شارهزایان بە دیارونایان وت هەڵمەتێکی تووندی سزاكانی ئەمریکا تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە لە پچڕاندنی تۆڕی بیانیی یارمەتییە داراییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە لەڕێیانهوه هاوکاری بۆ ئەو چالاکیانە دەستدەکەوێت کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.
وتیان کاریگەریی سزاكان، کە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی رژێمی ئێران و لایەنگرەکانیان کردۆتە ئامانج -- بەتایبەتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و لوبنان -- تابێت روونتر دەردەکەوێت.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای نوێی خستۆتە سەر دەیان رێکخراو و کەسایەتی کە یارمەتیی دارایی سوپای پاسداران دەدەن، کە پێكڕا ملیۆنان دۆلاریان ناردووە لەڕێی پارە سپیکردنەوە و بازرگانی نایاسایی و هەڵمەتی پارەکۆکردنەوە.
نوێترین کۆمەڵەی سزاكان، کە لە 26 ئازار راگەیهندران، دژ به تۆڕێکی بەرفراوان لە 15 کەسایەتی و پێنج کۆمپانیا لە عێراق و ئێران بوون کە پشتیوانی هێزی قودسی سوپای پاسدارانیان کردووە.
تۆڕەکە تێوهگلابوو لە ناردنی هاوکاری کوشندە بۆ میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانی وهك عەسایب ئەهل ئەلحەق، لەگەڵ کاری قاچاخچێتی لە بەندەری ئوم قەسری عێراقەوە و سپیکردنەوەی پارە لەڕێی چەند کۆمپانیایەکی عێراقییەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاند کە تۆڕەکە بەشداربوون لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە رژێمی سوریا، بەقاچاخبردنی چەک بۆ یەمەن، لەگەڵ چەندین کردەوەی تاوانکارانەی تر.
راوێژکارێک لە ناوهندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، فەیسەڵ حوسەین وتی دواهەمین سزاكان "فشارێكی واشنتۆن بوو بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی رژێمی ئێران و میلیشیا لایەنگرەکانی".
بە دیارونای وت: "هیچ کەسێک رێگەی پێنادرێت بازرگانی لەگەڵ لایەنێک بکات کە سزای لەسەربێت یان بەجۆرێک ئاسانکارییان بۆ بکات."
وتیشی: "دەبێت دەستبەجێ هەموو ئاڵوگۆڕێکی بانکی، کڕین و فرۆشتن و تەواوی چالاکییە ئابوری و داراییەکانیان بوەستێنن."
'سەرچاوەیەکی سهرهكیی مەترسی'
حوسەین وتی سوپای پاسداران و بهكرێگیراوانی، لهنێویاندا تاكهكهسان و کۆمپانیاكان، "سەرچاوەیهكی سهرهكی مەترسین بۆسەر ئاشتی نێودەوڵەتی بەهۆی هەڵمەتە چەکدارییەکانیانەوە کە هەڕەشە لە مەدەنییەکان دەکەن".
وتی بەشێکیان بەشداربوون لە چالاکییەکانی وەک قاچاخچێتی ماددهی هۆشبهر و بازرگانی چەک، لەگەڵ بەتاڵانبردنی سەرچاوە نیشتمانییەکان و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە سزا ئابورییەکان "بەشێوەیەکی بەرچاو کارەکانی لایەنگرانی ئێرانیان کەمکردۆتەوە".
وتیشی: "سزاکان چەندین تۆڕی بانکی و هەڵمەتی بازرگانی و سپیکردنەوەی پارەیان کردۆتەوە ئامانج کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی حیزبوڵای لوبنان و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دەکەن."
وتی لە ئاکامدا، "حیزبوڵا ئێستا دووچاری سەختیی بێوێنەی ئابوری هاتووە، کە ئەمەش بۆته هۆی کشاندنەوەی بەشێک لە چەکدارانی لە سوریا".
