هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

داڕوخانی ئابوری له‌ سوریا بارگرژی ده‌رده‌خات لەنێو ده‌سته‌ی فەرمانڕەوایاندا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

رامی مەخلوف، بزنسمانێکی سوری و ئامۆزای سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، بەمدواییانە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە رەخنە لە رژێمی سوریا دەگرێت. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی رامی مەخلوف]

رامی مەخلوف، بزنسمانێکی سوری و ئامۆزای سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، بەمدواییانە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە رەخنە لە رژێمی سوریا دەگرێت. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی رامی مەخلوف]

پسپۆڕان دەلێن داڕوخانی ئابوریی رژێمی سوریا تەنیا بەهۆی دەیەیەك لە شەڕەوە نییە، بەڵكو چەند دەیەیەك لە گەندەڵی بەربڵاویش کە مانای وایە تەنیا چەند کەسێك کۆنترۆڵی هه‌موو سامانه‌كانی وڵاتەکە دەکەن.

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا وتی گەندەڵی بەربڵاو و خزمخزمێنە هۆکاری سەرەکی ئەو راپەڕینە بوو کە 2011 دەستیپێکرد.

بە دیارونای وت خەڵکی سوریا دەستیانكرد به‌و راپه‌ڕینه‌ چونکە ویستیان گۆڕانکاری بهێننه‌ كایه‌وه‌، له‌وانه‌ دابەشکردنی دادوەرانەتری سامانه‌كان.

وتی بەڵام هێشتا بەشار ئەسەد ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سامانی دەوڵەت و خەڵکی سوریادا هه‌یه‌، کە بۆتە هۆی دروستبوونی جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی گەورە.

زیاد لەسه‌دا 80 خەڵکی سوریا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی كۆمه‌كی مرۆیی شام]

زیاد لەسه‌دا 80 خەڵکی سوریا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی كۆمه‌كی مرۆیی شام]

وتی گروپی فەرمانڕەوا پێکدێت لە خێزانی فەرمانڕەوا، خەڵکی نزیك لێیان و هەندێك لە ئەفسەرانی سەربازی کە سامانێکی زەبەلاحیان هەیە، لەکاتێکدا له‌سه‌دا 80 خەڵکی سوریا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

بەڵام بارگرژییه‌كانی ئەمدواییە لەسەر دارایی ناکۆکییه‌كانی له‌ نێوجه‌رگه‌ی رژێمدا ده‌رخستووه‌ و تیشكدەخاتە سەر ئەو فشارە به‌رده‌وامه‌ی رووبەڕووی دەبێتەوە.

بەمدواییانە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەسەر ناڕه‌زایی ناوخۆیی ئاشکرابوو دوای ئەوەی ئامۆزاکەی ئەسەد رامی مەخلوف-- گەورە بزنسمانی سوریا -- بەشێوەیەکی جەماوەری نیگەرانی خۆی دەربڕی دەربارەی رژێم لە دوو پۆستی ڤیدیۆیی فەیسبوکدا.

شیکاروانان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت ئەمە ناکۆکی لەسەر دەسەڵات دەردەخات لەنێو خێزانی دەسەڵاتداردا لەکاتێکدا هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بەهێزبکات دوای نۆ ساڵ لە شەڕ.

ناکۆکی خێزانی

لە ڤیدیۆیەکدا کە 1 ئایار بڵاوکرایەوە، مەخلوف تکای لە ئەسەد کرد فەرمان بدات بە "دووباره‌ رێکخستنەوەی" بڕی 185 ملیۆن دۆلار باج له‌سه‌ر سیریاتێل، کە گەورەترین تۆڕی مۆبایلی سوریایە. مەخلوف، کە سه‌رۆكی سوریاتێلە، بەرپرسی ئیمپراتۆریه‌تێكه‌ له‌ بزنسی دیکەش.

لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا له‌ 3 ئایار، دەزگا ئەمنیەکانی تۆمەتبارکرد بە دەستگیرکردنی کارمەنده‌كانی بۆ ترساندنی تا لە بزنسەکانی دووربکەوێتەوە.

پرسیاری کرد: "کەس بیری لەوە دەکردەوە کە هێزە ئەمنیەکان بەدووی کۆمپانیاکانی رامی مەخلوف بکەون، لەکاتێکدا گەورەترین... سپۆنسەریان بووە لە تەواوی کاتی شەڕەکەدا؟"

عەبدوڵا وتی جیا لەوەی ئەمە رەنگدانەوەی پەرتەوازەبوونی گروپی فەرمانڕەوایە، کارەکانی مەخلوف ئەوە دەردەخات ئەوەی وەك هاوپەیمانێتیەکی بەهێز دەردەکەوت هیچ نییە جگە لە پەیوەندییەکی کاتی.

وتی ئه‌م پەیوەندیە لەسەر بەرژەوەندی ئابوری راوەستابوو، هه‌ر ئه‌وه‌ندی كه‌وته‌ لەرزین ده‌ستیكرد به‌ لێكهەڵوه‌شان.

عەبدوڵا وتی ناکۆکی نێوان مەخلوف و ئەسەد کاردانەوەی گەورەی دەبێت لەسەر داهاتووی نزیکی سوریا و ئاماژەیکرد بەوەی ئەسەد بێگومان پشتیوانییەکی زۆر لەدەستدەدات.

