هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رژێمی ئێران رووبه‌ڕووی 'قەیرانی رەوایی' دەبێته‌وه‌

سینا فەرهادی

پاسداران و سوپای ئێران بەشداریده‌كه‌ن لە راهێنانێکی هاوبەشدا وەك بەشێك لە 'هەڵمەتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا'ی پاسداران لە شاری سنەی پارێزگای کوردستان. لەجیاتی ئەوەی کاری پاسداران بە بەرگرتن بە ڤایرۆسەکە باوەڕ لای خەڵك دروستبکات، ئێرانیەکان متمانەیان بە پاسداران و سەرکردایەتی سیاسی نەماوە. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

پاسداران و سوپای ئێران بەشداریده‌كه‌ن لە راهێنانێکی هاوبەشدا وەك بەشێك لە 'هەڵمەتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا'ی پاسداران لە شاری سنەی پارێزگای کوردستان. لەجیاتی ئەوەی کاری پاسداران بە بەرگرتن بە ڤایرۆسەکە باوەڕ لای خەڵك دروستبکات، ئێرانیەکان متمانەیان بە پاسداران و سەرکردایەتی سیاسی نەماوە. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

لەکاتێکدا ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (COVID-19) بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە لە ئێراندا -- بەجۆرێك تەنیا چوارشەممە (11 ئازار) 63 مەرگی نوێ راگەیەندرا، کە بەرزترین رێژەی مەرگە لە یەك رۆژدا لەو وڵاتە -- زۆرێك لە ئێرانییەکان رژێم تۆمەتباردەکەن بە خراپ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە.

چاودێران وتیان هاوڵاتیانی ئێران ئاماژە ده‌كه‌ن بە کەموکورتی لە بەڕێوەبردن و به‌نهێنیهێشتنه‌وه‌ و درۆكردن و رژێمەکە تۆمەتباردەکەن بەوەی هێواشە لە وەڵامدانەوە و هەنگاونانی بەرپێگرانە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی ئێران، لەگەڵ هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ئاستی پەرەسەندنی پەتاکە.

هەماهەنگیکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، جاڤید رەحمان، سێشەممە وتی وەڵامی ئێران بۆ ئەو پەتا کوشندەیە -- کە یەکێکە لە توشبووترین وڵاتانی دەرەوەی چین كه‌ پەتاکە لێوه‌ی سه‌ریهه‌ڵدا -- "زۆر هێواش و زۆر درەنگ بوو".

به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، ره‌حمان وتی تاران هێواش بووە لە کاردانەوە بەرامبەر ڤایرۆسەکە کاتێك بڵاوبۆتەوە و هێشتاش بەپێی پێویست کاری نەکردووە.

پاسداران چەند ناوچەیەکی شاری قوم پاکدەکاتەوە وەك بەشێك لە 'هەڵمەتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا'. زۆر لە ئێرانیەکان رژێم تۆمەتباردەکەن بە خراپ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

پاسداران چەند ناوچەیەکی شاری قوم پاکدەکاتەوە وەك بەشێك لە 'هەڵمەتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا'. زۆر لە ئێرانیەکان رژێم تۆمەتباردەکەن بە خراپ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

رەحمان وتی: "زانیاریدان و پەیوەندیگرتنی شەفافمان دەوێت لەگەڵ جەماوەر."

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لە 1 ئازار 'هەڵمەتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا'ی راگەیاند، کە رۆڵی خۆی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قەیرانه‌كه‌ کرد بە فەرمی.

لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ هێزی بەرەنگاریی بەسیج، گروپێکی میلیشیای سەر بە پاسداران، "ئامادە و چالاك دەبێت لە مەیدانی هەماهەنگی و هاریکاریدا تا سەرکەوتن بەسەر ئەم دەردەدا بەدەستدێت و دەگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی".

بەڵام لەجیاتی چاندنی باوەڕ لە دڵی خەڵکدا بەوەی پاسداران دەتوانێت بەر بە قەیرانەکە بگرێت، ئێرانیەکان متمانەیان بە پاسدارانیش نەماوە، هەروەك سەرکردایەتی سیاسی.

لەم چەند مانگەی دواییدا، دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی ئێران رووبه‌ڕووی رەخنەی بەرفراوان بووه‌وە بەرامبەر تووند سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنی و سەرەتا نکۆڵی لێکردنی و وەڵامێکی کەموکورت بۆ لافاوەکان.

'تووڕەیی جەماوەر'

رۆژنامەوان حوسه‌ین رەجەبی، کە لە تارانە، بە مەشاریقی وت: "بێتوانایی و ناكارامه‌یی حکومەت و پاسداران لە بەڕێوەبردنی ئەم قه‌یرانه‌ی [ڤایرۆسی کۆرۆنا] بۆتە هۆی توڕەیی جەماوەر."

وتی: "خەڵك باوەڕیان وایە کە پاسداران ناتوانێت ئەو ئەرکانە بەڕێوەبەرێت و پێدانی بەڕێوەبردنی ئەو قەیرانە پێی دەبێتە هۆی کارەسات."

