هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بانگەوازەکەی سەدر بۆ زیندووکردنەوەی 'ماڵی شیعە' مشتومڕ دروستدەکات

فارس عومران

پیاوی ئایینی خاوەن جەماوەر، موقتەدا سەدر، کارتی دەنگدانی دەدرێتێ لە ناوەندێکی دەرکردنی کارتی دەنگدان لەم وێنەیەدا لە 5 ئازار 2018. [خاوەنی وێنە: کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق]

پیاوی ئایینی خاوەن جەماوەر، موقتەدا سەدر، کارتی دەنگدانی دەدرێتێ لە ناوەندێکی دەرکردنی کارتی دەنگدان لەم وێنەیەدا لە 5 ئازار 2018. [خاوەنی وێنە: کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق]

بانگەوازەکەی ئەمدواییەی پیاوی ئایینی خاوەن جەماوەری عێراق، موقتەدا سەدر، بۆ بنیاتنانەوەی "ماڵی شیعە" کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە لەنێو بازنە سیاسییەکانی عێراقدا.

هەندێك وایان لێکدایەوە بانگەوازێك بێت بۆ گەڕانەوە بۆ قۆناغی ناکۆکی تائیفی و بەرژەوەندیی حیزبی، لەکاتێکدا ئەوانیدی بە دەستپێشخەرییەکیان دانا بۆ هاوڕایی سیاسیی زیاتر.

سەدر بانگەوازەکەی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا لە 2 کانونی دووەم بڵاوکردەوە.

وتی: "وەك بەرژەوەندی گشتی و بابەتێکی پێویستی دەبینم کە ماڵی شیعە رێکبخرێتەوە لەڕێی چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕەوە لە هەوڵێكدا بۆ تۆمارکردنی بەڵێننامەی شەرەفی ئایدۆلۆژی و سیاسی."

چاودێران وتیان داواکەی سەدر لەلایەن زۆرێك لە خاوەن کاریگەریەکانی شەقامی عێراقییەوە بەگەرمی پێشوازی لێنەکرا، چونکە رەنگدانەوەی ئاراستەیەکی "بەسەرچوو" بوو کە دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە بە دروشم و گوتارەکانی رابردوو بۆ بردنەوەی پشتیوانیی جەماوەر.

هەروەها بە گومانیشەوە پێشوازی لێکرا، چونکە سەدر زۆرجار هەڵوێستەکانی خۆی دەگۆڕێت.

شیکاروانی سیاسی، حاتەم فەلاحی بە دیارونای وت پێیوایە داواکەی سەدر "تائیفەگەرا"نەیە و بە چەمکی گشتی دەربڕدراوە و "دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفری هاوپەیمانێتی تائیفی و لایەنداریە سیاسییەکان".

وتی لە لوتکەی خۆیدا لە 2005، ئەمجۆرە لە هاوپەیمانێتی تائیفی ئاکامی کارەساتباری هەبوو، لەکاتێکدا وڵاتەکە کەوتە بازنەیەکی تووندوتیژی تائیفی و ئەمنی و قەیرانی سیاسی و ئابورییەوە.

هەوڵدان بۆ 'کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنەکان'

فەلاحی وتی ئامانجی بانگەوازەکە "کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەی خۆپیشاندانە جەماوەریەکانە" کە زیاد لە ساڵێك لەمەوبەر دەستیانپێکرد و تێیاندا سەدر لە مانگەکانی دواییدا دژیان وەستایەوە، کاتێك خۆپیشاندەرانی بە "کوڕیژگە" و "جۆکەر" ناوبرد.

وتی پشتیوانانی سەدر ئاماژەکەیان وەرگرت کاتێك دەستیانکرد بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی تشرینی دووەم لە مەیدانی حەبوبی لە ناسریە. هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەران، زۆرێکیان کوشت و بریندارکرد و خێمەکانیان سوتاندن.

چاودێران بە دیارونایان وت پێیانوایە سەدر دەیەوێت رکابەرەکانی و هاوپەیمانەکانی پێشووی یەکبخات، سەرکردەکانی لایەنە چەکدارە شیعەکان و دڵسۆزان بە ئێرانیش، بەمەبەستی هەڵبژاردن، بە ئامانجی باڵادەستی لە مەشهەدی سیاسیدا.

