هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سوپا ئارامی دەگەڕێنێتەوە لە ناسریە دوای پێکدادانی خۆپێشاندەران و لایەنگرانی سەدر

فارس عومران

پشێوی لە ناسریە، 29 تشرینی دووەم، دوای ئەوەی پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی کەسایەتی ئایینی موقتەدا سەدر و خۆپێشاندەراندا روویدا.

پشێوی لە ناسریە، 29 تشرینی دووەم، دوای ئەوەی پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی کەسایەتی ئایینی موقتەدا سەدر و خۆپێشاندەراندا روویدا.

بەرپرسانی عێراق دەڵێن حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری لە شاری ناسریە لە پارێزگای زیقار، باشوری وڵاتەکە، کە چەند رووداوێکی تووندوتیژانە و خوێناویی روویانداوە.

دەیان کەس بریندارکران و چەندانی دیکەش کوژران لەمیانەی پێکدادانی تووندوتیژانەدا هەینی (27 تشرینی دووەم) لەنێوان خۆپێشاندەران و لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە مەیدانی حەبوبی، ناوەندێک بۆ خۆپێشاندانەکانی ناسریە.

لە وەڵامی داوای سەرکردەکەیاندا بۆ خۆپێشاندان لە بەغدا و باشوری عێراق، لایەنگرە چەکدارەکانی سەدر کۆبوونەوە لە نزیک مەیدانەکە، لەئاکامدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەوان و ئەو خۆپێشاندەرانەدا روویدا کە لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە خۆپێشاندان دەکەن.

چالاکوانان دەڵێن لایەنگرەکانی سەدر لە شەودا هەڵیانکوتاوەتە سەر مەیدانەکە، تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و خێمەکانیان گڕتێبەرداون.

"ناوەندی عێراقی بۆ تۆمارکردنی تاوانەکانی جەنگ"، کە "میلیشیاکانی سەدر" بە هەڵگیرسانی تووندوتیژییەکە تۆمەتباردەکات، رایگەیاند کە کوژرانی هەشت کەس و برینداربوونی 75 کەسی دیکەی لە شەڕ و پێکدادانەکەدا تۆمارکردووە، کە پەرەیسەندووە بۆ پارێزگاکانی دیکەش.

حکومەتی عێراق سەرۆکی پۆلیسی زیقاری لابرد و قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی ناسریە، میسان و واست راگەیاند. 28 تشرینی دووەم دوو فەوجی پۆلیسی فیدڕاڵیشی جێگیرکرد بۆ هاوکاریکردن لە گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناسریە.

حکومەتەکە لیژنەیەکی قەیرانەکانی پێکهێناوە بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و چەند فەرماندەیەکی سوپا و پۆلیسی وەک ئەندامی لیژنەکە دیاریکرد.

نوسینگەی سەرەکوەزیران مستەفا کازمی رایگەیاند کە لیژنەکە گەرەنتیکراوە لەڕووی "ئیداری، دارایی و هێزی ئەمنییەوە بۆ پاراستنی خۆپێشاندانە ئاشتیخوازەکان، دامەزراوەکانی دەوڵەت و موڵکی تایبەتی، هەروەها بۆ بلۆککردنی هەرشتێک کە ببێتە هۆی نانەوەی پشێوی."

لیژنەی قەیرانەکە چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و شێخەکانی خێڵەکانی زیقاڕ رێکخست بۆ گفتوگۆکردنی رێوشوێنەکانی گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی و سەپاندنی یاسا لە پارێزگاکە.

دووشەممە، ناسریە ئارام بوو لەگەڵ جێگیرکردنی چڕی سوپا و پۆلیس.

شارەزای بواری سەربازی، جەلیل خەلەف شوەیلی بە دیارونای وت کە بەهۆی ئەو رووداوە نیگەرانکەرانەی ئەمدواییانەی شارەکەوە، حکومەت پێویستە هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ بنبڕکردنی کاریگەریی میلیشیا چەکدارەکان.

وتی: "گروپە چەکدارەکان بەربەست دەخەنە بەردەم بەرپرسان [ی دەوڵەت] لەکاتێکدا بەردەوامن لە چالاکییەکان لە هەڕەشەکردن لە سەقامگیریی وڵاتەکە و سەلامەتیی دانیشتوانەکەی."

وتی: "چەندین رێوشوێن پێویستە بگیرێنە بەر بۆ ئارامکردنەوەی شەقام، لەنێویاندا دەستگیرکردنی بکوژانی چالاکوانان و خۆپێشاندەران و سزادانی کەسایەتییە گەندەڵەکان. حکومەت پێویستە کاری زیاتر ئەنجامبدات لەڕووی ریفۆرمی ئابورییەوە کە هەر ئەوەیە خۆپێشاندەران داوایدەکەن."

وتیشی: "هیوادارین حکومەت ئەمنیەت تووندتربکات لە پارێزگاکە پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ساڵی داهاتوو، لەکاتێکدا دانیشتوان چاویان لەوەیە نوێنەرانی خۆیان لە کەشێکی ئارام و ئەمیندا هەڵبژێرن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500