هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خۆپیشاندەرانی عێراق رووبەڕووی شوێنکەوتوانی سەدر دەبنەوە

حەسەن عوبێدی لە بەغدا

عێراقیەکان لەو شارەی بە بنکەی موقتەدا سەدر دادەنرێت، شاری سەدر، وێنەکانی ئەویان شێواندووە. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

عێراقیەکان لەو شارەی بە بنکەی موقتەدا سەدر دادەنرێت، شاری سەدر، وێنەکانی ئەویان شێواندووە. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

سەرەڕای پشتیوانیكردنی سەرەتای بۆ خۆپیشاندانەکانی عێراق، پیاوی ئایینی عێراقی بەدناو بە حولحولی بوون، موقتەدا سەدر دواتر پشتیوانیی خۆی کشاندەوە، کە بووە هۆی لێدانی زەبرێکی بەرچاو لە جەماوەریبوونی خۆی لەنێوعێراقیەکاندا، وه‌ك پسپۆڕان دەڵێن.

وتیان لەکاتێکدا ئەم مامەڵەیە لە سەدر چاوەڕوانکراو بوو، کە ناسراوە بەوەی هاوپەیمانێتیەکانی دەگۆڕێت، ئەوە روونە کە لەئێستادا پشتیوانیی پیاوی بژاردەی ئێران بۆ عێراق دەکات.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، خۆپیشاندەرانی دژی حکومەت پێنجشەممە (6 شوبات) بەڵێنیاندا بەردەوامبن لە شەپۆلی ناڕەزایی لەکاتێکدا حەوت چالاکوانی هاوڕێیان ناشتن کە لە شەوێك لە تووندوتیژییدا کوژران و پشتیوانانی سەدر تۆمەتبارکران به‌ ئه‌نجامدانی.

دڵسۆزانی سەدر هەڵمەتیان بردە سەر کەمپێکی خۆپیشاندان لە شاری نزرگەی نەجەف له‌ عێراق لە ئێوارەی چوارشەممەدا.

ماوەیەکە عێراقیەکان تووڕەییەکی زۆر دژی موقتەدا سەدر دەردەبڕن، ئەمەش دوای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکان کشاندەوە و بووە هاوپەیمانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ماوەیەکە عێراقیەکان تووڕەییەکی زۆر دژی موقتەدا سەدر دەردەبڕن، ئەمەش دوای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکان کشاندەوە و بووە هاوپەیمانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

كارمه‌ندانی پزیشكیی شارەکە وتیان حەوت خۆپیشاندەری دژە حکومەت بە فیشەك بۆ سەریان یان سنگیان کوژران و بە دەیانی دیکە بریندارکران. لەو پشێوییەدا، خێوەتەکان کە ماوەی چەند هەفتەیەك بوو خۆپیشاندەرانی تێدا دەخەوتن، سوتێنران.

رۆژنامەوانانی ئاژانسی فرانس پرێس وتیان پشتیوانانی سەدر بەردەوامبوون و خۆیان شوێنەکەیان داگیرکرد.

خۆپیشاندەرێکی دیکە دووشەممە کوژرا لە پێکداداندا لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا لە شاری حللە له‌ باشور.

سەدر، کە پیاوێکی میلیشیا بوو، گۆڕا بۆ سیاسەتمەدار، سەرەتا پشتیوانیی له‌ خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەت کرد کاتێك لە تشرینی یەکەمدا به‌رپابوون، بەڵام کتوپڕ هەفتەی رابردوو جیابووه‌وە لەو بزووتنەوەیە.

دواتر پشتیوانیی كرد لە محەمەد عەللاوی وەك سەرەکوەزیرانی دیاریکراوی نوێی وڵات، ته‌واو پێچەوانەی زۆرینەی خۆپیشاندەران کە ئەو سیاسەتمەدارە وەك کەسایەتییەکی نێو فەزای سیاسی رەتدەکەنەوە.

لە شاری دیوانیەی باشور سێشەممە دووبه‌ره‌كییه‌كه‌ سەریکیشا بۆ شەڕكردن به‌ مشتەکۆڵە لەنێوان خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت و پشتیوانانی سەدردا، کە بە کڵاوە شینەکانیان دەناسرێنەوە.