ههروهها وتی: "چەکدارانی ئێران و عێراق تووشی هەمان دۆخ هاتوون لەکاتێکدا ناوی سەرکردەکانیان لە لیستی سزاكاندا هاتووە، ئەمەش بۆته هۆی زیانگەیاندن بە چالاکییەكانی قاچاخچێتی پارە و نەوت و هەوڵەکانیان بۆ خراپکردنی ئابوریی عێراق."
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، میسال ئالوسی بە دیارونای وت: "بهڕێوهبهرانی دارایی و بهكرێگیراوانی ئێران تۆڕێکی گەورە و رێکخراون کە لە چەند بوارێکدا چالاکن، لهنێویاندا تاڵانی، باج، قاچاخچێتی و دەستبەسرداگرتنی موڵکی گشتی."
وتی سزاكانی ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەکی ئەو رێکخراو و لینکانەیان كردۆته ئامانج کە لەو تۆڕەدان، بەئامانجی هەڵوەشاندنەوەی لە ناوچەکە و جیهاندا.
سزا 'کاریگەر و پتەوهكان'
ئالوسی وتی لەڕێی ئەو سزایانهوه، ئەمریکا دەیەوێت بهكرێگیراوانی ئێران ناچالاک بکات، کە بەرپرسن لە ئازاردانی هەزاران کەسی بێتاوان و چەندین پێشێلكارییان ئەنجامداوە.
ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ئەمە رێ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی تووند لە دژی رژێمی ئێران و هاوپەیمانانی خۆشدەکات و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەولەتی کرد رۆڵێکی گەورەتر ببینێت کاتێک بابەتەکە دێتە سەر هەڕەشەی ئێران.
نوسەرێكی بەحرێنی و لێکۆڵەری سیاسی، عەبدوڵا جونەید بە دیارونای وت باوەڕی وایە ئەو سزا ئابوریانەی سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسدارانیان کردۆتە ئامانج، "کاریگەر و پتەون".
وتی ئەو سزایانە ئەجێندای ئێرانیان هەوڵوەشاندۆتەوە کە ههوڵدهدات "ناوچەکە گڕتێبهربدات" لەڕێی شهڕ و کێشە و ناکۆکییهكانهوه.
جونەید وتی سزاكان چەندین کەسایەتی، کۆمپانیا و رێکخراو دەگرنەوە کە پێشتر هاوکاریی داراییان پێشکەشی رژێمی ئێران کردووە و یارمەتییان داوە دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان بجوڵێنەوە.
وتیشی سزاكان رێگرییان لە رژێمی ئێران و سوپای پاسداران کردووە بەردەوامبن لە چالاکییە خراپەکارانەکانیان بە کردنەئامانجی سەرچاوەكانی دارایی بۆ میلیشیاکانیان.
لە گرتە ڤیدیۆیەکی ناوەڕاستی شوباتدا، کە لە سەرەتای نیساندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووهوه، وەزیرێکی پێشووی کۆماری ئیسلامی، پهرڤیز فەتاح، دەڵێت فەرماندەی پێشووتری هێزی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی جارێکیان پرسیاری لێکردووە تا یارمەتی دارایی پێشکەشی فەوجی فاتمیونی ئەفغانی بکات.
یەکە سەربازییەکە لەلایەن هێزی قودسەوە لە 2014 پێکهێنراوە بۆ شەڕکردن له سوریا لهپاڵ ئهو هێزانهدا كه لایەنگری له بەشار ئەسەد دهكهن.
جونەید جهختیكردهوه لە گرنگی بەدواکەوتنی ئهو پارەیەی بۆ گروپە لایەنگرەکانی ئێران دەڕوات و لێکۆڵینەوەش لە یارمەتییە داراییەکان کە لە کۆکردنەوەی کۆمەک و ئاڵوگۆڕە ئابورییە گەورەکانەوە سەرچاوەدەگرن.
وتی ئەو رێسایەی رژێمی ئێران بەکاریدەهێنێت و سوورە لەسەر بەکارهێنانی، بەمنزیکانە زیانێکی زۆری پێدەگەیەنێت.