هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

خەڵکی سوریا نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیر

پاسێک لە شاری دێرە زوور چەند کەسێکی عێراقی و ئێرانی بەرەو سوریا دەگوێزێتەوە. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

پاسێک لە شاری دێرە زوور چەند کەسێکی عێراقی و ئێرانی بەرەو سوریا دەگوێزێتەوە. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

دانیشتوانی ناوچەکانی دیرە زووری سوریا کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ کۆنتڕۆڵکراوە، نیگەرانی و ترسی خۆیان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) دەربڕیوە، چالاکوانێکی ناوخۆ وتی.

هەرچەندە سوریا هێشتا هیچ کەیسێکی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رانەگەیاندووە، بەڵام ژمارەیەک سەرچاوە رایدەگەیەنن کە ڤایرۆسەکە، کە تاڕادەیەک گەیشتۆتە تەواوی جیهان، لە سوریادا بڵاوبۆتەوە.

چالاکوانێكی دیرە زوور جەمیل عەبد وتی دانیشتوانی ئه‌و پارێزگایەی خۆرهەڵات، کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق، ترسیان لەوە هه‌یە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڤایرۆسەکە لە سوریا بڵاوبکەنەوە.

ناوبراو بە دیارونای وت چەکدارەکان ئازادانە لەنێوان ئێران و عێراق و سوریادا هاتوچۆده‌كه‌ن، لەڕێی چەندین دەروازەوە کە خۆیان کۆنتڕۆڵیان دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ پشکنینێکی پزیشکی بکەن، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی بڵاوکردۆتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆناش لەگەڵیاندا ئاودیوی سنوور دەبێت.

شەقامێک لە دیرە زوور چۆڵوهۆڵە، بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوه‌. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

شەقامێک لە دیرە زوور چۆڵوهۆڵە، بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوه‌. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، جه‌ڤاید رەحمان، سێشەممە (10 ئازار) وتی کاردانەوەی ئێران بۆ په‌تا کوشدنەکە-- كه‌ یەکێک لە زۆرترین رێژەی بڵاوبوونەوەیه‌ لە دەرەوەی چین، کە سەرەتا نەخۆشییەکە لێی سەرچاوەی گرت -- "زۆر کەم و زۆر درەنگ" بووە.

ئێران هەینی رایگەیاند کە 85 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسکەوە گیانیان لەدەستداوە -- كه‌ بەرزترین رێژەی مردنە لەو وڵاته‌ له‌ رۆژێکدا -- ئەمەش کۆی گشتی مردوان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەو وڵاتە ئیسلامییه‌دا بەرزدەكاته‌وە بۆ 514 کەس لە 11,364 تووشبوو.

عەبد وتی لە دێرە زوور روونبۆتەوە کە مەدەنییەکان نایەنەوێت هیچ بەرکەوتنێکیان لەگەڵ میلیشاکانی سەر بە ئێران هەبێت.

وتی جگه‌ له‌و نیگەرانیانەی چەکدارەکان ڤایرۆسەکە لە سوریا بڵاودەکەنەوە، دانیشتوان تێبینیانکردووە کە راپۆرتە فەرمییەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسکە لە سوریا بەدەستی ئەنقەست بە شێوەیەکی ناڕوون هێڵدراونەتەوە.

وتی ترس لەوەش هەیە رژێم زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەشارێتەوە، لەگەڵ شکستیش بۆ رێگریکردن و خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی لە سوریا.

نیگەرانییەکان سەربارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان

عەبد وتی رێوشوێنی تووند لە دەروازە سنورییەکه‌ی ئەلبو کەمال، لە سنووری عێراق، به‌رامبه‌ر مەدەنییه‌كان و چالاکی بازرگانی گیراونەتەبەر و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە خاڵە سنورییەکە بۆ ماوەیەکی کاتی وەک رێوشوێنی خۆپارێزی، داخراوە.

وتی بەڵام لەو دەروازە سنووریانەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کۆنتڕۆڵدەکرێن، قەرەباڵغی و هاتوچۆ وەک جارانە و هیچ پشکنینێکی پزیشکیش ئەنجامنادرێت.

