ئەمریکا پێنجشەممە (28 ئایار) رایگەیاند 3 ملیۆن دۆلار دابیندەکات بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەیهكی باڵای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە سەرپەرشتی ڤیدیۆکانی كوشتارهكانی تووندڕەوانی کردووە.
وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند كه خەڵاتەکە دەدات بەرامبەر پێدانی زانیاری دەربارەی شوێنەکەی یان دەستنیشانکردنی محەمەد خدر موسا رەمەزانی ئەردەنی، کە ناسراویشە بە ئەبوبەکر غەریب.
لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "سەرپەرشتی پلاندانان و هەماهەنگی و بەرهەمهێنانی ژمارەیەك ڤیدیۆی پروپاگەندە و بڵاوکراوە و سهكۆكانی ئینتەرنێتی کردووە کە چەندین دیمەنی دڕندانە و دڵڕەقانەی ئەشکەنجە و كوشتاری بەکۆمەڵی مەدەنیە بێتاوانەکانیان تێدابووە."
رەمەزان رێبەرایهتی هەوڵێکیشی کردووە بۆ "نەهێشتنی بیروبۆچوونه میانڕەوهكان لەنێو داعشدا، زیندانیکردنی ئەو ئەندامانەی تیمی پروپاگەندەی داعش کە پابەندی تەفسیری تووندڕەوانەی ئەو نەبوون بۆ ئیسلام،" بەگوێرەی ماڵپهڕی خەڵات بەرامبەر دادپەروەری.
لە ناوەندی ئایاردا ڤیدیۆیەکی 50 خولەکی بەرهەمهێنراو لەلایەن داعشەوە لەسەر ئهكاونتی تووندڕەوەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە.
چەند کلیپێك بوو کە چەندین هێرشی ئەندامانی داعشیان نیشاندەدا چەند هەفتەیەك پێشتر لە عێراق ئەنجامیاندابوو.
كوشتنی خێڵەکیە بێچەکەکانی نیشاندەدا لە باکور و خۆرئاوای عێراق، لەگەڵ سوتاندنی کێڵگەی گەنم و باخەکان، تەقاندنەوەی ستوونی کارەبا و تەقەکردن لە مەڕوماڵات.
هەروەها چەند دیمەنێکی تەقاندنەوەی بۆمبی دەستکردی تێدابوو، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی نیشانگری و هێرشە چەکدارییەکان دژی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و ئەو مەدەنیانەی بە چەندین پاساوی جیاواز سەردەبڕدران.
هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە تشرینی یەکەم سەرکردەی گروپەکە ئەبوبەکر بەغدادییان کوشت لەنێو سوریادا، کە لەوێ تووندڕەوان کاتی خۆی بەناو "خەلافەت"ێکیان بەڕێوەدەبرد کە درێژدەبۆوە بۆ عێراق.
تووندڕەوەکان سەربڕینی دەستبەجێ و بەکۆیلەکردنی ناموسڵمانانیان ئەنجامدەدا، بەجۆرێك ڤیدیۆی کارەکانیان بڵاودەکردەوە کە بەکاردەهێنران بۆ راکێشانی چەکداران لە تەواوی جیهاندا.