وتیشی ڤیدیۆکانی مەخلوف بێوێنەن لە مێژووی رژێمی سوریادا و ئاماژەیه‌كی روونن بەو ناکۆکییه‌ی لەنێویدا گەشەی سه‌ندووه‌.

وتی لە رابردوودا دەنگۆ لەسەر ناکۆکی ناوخۆیی هەبووە، بەڵام ئێستا له‌ناو خه‌ڵكدا ئاشكار بووه‌شکرایە و دەکرێت بتەقێتەوە بەڕووی ئەسەدا.

کێشەكان پەنگدەخۆنەوە

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لەوکاتەوەی سەرۆکی سوریا دەسەڵاتی لە باوکی گرتە دەست لە 2000، مەخلوف بە پایەیەکی رژێمەکەی ئەسەد دادەنرا.

بەڵام لە هاوینی رابردووەوە کێشەکان پەنگدەخۆنەوە، کاتێك دەسەڵات دەستیانگرت بەسەر رێکخراوە خێرخوازییەکەیدا به‌ناوی بوستان و میلیشیاكانی هه‌واداریشیان هەڵوەشاندەوە.

لە تشرینی یەکەم، ئەسەد وتی كه‌ "داوای کردووە لە هه‌ر كه‌سێك له‌ کەرتی تایبەتدا کە سامانی دەوڵەتی وەرگرتووە پارەکە بگەڕێنێتەوە" له‌ هه‌نگاوێكدا بۆ بوژاندنه‌وه‌ی داراییه‌كانی دەوڵەت.

کاتێکیش رژێم دواتر سامانی زۆر بزنسمانی سڕکرد لەسەر خۆلادان لە باج و خراپ خۆ دەوڵەمەندکردن، مەخلوف و ژنەکەی و کۆمپانیاکانیشی تێدابوون.

ئابوریناسی سوری، محەمەد مستەفا بە دیارونای وت ئەو بیرۆکەیەی گوایە رژێمی سوریا "هەڵمەت دژی گەندەڵی" سازده‌كات شتێکی گاڵته‌جاڕییه‌، هەرچەند به‌هێزیش رژێم هه‌وڵبدات پڕوپاگه‌نده‌ بكات بۆ ئه‌م تێڕوانینه‌ له‌ كرده‌كانی ئه‌مدواییه‌ی.

وتی هەمووان دەزانن رژێم دەستدەگرێت بەسەر سامانی سوریاتێل و چەند کۆمپانیایەکی گەورەی دیکەدا، چونکە سیستمه‌ داراییه‌ داڕوخاوەكه‌ی هه‌رچی قوڵتر ده‌كه‌وێته‌ قه‌رزه‌وه‌.

وتیشی ئەو بزنسمانانه‌ی پارەکانیان دەستیان بەسەردا گیراوە زۆربەیان دڵسۆزانی رژێمن و بەشێك بوون لە تۆڕی گەندەڵی بۆ ماوەی چەندین دەیە. ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ ئەگەری ئەنجامدانی مامەڵەی بازرگانی و دارایی لە دەرەوەی ئەوان ئەستەم بوو.

رۆڵی روسیا

مستەفا وتی هیچ زانیاریەکی پشتڕاستکراوە نییە دەربارەی ژمارە یان شوناسی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵیاندا، بەڵام به‌گوێره‌ی دەنگۆکان لانیکەم 150 کەس ده‌بن.

وتی هەموویان نزیکن لە رژێمی سوریاوە و دادەنرێن بە کەسانی پارێزراو و ئاماژەیکرد بەوەی تۆڕەکە ئاڵۆزە و بزنسمان و بەرپرسانی حکومی و ئەفسەرانی سەربازی به‌ پله‌ی جیاوازه‌وه‌ له‌خۆده‌گرێت.

وتیشی کەسە هەرە بەناوبانگەکان کە پارە و موڵکیان دەستی بەسەردا گیراوە بریتین له‌ مەخلوف، هەزوان وەز، سامر دبس، ئەیمەن جابر، تەریف ئەخرەس و حوسام قاترجی.

توێژەرێكی سیاسی، عەبدولنەبی بەکار وتیرۆڵی روسیا لە شەڕی سوریادا فاکتەرێکی سەرەکی بوو لە دروستکردنی ئەو دۆخەی ئەمڕۆ سوریای خۆی تێدا دەبینێتەوە.

بە دیارونای وت روسیا پشتیوانی له‌ رژێمی سوریا کردووە لە دەستپێکی شەڕەکەوە و هۆی ئەوەشه‌ کە هێشتا لە دەسەڵاتدایە.

بەکار وتی روسیا گرنگی بەو قەیرانە ئابورییانه‌ نادات كه‌ رژێمی سوریا یان خەڵکی سوریا رووبەڕووی دەبنەوە و ئاماژەیکرد بەوەی تەنیا شتێك کە گرنگی پێدەدات مانه‌وه‌ی رژێمەکەی ئەسەدە.

وتی ئەمە لەبەرئەوەی رژێمی سوریا دڵنیایی دەدات لەوەی روسیا ئامادەییەکی سەربازیی یاسایی هەبێت لە ژمارەیەك بنكه‌ی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی له‌ سوریا، کە لەڕێیەوە هێزەکانی روسیا دەتوانن پلانه‌ ستراتیژیه‌كانیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێبکەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500