وتی نیگەرانییەکان لە سوریا زیادیانکردووە، دوای ئەو راپۆرتانەی لە میدیاکاندا بڵاوکرانەوە کە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی موجته‌هید لە دیمەشق ئاماژەی بەوە کردووە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراوە.

بەگوێرەی راپۆرته‌كانی میدیا ناوخۆییەکان، دواتر فشاری لێکراوە بۆئەوەی لەسەر تەلەڤزیۆن دەربکەوێت و نکۆڵی لە بوونی وەها کەیسێک بکات.

عەبد وتیشی بەرپرسانی سوریا چەند رێوشوێێکی پێشگیرییان لە ناوچە سنوورییەکانی سەر سنووری ئەردەن و عێراق گرتۆته‌به‌ر، بەڵام هیچ رێوشوێنێک بەرامبەر گەشتی ئاسمانی لە ئێرانه‌وه‌ بۆ سوریا و بە پێچەوانەوە، هەروەها لەڕێی دەروازە سنوورییە نایاساییەکانه‌وه‌ نەگیراوەتەبەر.

وتی ئەمەش بێنرخی ژیانی مەدەنییەکان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی میلیشیاکان دەردەخات، لەکاتێکدا تەواوی وڵاتان رێوشوێنی پێشگیری و خۆپاراستنیان گرتۆته‌بەر.

عەبد رژێمی سوریای تۆمەتبارکرد بە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکە بەهەمان شێوە کە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە، کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی فراوان لە تەواوی وڵاتەکەدا.

رێگرترن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئیدلیب

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە رێکخراوە مرۆییەکان لە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای ئیدلیب، کە ژێرخانێکی تەندروستیی وێرانی هەیە و خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون، ئەمەش کۆنتڕۆڵکردنی دەکاتە کارێکی سەخت.

وتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هێدین هاڵده‌رسن، یەکشەممە هۆشداریدا کە "سیستەمی لاوازی تەندروستی" لە سوریا "رەنگە لە توانایدا نەبێت وەڵام یان کاردانەوەی" بۆ پەتاکە هەبێت.

مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆر بەرزە و بەتایبەتیش لە باکوری خۆرئاوای سوریا، کە تێیدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە کانونی یەکەمەوە ئاوارەبوون بەهۆی هێرشێکی رژێمه‌وه‌ بە پشتیوانی روسیا.

کەمپە جه‌نجاڵه‌كان پڕده‌بن له‌ خەڵکی نوێ و چه‌ندانیش هێشتا له‌ ده‌شتوده‌ردا دەخەون.

ناوەندە تەندروستییەکان لە میانه‌ی دواهەمین هەڵمەتی بۆردومانکردندا کرانە ئامانج و ئەمە توانای سیستمی تەندروستی کەمکردەوە کە بەهۆی شەڕە حەوت ساڵییەکەوه‌ وێران بووە.

ئاگربەستێکی روسیا و تورکیا هەینی چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تاڕادەیەک ئیدلیبی ئارامکرده‌وە بۆ یەکەمین جار لە چەندین مانگدا.

بەڵام زۆربەی خەڵکه‌كه‌ ترسیان لەوەیە دواجار شەڕەکە ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و ببته‌ هۆی ئاڵەنگاری زیاتر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

میستی بوسوێڵ لە رێکخرای خاچی سوور وتی بارودۆخەکە لە ئیدلیب "زۆر گونجاوە" بۆ ڤایرۆسەکە.

وتیشی: "بڵاوبوونەوەی زۆر وێرانكارانه‌ ده‌بێت بۆ هەزاران کەس کە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە بەهۆی نەبوونی خۆراکی پێویست و ئاوی خاوێن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کەشوهەوای سارده‌وه‌."

بوسوێڵ وتی رێکخراوی خاچی سوور ته‌ركیزی له‌سه‌ر ێگریکردن بوو له‌ نەخۆشی، بەڵام لەگەڵ "لایەنە ناوخۆکانی تەندروستی" کاردەکەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر بڵاوبوونەوەیەکی ڤایرۆسەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500