سەرکردەی نوێی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەمیر محەمەد سەید عەبدولڕەحمان مەولا بهناوبانگه به دڕندهیی، بەڵام هێشتا وەك نهێنیەك ماوەتەوە.
مەولا جێگەی ئەبوبەکر بەغدادی گرتەوە وەك سەرکردەی ئەو گروپە تووندڕەوە، کە لە تشرینی یەکەم لە هێرشێكی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا له سوریا کوژرا.
داعش سەرەتا وەك ئەبو ئیبراهیم هاشمی قورەیشی پێشكهشی كرد، کە کەسایەتیەکی شاراوەیە و کەم دەربارەی زانراوە، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو باوەڕەی قورەیشی ناوی خوازراوی مەولایە.
مهولا لەنێو داعشدا بە ناوە لادەرەکانی وەك "پرۆفیسۆر" و "رووخێنەر" ناسراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خستیە لیستی تیرۆریستە جیهانیە دیاریکراوە تایبەتەکانەوە و لە 24 حوزەیران خەڵات بەرامبەر زانیاری بۆ زانینی شوێنهكهی بهرزكردهوه بۆ 10 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی شیکاروانی بواری تووندڕەوی لە زانکۆی ساینس پۆ لە پاریس، ژان-پیەر فیلیو، دهشێت مەولا زیاتر بهوه ناسراوبێت كه شهرعیهتی بهخشی بە كردنه ئامانجی کەمینەی ئێزیدی له عێراق لەڕێی رەشەکوژی و دەرکردن و بەکۆیلەکردنی سێکسییهوه.
پەیوەندیەکانی بە بەغدادییەوە
پێدهچێت لە 1976 لەدایکبووبێت، لە تەلەعفەر، نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە موسڵەوە، لە خێزانێکی تورکمان، کە وادەکات یەکێك بێت لەو ناعەرەبە دانسقانەی توانیویانە بەرزببنەوە لە ریزەکانی داعشدا و دواتر چۆتە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان لە موسڵ.
رهچهڵهكهكهی وایکرد نەتەوە یەکگرتوەکان لە کانونی دووەمدا پێشبینی ئەوە بکات کە دەکرێت "تەنیا بژاردەیەکی کاتی بێت تا ئەوکاتەی گروپەکە 'ئەمیر'ێکی رەواتر دەدۆزێتەوە".
ئهو كهسه رهواترهش بریتی دهبێت له نهوهیهكی راستەوخۆی خێڵی هاشمیی قورەیش، کە دەکرێت بەهۆی ئەو ئیمتیازەوە "پشتیوانی تەواو بەدەستبهێنێت لە پارێزگا دوورەدەستەکاندا".
بەگوێرەی پرۆژەی دژە تووندڕەوی، مهولا ئەفسەرێکی پێشتر بوو لە سوپای سەدام حسێندا و لە 2003 پەیوەندیكرد بە ریزەکانی قاعیدەوە و رۆڵی نوێنەری ئایینی و شەرعزانی گشتی شەریعەی بینیووە.
لە 2004 بەغدادیی بینی، لەکاتێکدا ئەو دووانە لە کەمپی بوکا دەستگیرکرابوون لە باشوری عێراق.
مەولا دواتر لەگەڵ بەغدادی مایەوە لەکاتێکدا بەغدادی فەرماندەیی لقی عێراقی قاعیدەی گرتەدەست لە 2010 و دواتریش جیابووهوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق، کە ئێستا بە داعش ناسراوە.
لە 2014، بەگوێرەی پرۆژەی دژە تووندڕەوی، مەولا پێشوازیكرد لە بەغدادی لە موسڵ "پێشئەوەی قاعیدە جێبهێڵێت و بەڵێنی دڵسۆزی و پشتیوانی تەواوی پێدا لە ئەرکە تووندڕەوەکەیدا و پشتیوانی بۆ داعش دابینکرد تا بەخێرایی کۆنترۆڵی شارەکە بکات".
'سیاسهتگوزارێكی دڕنده'
بەگوێرەی پرۆژەی دژە تووندڕەوی، مەولا "خێرا خۆی سەپاند" لەنێو ریزەکانی داعشدا و نازناوی 'پرۆفیسۆر' و 'رووخێنەر'ی وەرگرت.
بهگوێرهی پرۆژهكه، ناسرابوو بە "سیاسهتگوزارێكی دڕنده"ی داعش و بەرپرس بوو لە "نەهێشتنی ئەوانەی دژی سەرکردایەتی بەغدادی بوون".
پسپۆڕێكی عێراقی له بواری تووندڕەویدا، هوشام هاشمی کە لە بەغدا تیرۆرکرا لەم مانگەدا، بەمدواییانە داهاتی مانگانەی گروپەکەی لە عێراق له وەبەرهێنان و باجگرتنەوە خەمڵاندبوو بە نزیکەی 7 ملیۆن دۆلار.
شیکاروانێكی ناوەندی جیهانی بۆ سیاسهتگوزاری، عەبدوڵا غەزاوی وتی: "سەرەڕای لهدهستدانی زۆر لە خاك و سەرچاوە مرۆییهكانی، لەڕووی داراییەوە هێشتا توانای هەیە و داهێنەرە و کوشندەیە و جارێکی دیکە متمانەی باشی بەخۆی هەیە بۆ هەڕەشەکردن لەوانەی پێشێلی بنهماكانی دەکەن."
ئەمە مانای وایە مەولا هاندەر و توانای هەیە بۆ خۆسەپاندنی، بەڵام هێشتا زۆر پرسیار هەیە دەربارەی توانا و شیاویی بۆ رابەریکردنی گروپەکە.
سێس جۆنس لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتیەکان لە واشنتۆن، وتی: "چەندین سکاڵا هەیە لهدژی لەمبارەیەوە و چەندین پرسیار هێشتا ماون دەربارەی ئهوهی چ جۆرە رێکخراوێك بەڕێوەدەبات و دەکرێت تا چەندێك سەرکردەیەکی بەتوانا بێت."
جۆنس وتی: "چەندین ئاستەنگی لەبەردەمدا دەبێت، لە برەودان بە مەیدانی شەڕدا، بەڵام خۆلادانیشی لهوهی بكوژرێت وهك بەغدادی."