فەلاحی هەنگاوەکەی سەدری بۆ "رێکخستنەوەی ماڵی شیعە" بە رێگایەک دانا بۆ "کاریگەریدانان" لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، لەگەڵ بردنەوەی کورسی پێویست بۆ حیزبەکەی تا بتوانێت سەرەکوەزیران دیاریبکات.

بەڵام پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق، تەها لەهیبی بەدیارونای وت دەرفەتی سەدریەکان بۆ کاریگەریدانان لەسەر دیاریکردنی سەرەکوەزیران زۆر لاوازە.

وتی پێناچێت دەستکەوتی هەڵبژاردنیان هەبێت، چونکە کورسیەکانیان لە پەرلەمانی داهاتوودا دەکرێت لە 54وە کەمبکات بۆ کەمتر لە 30، بەهۆی ئەوەی "ساختەیی دروشمەکانیان دەربارەی چاکسازی و شەڕکردن دژی گەندەڵی دەرکەوتووە".

وتی پێیوایە ئەمە بانگەوازەکەی ئەمدواییەی سەدر رووندەکاتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کە نفوزی زیانبەخشی ئەو وڵاتە لە عێراق رەتدەکەنەوە.

ئێران هەوڵیشدەدات سەرکردەکانی شیعە پێکەوە کۆبکاتەوە و رێکەوتنی سیاسی و هاوبەشی پێکبهێنن لەسەر بنەمای بنەمای لایەنگریی تائیفی.

لە تشرینی دووەم، چەند سەرچاوەیەك لە هێزی قودسی سوپای پاسداران بە رۆژنامەی جەریدەیان وت کە کۆبوونەوەیەك لە بەیروت بە سەرپەرشتی سەرکردەی حیزبوڵڵا حەسەن نەسروڵڵا کراوە و تێیدا سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، سەرەکوەزیرانی پێشوو نوری مالیکی، کۆکردۆتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئاشتەوایی بووە لەنێوان هەردوولادا و بەهێزکردنی لایەنی شیعەی هاوسۆزی ئێران پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان.

لەهیبی وتی ئەم بزووتنەوەیە "شتێکە سەر بە رابردووە و لادانە لە ئاراستە جەماوەرییەکان و بزووتنەوەی لاوان کە لەمڕۆدا داوای بنیاتنانی ماڵێکی گشتگیری عێراقی دەکەن کە هەموو تائیفە و لایەنەکان کۆبکاتەوە و مافی هەمووان بپارێزێت".

وتی: "ئەمە مانای عێراقێکی بەهێز و یەکگرتووە کە سەروەری و سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، نەك رێدان بە ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە کە دەستوەربداتە کاروبارە ناوخۆییەکانی، جیا لەوەش دەبێت هاوڵاتیانی هەست بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بکەن."

'حەزی راستەقینە بۆ تیمارکردن'

بەڵام بەگوێرەی عیسام فەیلی، کە وانەی سیاسەت لە زانکۆی موستەنسریە دەڵێتەوە، سەدر حەزێکی راستەقینە هانیداوە بۆ تیمارکردنی دابەشبوونەکانی عێراق.

بە دیارونای وت ئامانجی ئەو پیاوە ئایینیە "سەرەتا گەیشتنە بە کۆدەنگی لەنێو شیعەدا، دواتر هەمان دەستکەوت لەنێو لایەنەکانی دیکەدا لە هەوڵێکدا بۆ تیمارکردنی دووبەرەکی پێش هەڵبژاردنەکانی ئاییندە".

وتی: "ئەمە داوایەکی نوێ نییە، کە سیاسی کۆچکردوو ئەحمەد چەلەبی یەکەم کەس بوو برەوی بەو هەڵوێستە دەدا."

ئاماژەشیکرد بەوەی چەند قوتابخانەیەکی جیاوازی بیرکردنەوە هەیە لەنێو شیعەکاندا، کە پەیڕەوی لە مەرجەعی ئایینیی جیاواز دەکەن و بە لیبراڵ یان عەلمانی لەقەڵەمدەدرێن.

فەیلی وتی: "لەئێستادا خەڵك هاوپەیمانێتیەکی سیاسییان دەیەوێت کە ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت، جا ناونیشانی هەرشتێك بێت، تێیدا بەهرە کاربکات بۆ بنیاتنانی دەزگا و خزمەتگوزاریەکانی دەوڵەت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500