هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

خەڵاتی نوێ بەرامبەر زانیاری دەربارەی پێشێلکاریەکانی رژێمی سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە لە دیمەشق. چالاکوانانی سوریا پێیانوایە یاسایەکی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ دابینکردنی خەڵاتی دارایی بەرامبەر زانیاری دەربارەی پێشێلکاریەکانی رژێم زیاتر یارمەتی سنووردارکردنی ئەو رژێمە دەدات. [وێنەکە لە ساناوە وەرگیراوە]

سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە لە دیمەشق. چالاکوانانی سوریا پێیانوایە یاسایەکی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ دابینکردنی خەڵاتی دارایی بەرامبەر زانیاری دەربارەی پێشێلکاریەکانی رژێم زیاتر یارمەتی سنووردارکردنی ئەو رژێمە دەدات. [وێنەکە لە ساناوە وەرگیراوە]

کۆنگرێسی ئەمریکا یاسایەکی نوێی دەرکرد کە خەڵاتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرنامەی خەڵات بەرامبەر دادپەروەری بەرفراوانتر دەکات تا هانی هەواڵدەران بدات زانیاری ببەخشن دەربارەی پێشێلکردنەکانی سزاکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتوەکان.

کۆنگرێسمانی ئەمریکا جۆ ویڵسن لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لە 18 تشرینی دووەم وتی ئەم هەنگاوە یارمەتی ئەوە دەدات هەندێك لە بەدناوترین رژێمەکانی جیهان بەرپرس رابگیرێن و سەختتری دەکات بۆیان خۆیان لە سزاکان لابدەن.

بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکای ژمارە 4802 بەرنامەی خەڵات بەرامبەر دادپەروەری هەمواردەکاتەوە تا خەڵات بدات بەرامبەر زانیاری دەربارەی هەر کەسێك، کۆمپانیایەک یان کیانێك کە تێوەدەگلێت لە چالاکی پێشێلکارانەی سزاکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتوەکان.

چالاکوانانی سوریا وتیان ئەم یاسایە زیاتر گەمارۆی رژێمی سوریا دەدات و لە توانا سەربازی و داراییەکانی کەمدەکاتەوە -- هەنگاوێك کە مەبەستی سنووردارکردنی کوشتاری مەدەنیەکانی سوریا و رێخۆشکردنە بۆ چارەسەری سیاسی بۆ شەڕەکە.

بەقاچاخبردنی بەرهەمە سوتەمەنیەکان یەکێکە لە دیارترین کارە نایاساییەکان لەلایەن ئەو کۆمپانیانەی لە رژێمی سوریاوە نزیکن. [وێنەکە لە ڤیدیۆیەکی ساناوە وەرگیراوە]

بەقاچاخبردنی بەرهەمە سوتەمەنیەکان یەکێکە لە دیارترین کارە نایاساییەکان لەلایەن ئەو کۆمپانیانەی لە رژێمی سوریاوە نزیکن. [وێنەکە لە ڤیدیۆیەکی ساناوە وەرگیراوە]

پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت ئەمە رێدەدات بە خەڵاتدان بەرامبەر زانیاری لەسەر پێشێلکردنی سزاکان لەلایەن رژێمی سوریا و کیان و کۆمپانیا و تاکەکەسانی هاوپەیمانیەوە.

وتی پێشتر، خەڵاتەکان دەدران بەو کەسانەی زانیارییان دەدا دەربارەی تیرۆریستان. لەئێستادا خەڵات هەیە بۆ زانیاری دەربارەی هەناردە و هاوردەی شمەك و تەکنەلۆژیای ئەمریکی بەمەبەستی بازرگانی، کە پێشێلکردنی سزاکانە.

بەسام وتی چاوەڕێی ئەوە دەکات زۆر کەس یارمەتی کاربەدەستان بدەن لە ئاشکراکردنی تۆڕێکی گەورە کە پشتیوانی و دارایی دەدەن بە رژێمی سوریا و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەکانیان.

