خۆپیشاندانی بەردەوام لە عێراق و تووندوتیژییهكانی ئەمدواییە دژی خۆپیشاندەران کە خرانه پاڵ میلیشیاکانی ههواداری ئێران زیاتر ویستی عێراقیەکانیان یەکگرتوو کردووە بۆ گۆڕانکاری و دژایەتییان بەرامبەر "کلکەکانی" ئێران، بەرپرسان و توێژەران وتیان.
كامهندێكی پزیشكی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لە 27 کانونی دووەم خۆپیشاندەرێك لە ناسریە کوژرا، لەکاتێکدا پیاوانی چەکدار وروژمیان بردە نێو ئەو مەیدانەی خۆپیشاندەران خێوەتیان لێ هەڵدابوو.
چەکدارانی نەناسراو دوای نیوەشەو دەستبەجێ گەیشتنە مەیدانی حەبوبی شارەکە، ئەو خێوەتانەیان سوتاند کە خۆپیشاندەران تیایدا دەخەوتن.
سەرچاوەیەکی پزیشكی وتی تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد، یەکێکیان کوشت و چواریان بریندارکرد.
خێوەتێكی سەرەکی لە نەجەفیش سوتێنرا لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە.
چاودێران پەنجەی تۆمەتیان بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران راکێشا، کە تۆمەتباریانکردن بەوەی لەپشت رفاندن و تۆقاندنی چالاکوانان و رۆژنامەنوسانەوە بوون.
وتیان ئەم میلیشیانە لەپشت ئەو هێرشانەشەوە بوون كه کرانە سەر خۆپیشاندانەکان لە بەسرە و کەربەلا.
گۆشەگیرکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران
پسپۆڕی کاروباری عێراق عەلی فازل لامی بە دیارونای وت عێراقیەکان لەئێستادا "تەواو هۆشیارن" بەوەی ئهو میلیشیانهی ئێران پشگیرییان لێدهكات "گروپێکی گۆشەگیرکراون".
وتی: "پیاوانی میلیشیا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە وەك کەتائیب حیزبوڵڵا، حەرەکهت نوجەبا، عەسائیب ئەهل حەق، لەگەڵ ئەوانیدی، لەنێو کۆمەڵگەی عێراقیدا پێشوازییان لێناکرێت."
وتیشی عێراقیەکان پیاوانی میلیشیا تۆمەتباردەکەن "بە دڵسۆز نەبوون بۆ عێراق و کارکردن دژی خۆپیشاندەران" کە لە ململانێدان بۆ لەناوبردنی گەندەڵی لە وڵاتهكهدا.
لامی وتی: "هەروەها وەك بەرپرس دەبینرێن لە بڵاوبوونەوەی چەکی بێ مۆڵەتدا و یاخیبوون لە حکومەت. چەمکی 'کلك' مانای وایە ئەوانه پشتیگیری له ئێران دهكهن، هەربۆیە گۆشەگیربوونیان رۆژ لەدوای رۆژ بەردەوامە."
وتیشی لەکاتی تێکشکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوونەتە "هەڕەشەیەکی سەرەکی بۆ ئاسایشی عێراق".
ههروهها وتی عێراقیەکان چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن بۆ هۆشداریدان لە مامەڵەی خراپەکارانە و کاری ئەم میلیشیانە، چونکە ئەم تۆڕانە "رێگە بە ئازادی دەربڕینی زیاتر دەدەن لەوەی خەڵک لەدهرهوهی ئینتهرنێت هەیانە".
عێراقیەکان پشتگیری له سوپا و پۆلیس دهكهن
ئەحمەد حەمزە ناسری، چالاکوانێك کە لە مەیدانی حەبوبی خێوەتی هەڵدابوو، وتی: "عێراقیەکان تەنیا سوپا و پۆلیسی نیشتمانییان دەوێت و بەتەواوی دڵسۆزی وڵاتەکەیانن."
بە دیارونای وت بەڵام بۆ میلیشیاکان ئەمە وانییە، چونکە "خۆیان وەك بەکرێگیراو فرۆشتووە".
وتی: "ناتوانین لە هیچ شتێکدا لەگەڵیان هاوڕا بین، چونکە ئەوان خزمەتی ئێران دەکەن و هاوکات سوود لە سەرچاوەکانی عێراق دەبینن. هەرکەس ئەوەبکات دواتر خیانەت لە هاوڕێیان و دراوسێکانی دەکات، هەربۆیە هیچ متمانەیەك نییە بهرامبهریان."
وتی لە بەرامبەردا ئەمە پیاوانی میلیشیا لە هاونیشتمانیهكانیان دادەبڕێت، "چونکە ناتوانن تەنانەت خۆشی و ناوخۆشی لەگەڵ هاوهڵه عێراقیەکانیان بەشبکەن".
وتیشی عێراقیەکان خوازیارنین پەیوەندی دۆستانەیان هەبێت لەگەڵ ئەو میلیشیانەی فەرماندەی نوێی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئیسماعیل قائانی، بە سەرکردەی خۆیان دەزانن.
میلیشیاکان دژی بەرژەوەندییەکانی عێراقن
ئهندامێكی پهرلهمانی عێراق، لویس کارۆ بە دیارونای وت: "عێراقیەکان دەوڵەتێکیان دەوێت پێکهاتبێت لە چەند دەزگایەکی رێزلێگیراو و بەهێز، ئاسایش و دادپەروەری، نەك پاشاگەردانی و بڵاوبوونەوەی چەکی بێمۆڵەت و میلیشیاکان."
وتی دۆخی پاشاگەردانی "سازگار نییە لەگەڵ بنیاتنانی وڵاتێکی سەلامەت بۆ خۆیان و نەوەکانیان".
سیاسەتمەدار عەباس لافی وتی بژاردەی دەوڵەتێكی بەهێز بێگومان میلیشیاکانی سەر بە ئێران زیاتر گۆشەگیردەکات "تا ئەوکاتەی ئەندامانی ئەم میلیشیانە بەردەوامبن لە خزمەتکردنی خەڵکانێك کە خەڵکی وڵاتی خۆیان نین".
بە دیارونای وت: "دەوڵەتێکی مەدەنیی ئازاد ناتوانرێت بنیاتبنرێت لە سێبەری ئەم میلیشیانەدا کە بەڵێنی دڵسۆزییان بە وڵاتێکی دیکە داوە."
وتی: "بۆیە لەئێستادا خەڵکی عێراق پشتیوانییان بەهێزدەکەن بۆ سوپای نیشتمانی و ئەو میلیشیانە هەستدەکەن تا دێت رەتدەکرێنەوە و لەئەنجامدا زیاتر دوژمنکار دەبن."
لافی پێشبینی ئهوهی کرد کە ئەم گۆشەگیرییە کۆمەڵایەتیە دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوانی میلیشیای زیاتر چەکەکانیان دابنێن و بگەڕێنەوە نێو مەدەنیەکان کە کردەی دوژمنکارانە رەتدەکەنەوە بەرامبەر هاونیشتمانیانیان.
پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق، میسال ئالوسی گومانی لە رۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد، کە وتی دوژمنکارن بەرامبەر خۆپیشاندەرانی عێراق و هەڕەشەن بۆسهر ئاسایشی وڵات و یاخیین لە دەسەڵاتی دەوڵەت.
بە دیارونای وت: "ئەوانه خزمەتی ئێران دەکەن نەك عێراق."
وتیشی ههر تەنیا لەبەر ئەم هۆیەش "ئەوە سروشتیە بۆ خەڵکی عێراق کە لە کۆمەڵگەی خۆیان بەدەریان بنێن و رەتیانبکەنەوە".