وتی هەرچەندە دەستی هەبوو لە خراپترکردنی دۆخەکەدا -- بەوەی شکستی هێنا لە کەرەنتینەکردن و بەردەوامبوو لە رێدان بە گەشتە ئاسمانیەکانی ماهان ئەیر بۆ چین -- پاسداران سوورە لەسەر بەکارهێنانی ئەم قەیرانە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی.

بڵاوکراوە رۆژنامەوانیەکان لە سەرەتای شوباتدا رایانگەیاند كه‌ لە کانونی دووەم و شوباتدا، کاتێك ڤایرۆسەکە بەخێرایی بڵاودەبووه‌وە لە چین، ماهان ئەیر لانیکەم 55 گەشتی بۆ چین ئەنجامدا.

رەجەبی وتی: "ئامانجی پاسداران لەکاتی ئەم قەیرانەدا برەودان بوو بە وێنەی خۆی. ویستی خۆی لەم چیرۆکەدا بکاتە پاڵەوان."

وتیشی: "لە دۆخی تری هاوشێوەدا، وەك لافاو و بومەلەرزە، پاسداران بەمەبەستی پروپاگەندە هاتە ناوەوە. بەڵام ئەمجارە، خراپ بەڕێوەبردنی قەیران دەکرێت سەربکێشێت بۆ بڵاوبوونەوەی بێوێنەی نەخۆشییەکە."

'هاوپەیمانێکی پشت پێبەستراو'

نەبوونی متمانە بە رژێمی ئێران لە شکستیەوە دێت بۆ پێدانی زانیاریی دروست بە خەڵك لەکاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو و بۆ چەند هەفتەیەك بڵاودەبووه‌وە و هه‌روه‌ها به‌هۆی دواخستنی ئەنجامدانی کەرەنتینەكردن و هەنگاوەکانی کۆنترۆڵکردنی سنووره‌وه‌.

چالاکوانێكی سیاسیی دانیشتووی تاران، سیاوەش میرزادە بە مەشاریقی وت دواخستنی راگەیاندنی پەتاکە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە بەشێکی لەبەر هەستیاریی بابەتەکە بوو لەبەر پەیوەندی ستراتیژیی لەگەڵ چین.

وتی: "سزای بەرفراوان لەسەر ئێران وایکردووە بەتەواوی پشت بە چین و روسیا ببەستێت و کۆماری ئیسلامی هەوڵدەدات خۆی وەك هاوپەیمانێکی پشت پێبەستراو نیشانبدات لەم جۆرە بابەتانەدا تا یارمەتی لەوانەوە پێبگات لەکاتی پێویستدا."

وتی لەمەدا هیوای بەوە هەیە کە چین، لەکاتێکدا نۆرەی دێت بۆ سەرکردایەتی هێزی کردەی دارایی (FATF) بتوانێت بەنوێنەرایەتی ئێران دەستێوەردان بکات بۆ لابردنی کۆماری ئیسلامی لە لیستی رەشی ئەو رێکخراوەدا.

وتیشی: "بوونی چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی [نەتەوە یەکگرتوەکان]دا هیوایەکی ئێرانە بە داهاتوو، تا خۆی لە سزاکان لابدات. هەربۆیە پێشنیازی خزمەتی تایبەت بۆ چین لەلایەن ئێرانەوە هەنگاوێکی هێندە نامۆ نییە."

'قەیرانی رەوایی'

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کیانوش جەهانپور چوارشەممە وتی: "بەگوێرەی ئەنجامە نوێکانی تاقیگەکان، 958 کەیسی نوێی پشتڕاستکراوەی پەتای کۆرۆنامان دیاریکردووە لە وڵاتدا، کە کۆی گشتی کەیسەکانی گەیاندۆتە 9,000."

وتی تائێستا، 354 کەس لە ئێران بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمریکا لە 28 شوبات رایگەیاند كه‌ ئامادەیە یارمەتی خەڵکی ئێران بدات لە شکستهێنان بە پەتاکە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشنیازەکەی رەتکردەوە.

نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئێران، برایان هوك لە 5 ئازار وتی کاردانەوەی تاران بۆ ڤایرۆسەکە هۆکارێکە بەوەی دەسەڵاتی ئێرانی "قەیرانی رەوایی" هەیە و وتیشی: "ئێران درۆی لەگەڵ گەلی خۆی کرد دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

هه‌روه‌ها وتی: "لەمڕۆدا لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی حکومەت و شەفاف نەبووندا لەگەڵ خەڵك، ئێران یەکێكە لەو وڵاتانەی جیهان كه‌ خراپترین دۆخی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایە."

هوك وتی: "دەزانین سیستمی تەندروستییان كونوكه‌له‌به‌ری تێدایە و ویستمان ئەو كونوكه‌له‌به‌رانه‌ بگرین. خۆزگە پێشنیازی راستگۆیانەی ئێمەیان په‌سه‌ند بکردایە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500