وتی ئەو تۆڕانە بەتایبەتی گرنگن بەرامبەر پاسداران بەهۆی کۆتوبەندی دارایی زیاتر کە رووبەڕووی دەبێتەوە بەهۆی سزا ئیفلیجکەرەکانی ئەمریکاوە کە لەسەریەتی.

چاوەڕێدەکرێت جیابوونەوە زیادبکات

چالاکوانێکی سوریا، محەمەد بەیك بە دیارونای وت بازنەی ناوەوەی رژێمی سوریا ئەزمونی دۆخێکی دارایی زۆر خراپ و ناکۆکی ناوخۆیی دەکات.

وتی بەهۆی هاندەری خەڵاتەوە، رەنگە هەندێك کەس هانبدرێن هەواڵبدەن دەربارەی چالاکییە بازرگانییە قەدەغەکراوەکان و ئاماژەیکرد بەوەی یاساکە گەرەنتی ئەوە دەکات کە ناسنامەی هەواڵدەرەکە بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی کە پێیاندەدرێت.

بەیك چاوەڕێدەکات زۆر کەس لە رژێمی سوریا جیاببنەوە دوای ئەم یاسایە، بەتایبەتی ئەوانەی زانیارییان لایە دەربارەی ئەو تاوانانەی لەلایەن رژێمەوە ئەنجامدەدرێن.

وتی لەئێستادا جیابوونەوە سەختە، چونکە پێویستی بە سەرچاوەی دارایی و پاراستنی گەرەنتیکراو هەیە، کە رێگرە لە زۆر کەس ئەم هەنگاوە بنێن، بەتایبەتی ئەندامانی حکومەت و سوپا کە زانیاریی گرنگیان لایە.

وتی چالاکوانانی سوریا زۆرجار زانیاری دەدەن دەربارەی پێشێلکاریەکانی رژێم، بۆ پارە نا، "بەڵکو بەهۆی نیشتمانپەروەرییانەوە، بە ئامانجی سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان دژی مەدەنیەکان لەو ناوچانەی هێشتا لە دەرەوەی دەسەڵاتی رژێمدان".

وتی بەڵام هاندەری دارایی پێویستە و "هانی ئەو کەسانە دەدات کە زانیاری گرنگیان لایە و پێویستیان بە پارەیە تا ناوچەکانی ژێردەستی رژێم جێبهێڵن بەهۆی هەستیاریی پۆستەکانیانەوە".

مەترسی لەسەر چالاکی بازرگانیی نایاسایی

ئابوریناسێکی سوریا، مەحمود مستەفا بە دیارونای وت رژێمی سوریا، لەڕێی پەیوەندییەوە بە روسیا و ئێرانەوە، سەدان کۆمپانیای بچوك و مامناوەندی دانا تا یارمەتی شەپۆلی پارە بدات بۆ نێو گەنجینەکەی.

وتی دەرخستنی ئەم کۆمپانیا و کیانانە لەئێستادا تاڕادەیەك ئاسانە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، چونکە شوێنپێهەڵگرتنی هەر شمەکێك یان مامەڵەیەکی بازرگانی لە دەرەوەی وڵاتەکە سەردەکێشێت بۆ ئەو کەسانەی لە سوریادا پێوەی خەریکبوون.

وتی دەکرێت ئەمە بەدەستبێت لەڕێی چاودێریکردنی چالاکییەکانەوە، لەڕێی زەمینی و دەریایی و فڕۆکەخانەکانەوە و ئەو شمەکانەش کە دەگوێزرێنەوە بۆ بنکە سەربازیەکان و بازاڕەکانی رژێم و بەوجۆرەش بەرفراوانکردنی بازنەی ئەو مەدەنیانە و کارمەندانی حکومی و ئەندامانی سوپا کە دەتوانن هەواڵ دەربارەی ئەو جۆرە چالاکیانە بدەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500