هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

خراپی حکومڕانی سورییەکان دەخاتە مەترسییەوە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

دیمەنێکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەک، چه‌ندین دانیشتووان پیشانده‌دات لەبەردەم نانەواخانەیەکدا لە دێرە زوور كۆبوونه‌ته‌وه‌. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

دیمەنێکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەک، چه‌ندین دانیشتووان پیشانده‌دات لەبەردەم نانەواخانەیەکدا لە دێرە زوور كۆبوونه‌ته‌وه‌. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

لەوکاتەوەی رژێمی سوریا یەکشەممە (22 ئازار) یەکەم حاڵەتی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) راگەیاند، نیگەرانییەکی زۆر لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم هاتۆته‌ ئاراوە بەهۆی ئەوەی حکومەت کاری پێویست ناکات بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکه‌.

چالاکوانێك وتی هەرچەنده‌ قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم لە دێرە زوور راگەیەنراوه‌، بەتەواوی پشتگوێخراوە و جێبەجێناکرێت، خەڵکه‌كه‌ش هێشتا لەبەردەم نانەواخانەکان و ئامێرەکانی پاره‌ڕاكێشان و له‌ بازاڕەکاندا کۆدەبنەوە.

چالاکوانێكی دێرە زوور، جەمیل عەبد بە دیارونای وت قەدەغەکردنی هاتوچۆکە، وەک رێوشوێنێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونه‌وەی ڤایرۆسەکە، وەستاندنی هەموو گواستنەوە تایبه‌ت و گشتییەکان دەگرێتەوە.

وتی لەو پارێزگایه‌ خۆرهەڵاتی وڵاته‌كه‌ قەیرانی ده‌ستنه‌كه‌وتنی ئارد هه‌یه‌، بۆیە دانیشتوانه‌ مەدەنییه‌كه‌ بە سەدان لەدەرەوەی نانەواخانەکان کۆدەبنەوە.

مارکێتێک لە دێرە زوور هێشتا کراوەتەوە و چالاکە سەرباری نیگەرانییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

مارکێتێک لە دێرە زوور هێشتا کراوەتەوە و چالاکە سەرباری نیگەرانییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

وتیشی لەهەمانکاتدا، نرخی خۆراك لە بەرزبوونەوەدایه‌ و ئاژانسەکانی سەر بە رژێمیش رێوشوێنی پێیوست ناگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئەو بازرگانانە سزانادەن کە دۆخەکە دەقۆزنەوە.

نیگەرانی لە ناوچە کوردییەکان

لە باکوری خۆرهەڵات، كه‌ له‌ژێردەسەڵاتی کوردەکاندایه‌، رێکخراوە مرۆییەکان و بەرپرسان هۆشدارییانداوە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکرێت زیان بە ناوچەکە بگەیەنێت، کە تێیدا نزیکەی 100,000 کەس لە کەمپەکاندا دەژین و پێداویستییە پزیشکییەکان روو لە کەمی دەکەن.

سەرۆکی به‌شی تەندروستیی حكومه‌ته‌ خۆسەرییەکە، جەوان مستەفا وتی: "تەنانەت پێش گەیشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، پێویستییەکانمان زۆربوون، ئێستا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی، پێویستمان بە پشتیوانیی زیاترە."

بەپێچەوانەی باکوری خۆرئاوای سوریاوه‌، کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیاوە هاوکاری دەنێرێت، باکوری خۆرهەڵات بێبەشە لە دەروازەی سنووری بۆ هاوکارییە پزیشکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەلایەکی ترەوە، ناردنی شمه‌ك له‌ ناوخۆی سوریاوه‌ پێویستی بە رازیبوونی رژێمە، کە هێشتا رازیبوونی خۆی رانەگەیاندووە.

رێکخراوی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی هۆشداریداوە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە باکوری سوریا ده‌شێت بەجۆرێک خراپ بێت، کە جیهان بەخۆیەوە نەبینیووە.

رێکخراوەکە رایگه‌یاند: "بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان چیتر ناتوانێت پێداویستی پزیشکی له‌ڕێی سنووره‌وه‌ دابینبكات، توانای زۆربەی رێکخراوە مرۆییەکان بۆ بەجێگەیاندنی پێداویستییەکانی چاودێری تەندروستی بۆ کەسانی نێو کەمپەکان، بۆنمونە کەمپی حۆل... كۆتایی پێهاتووه‌."

مستەفا هۆشداریی دا کە کەمپی ئاوارەکان جێی نیگەرانییه‌كی قووڵه‌، لەکاتێکدا رێوشوێنەکانی خۆلێكبه‌دوورگرتنی کۆمەڵایەتی ناتوانرێت لە شوێنی لەم جۆرەدا جێبەجێبکرێن.

وتی: "کەمپەکە خۆی لە خۆیدا کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتییە و ئەمەش کێشەکەیە،" ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە بۆ رێگریکردن لەوەی ڤایرۆسەکە بگاتە ئەو شوێنە، بەرپرسان چوونەژوورەوەی کارمەندانیان سنووردارکردووە، مەگەر لە حاڵه‌تی پێویستیدا.

وتیشی لە حاڵەتی بڵاوبوونەوەدا، خێوەتێکی گەورە لە هەر یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كان دەکرێت بە زۆنی کەرەنتینه‌ و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە "لەوە زیاتر ناتوانین بکەین".

زیندانییەکانی رژێم لەمەترسیدان

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، گێر پێده‌رسن، سێشەممە داوای ئاگربەستێکی سه‌رانسه‌ریی له‌ وڵاته‌كه‌دا کرد بۆ باشتر وەڵامدانەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

ناوبراو داوای ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانییەکان و رێدان بە هاوکارییە مرۆییەکان کرد بۆ هه‌موو به‌شه‌كانی وڵاتەکه‌.

گروپەکانی مافی مرۆڤ سێشەممە هۆشدارییاندا لە روودانی "کارەساتێکی گەورەی مرۆیی" ئەگەر ڤایرۆسەکە لەناو بەندیخانە قەرەباڵغەکانی رژێمدا بڵاوببێتەوە، کە تێیدا دەستگیرکراوان ته‌نانه‌ت لە چاودێری تەندروستیی ئاسایی بێبەشن.

رێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی و چاودێری مافەکانی مرۆڤ ده‌مێكه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ به‌دۆكومێنتكردنی پێشێلکارییەکانی نێو بەندیخانەکانی رژێم، لەنێویاندا لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدان و برسیکردن.

لە بەیاننامەیه‌كدا دووشەممە، 43 گروپی چالاکوانانی سوریا زۆریان لە حکومەت کرد ده‌ستبه‌كاربێت و داوایانكرد زیندانیانی سیاسی ئازادبكات و هه‌موو دەستگیرکردنێكی نوێش رابگرێت.

داواشیان له‌ رژێم كرد ناوەندەکانی دەستگیرکردن بكاته‌وه‌ به‌ڕووی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و كۆمیسیۆنی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500