۆرکردنی ژەنەراڵی باڵای ئێران قاسم سوله‌یمانی و جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس، میلیشیاکانی پشتیوان بە ئێران لە عێراق لەئێستادا بێ سەرکردە و بێ سه‌رپه‌رشتن.
وتیشی ئەم میلیشیانە "خولیای نفوزن" و پەرۆشن بۆ بردنەوەی مەیلی رژێمی ئێران بە راکێشانی ئەندامانی نوێ.
"بەڵام لەئیستادا یارییەکە تەواو بووە،" قەنبەر وتی و ئاماژەیکرد بەوەی زۆربەی عێراقیەکان بەئاسانی ناخەڵەتێن بە فێڵەکانی رژێمی ئێران و به‌كرێگیراوانی.
ئه‌مه زۆر خراپه. ئه‌مه دووڕوویی و ناوزڕاندنی ئه‌و موجاهیدانه‌یه كه پارێزگاری‌یان له ژیان و شه‌ره‌فی خۆیان كردووه. ئه‌وه‌ی رووده‌دات ئه‌وه‌یه كه ئێوه ئێستا پارێزگاری له هێزه داگیركه‌ره‌كان ده‌كه‌ن كه هه‌موو نۆرم و یاساكانیان پێشێلكردووه. خه‌ڵك چوونه ده‌ره‌وه بۆ خۆپیشاندانێكی گه‌وره و قسه‌ی خۆیان كرد. نه‌خێر، نه‌خێر بۆ ئه‌مریكا! په‌رله‌مان ده‌نگی دا بۆ ده‌ركردنی ئه‌و هێزانه و پێشوازی لێنه‌كردنیان چونكه پێشێلكاریی رێكه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ردوولایان كرد. ئه‌م كرده‌وانه بۆ راگرتنی دڵی ئه‌مریكا و ئیسرائیله. به‌هه‌رحاڵ، موجاهیدین ده‌مێننه‌وه و خوێنی شه‌هیدان به‌فیڕۆناچێت. به ویستی خودا داگیركه‌ره‌كانتان به رسوایی ده‌چنه ده‌ره‌وه. عێراق بۆ عێراقییه‌كانه و ئه‌مریكا و په‌یڕه‌وكارانیان باجێكی سه‌نگین ده‌ده‌ن.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه3 كۆمێنت
به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بانه‌وه. "ئه‌ی خاوه‌ن بڕوایان! ئه‌گه‌ر كه‌سێكی به‌دكار هه‌ر هه‌واڵێكی بۆ هێنان، به‌دوای راستییه‌كه‌دا بچن، نه‌وه‌كا بێ ویستی خۆتان زیان به خه‌ڵك بگه‌یه‌نن و پاشان ته‌واو هه‌ست به په‌شیمانی بكه‌ن له‌وه‌ی كردووتانه." ئه‌م وێبسایته درۆیه‌كه بۆ روخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێران و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و میلیشاكانیان. بۆیه، ئه‌ی برایان و خوشكان، هه‌واڵه‌كان پشتڕاستبكه‌نه‌وه و بزانن سه‌رچاوه باوه‌ڕپێكراوه‌كانیان كامانه‌ن. هه‌ندێك كه‌س هه‌ن ده‌یانه‌وێت مه‌رجه‌عیه‌تی دانا و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و میلیشاكانیان بڕوخێنن به‌و بیانووه‌ی كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌كرێن. ئه‌مه راست نییه. بۆیه، تكایه وریابن له‌و هه‌واڵانه‌ی له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كه‌ناڵه شه‌ڕانگێزه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه، كه به‌تایبه‌تی هه‌وڵده‌ده‌ن دووبه‌ره‌كی بخه‌نه‌وه و یه‌كێتی شیعه‌كانی عێراق بشێوێنن. تكایه وریا و تێگه‌یشتوو بن. ئه‌مه پۆستێكی بێ‌نرخ و رێكلامێكه كه بۆ پاره‌په‌یداكردن كراوه.
وه‌ڵام بدهرهوهدهستخۆش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییه درۆیانه ده‌رباره‌ی خه‌ڵكی ئازای عێراق.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه3 كۆمێنت