بە خەمڵاندن 170,000 لەو 900,000 مەدەنیەی ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن لە شەپۆلێکی زەبەلاحی ئاوارەییدا لە باکوری خۆرئاوای سوریا لە دەشتودەر دەژین، نەتەوە یەکگرتوەکان پێنجشەممە (20 شوبات) رایگەیاند.
گەورەترین شەپۆلی ئاوارەیی لەوکاتەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا نزیکەی نۆ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد لە ناوەندی زستاندا روودەدات، بەجۆرێك پلەی گەرما زۆرجار دەگاتە ژێر پلەی سفر و بەفر هەندێك ناوچەی داپۆشیوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "دۆخی سەختی زستان مەینەتی ئهو خەڵکهی زیاترکردووە كه زۆر لاوازن و لە ماڵەکانیان هەڵاتوون تا لە تووندوتیژی رزگاریان ببێت، کە زۆرێکیان چەندین جار ئاوارە بوون لە ماوەی نۆ ساڵی ئەم شەڕەدا."
له دواههمین ئاماریدا، نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند كه نزیکەی پێنج یەکی ئاوارە نوێکان لە دەشتودەر دەژین.
راشیگەیاند: "بهخهمڵاندن نزیکەی 170,000 لەو کەسانەی تازە ئاوارەبوون، لە دەشتودەر یان بینا تهواونهبووهكاندا دەژین."
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە ئەو کەمپانەی پەناگەن بۆ ئەوانیدی تەواو جهنجاڵ بوون و زۆرێك لە خێزانەکان خێوەت هەڵدەدەن بەبێ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەك سەرئاو.
پێویستی بەرگرتن بە کارەساتێكی مرۆیی
هەماهەنگیکاری باڵای کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مارك لۆوکۆك، پێشتر لەم هەفتەیەدا هۆشداریی دابوو لەوەی پێویستە ئاگربەستێك رێگربێت لە کارەساتێکی مرۆیی کە پێشتر و بەو رادەیە لە شەڕی سوریادا نەبینراوە.
بەڵام لە دەنگدانێکی چوارشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا روسیا رێی لە بڕیارێك گرت کە داوای ئاگربەستی دەکرد.
بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا، رژێمی سوریا و هێزە هاوپەیمانەکانی نزیكدەبنەوە لە دوایین قهڵای ئۆپۆزسیۆنی چەکدار.
جوڵەیهكی دهورهدهری هێزەکان، كه بهردهوامه بەرەو ئیدلیب لە باشور و له حەلەبەوە تا خۆرهەڵات، ناوچەکەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن گەمارۆدەدات و دەیکاته ناوچەیەکی تەواو بچوککراوە.
ئەمە بە خەمڵاندن سێ ملیۆن کەسیش ناچاردەکات بەرەو ناوچەیەکی تەواو ئابڵوقەدراو و جهنجاڵ بڕۆن نزیك بە سنووری تورکیا.
نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لە تورکیا کردووە ئاوارەی زیاتر وەربگرێت و رایگەیاندووە کە دۆخەکە له بارێكی تەواو کتوپڕدایە.
تورکیا، کە لەئێستادا شوێنی زۆرترین ئاوارەی سوریایە لە جیهاندا و 3.6 ملیۆن کەسی لەخۆگرتووە، دەیەوێت رێبگرێت بە کۆڕەوێكی دیکەی بهرفراوان.