ئەمریکا هەفتەی رابردوو ئەحمەد حەمیداوی له کەتائیب حیزبوڵای عێراق وهك تیرۆریست راگەیاند، له هەوڵێكدا بۆ زیادکردنی فشار لەسەر هەوادارەکانی ئێران.
ئەحمەد حەمیداوی، سکرتێری گشتی میلیشیاکە کە ناسراویشە بە ئەبو حسێن یان ئەحمەد موحسین فەرەج، لەلایەن وەزارەتی دەرەوە خرایە سهر "لیستی تیرۆریستە جیهانییەکان"، لهگهڵ دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی لە ئەمریکا ئەگەر هەیبێت و لهقهڵهمدانی هەر مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵیدا وەك تاوان.
کەتائیب حیزبوڵا، کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ئێراندا هەیە، لە 2009 خرایە سهر لیستی گروپە تیرۆریستەکان لەلایەن ئەمریکاوە.
سەرۆکی دژە تیرۆریزم لە وەزارەتی دەرەوە، نەیسن سالێس، لە کۆنفرانسێكی هەواڵدا لە 26 شوبات وتی: "ئەمڕۆ فشارەکانمان تووند دەکەینەوە لەسەر گروپە تیرۆریستەکان."
وتی ئامانجی گروپەکە "پێشخستنی ئامانجی رژێمی ئێرانە بە گۆڕینی عێراق بۆ دەوڵەتێکی پاشگر".
کەتائیب حیزبوڵا بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاندووە لە چەند هێرشێك کە تا ئێستا کراونەتە سەر ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، وەك هێرشی تەقەمەنی دەستکرد و ئاڕپیجی و ئۆپەراسیۆن بە نیشانگر.
هەر لەمدواییانەدا لە 27 کانونی یەکەم، میلیشیاکە هێرشێكی موشەکی کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی عێراق له نزیك کەرکوك و بەڵیندەرێکی مەدەنی ئەمریکی کوشت.
رووداوەکە بارگرژیی تووندتری لێکەوتەوە و ئەمریکا بۆردومانی چەند ئامانجێکی میلیشیاكانی کرد و دواتر بەهێزترین فەرماندەی ئێران قاسم سولەیمانی کوشت لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە نزیك فرۆکەخانەی بەغدا.
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد كه گروپەکە دەستی هەبووە لە هێرشە کوشندەکانی نیشانگران دژ بە خۆپیشاندەران لە تشرینی یەکەم لە بەغدا.
لاوازکردنی کەتائیب حیزبوڵا
رۆژنامەوانێكی عێراقی، زیاد سنجاری وتی سزاكان دژ بە حەمیداوی بەشێكن لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی کەتائیب حیزبوڵا، کە ناسراوە بەوەی زۆر دڵسۆزی ئێرانە.
سنجاری بە دیارونای وت میلیشیاکە گروپێکی چەکدارییە کە بەرژوەندی ئابوری و چەك و کاریگەریی مەترسیداری هەیە، ئەو سەرچاوانەش بەکار دەهێنێت بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای ئێران کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی جیاخوازی مەزهەبی و تووندوتیژی و پشێوییە.
وتی حەمیداوی نزیکە لە هێزی قودسی سوپای پاسداران و پێشتر فەرمانەکانی قاسم سولەیمانی جێبەجێکردووە.
وتیشی لهئێستادا کار دەکات لەژێر فەرمانی فەرماندەی نوێدا، ئیسماعیل قائانی.
حەمیداوی لە پشت چەندین پلان و هێرشەوە بووە کە ئامانجیان زیانگەیاندن بووە بە ئەمنییەتی عێراق لەگەڵ دزینی سەرچاوەکانی و هەڕەشەکردن لە ئەمنییەتی هەرێمی.
سنجاری وتی ئەوانەی بە هاوکاری لەگەڵ سەرکردەكانی میلیشیاكانی تردا ئەنجامداوە، وەك سەرکردەی پێشووی کەتائیب حیزبوڵا ئەبو مەهدی موهەندیس، کە لەگەڵ سولەیمانی کوژرا لە 3 کانونی دووەم.
وتیشی: "سزاكان دەبنە بەربەست لەبەردەم پیلانە تیرۆریستییەکاندا و رێگەخۆشدەکەن بۆ رێکاری رێگریکردنی زیاتر، بە ئامانجی سنووردارکردنی توانای ئەو بریکارانەی ئێران کە ئەرکیان بەردەوامیدانه به هەژمونی ئێران بەسەر عێراق و وڵاتانی دراوسێدا لەگەڵ زیانگەیاندن بە سەقامگیری هەرێمی."
کەتائیب حیزبوڵا لە 2007 دامەزرا و 7,000 چەکداری هەیە، بەگوێرهی راپۆرتە نافەرمییەکان. ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە درێژبوونەتەوە بۆ ناو خاکی سوریا.
سڕبوونی سیاسی
کردنە ئامانجی حەمیداوی لەکاتێکدایە كه عێراق سڕبوونێكی سیاسیدایه و خۆپیشاندانە بەردەوامەکان داوای لاچوونی تەواوی نوخبەی سیاسی دەکەن، کە بە بێتوانا و گەندەڵ و داردەستی ئێران تۆمەتباریان دەکەن.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگهیاند كه یەکشەممە (1 ئازار)، سەرهكوەزیرانی دەستنیشانکراو محەمەد عەلاوی دەستی لە کار کیشایەوە دوای ئەوەی نەیتوانی حکومەت پێکبێنێت.
سەركۆمار بەرهەم ساڵح ئێستا 15 رۆژی هەیە بۆ پێشنیارکردنی کاندیدێکی نوێ -- بهگوێرهی سەرچاوە سیاسییەکان زۆر پێدەچێت سەرۆکی هەواڵگری مستەفا کازمی بێت.
لەهەمانکاتدا، دوێنێ شەو دوو موشەك کەوتنە خوارەوە لە ناوچەی سەوزی بەغدا کە باڵویزخانەی ئەمریکا و هێزەکانی ئەمریکای لێیە، ئەوەش بیستەم هێرش بوو دژ بە موڵکی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدرا لە چوار مانگی رابردوودا.
هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاندووه له هیچ یهكێك لهو هێرشانەی کراونەتە سەر باڵوێزخانەی ئهمریكا له بەغدا و ئەو 5,200 سەربازە ئەمریکییەی لە سەرانسەری عێراقدا جێگیركراون.
بهڵام ئەمریکا پەنجەی تۆمەتی بۆ گروپەکانی نێو حەشدی شەعبی راکێشاوە كه لهلایهن ئێرانهوه پشتیوانی دهكرێن.