پۆلیس دەستێوەردانی کرد بۆ جیاکردنەوەی دوو لایەنەکە، بەڵام خۆپیشاندەرانی لاو کەوتنە دروشم وتنه‌وه‌ دژی سەدر و بەرپرسانی عێراقی و ئێرانیش، کە تۆمەتباریاندەکەن بەوەی پشتیوانی ده‌كه‌ن له‌ هەڵکوتانە سەری حکومەت دژی خۆپیشاندەران.

عەلاوی، 65 ساڵ، لە 1 شوبات دیاریکرا دوای دوو مانگ له‌ بنبەستی سیاسی لەسەر ئەوەی کێ جێی سەرەکوەزیرانی پێشوو عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە کە تشرینی دووەم دەستی لەکار کێشایەوە.

جێبەجێکردنی کارنامەی ئێران

پشتیوانانی سەدر هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەران و رێگرییانکرد لەوەی هیچ لافیتەیەك بەرزبکەنەوە دژی دیاریکردنی عەلاوی، بەجۆرێك پەرلەمانتاری عێراقی باسم خه‌شان بە مامەڵەیەکی "باندگه‌رایانه‌" له‌قه‌ڵه‌میدا.

بە دیارونای وت توڕەیی جەماوەر لە باشوری عێراق دژی کارەکانی بزووتنەوەی سەدرییەکان لە بەهێزبووندایە دوای ئەوەی چەند وێنە و ڤیدیۆیەك بڵاوکرایەوە پیشانیان دا چۆن سه‌درییه‌كان لێدان و چەقۆوه‌شاندن و هێرشکردن بەکارده‌هێنن دژی خۆپیشاندەرانی عێراق، لەنێویاندا خوێندکارانی کچ لە زانکۆی بەغدا.

خۆپیشاندەرانی عێراق ماوەیەكە دروشمی دژ به‌ ئێران دەڵێنەوە تا سەرکۆنەی سەدر بکەن، کە تۆمەتباریدەکەن بەوەی دڵسۆزی رژێمی ئێرانە.

"فەرمان لەوانەوە وەرناگرین كه‌ لە ئێران دادەنیشن" و "هەموویان لابەرن" لەنێو ئەو دروشمە جەماوەرییانەدان کە لەنێو مەیدانەکانی خۆپیشانداندا دەبیسترێن.

چالاکوان ئەحمەد حەقی کە هەماهەنگی خۆپیشاندانەکان دەکات لە مەیدانی حەبوبی لە ناسریەی پارێزگای زیقار، وتی: "سەدر کارنامەی ئێرانیەکان جێبەجێدەکات کە مەبەستی کۆتاییهێنانە بە خۆپیشاندانەکان."

بە دیارونای وت: "هه‌وڵده‌دات دڵسۆزی خۆی بۆ ئێران بسەلمێنێت نەك بۆ عێراق."

حەقی وتی لەوکاتەوەی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، قاسم سوله‌یمانی کوژراوە، سەدر سوپای مەهدی خستۆتەوەکار، دوای نزیکەی دەیەیەك لە هەڵوەشاندنەوەی، "هەرچەندە ئەم میلیشیایە تۆمەتباربوو بە تاوانی قێزەونی تائیفی".

سه‌در پشتیوانی خۆشی کشاندەوە له‌ خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەت، کە بووە هۆی ترس لەوەی بەبێ پشتیوانی سیاسیی ئەو، کاربەدەستان بەرەو سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان ملبنێن -- لەڕاستیشدا وابوو، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا پۆلیسی دژە ئاژاوە هەوڵیدا وروژمبکاتە نێو خێوەتەکانی خۆپیشاندانەوە.

حەقی وتی لەئێستاشدا سەدر فەرمانی بە شوێنکەوتوانی کردووە خۆپیشاندانەکان سەرکوتبکەن بە پاساوی ئەوەی "دزەکاریان تێدایە کە کار بۆ کارنامەی بیانی دەکەن".

وتی: "تۆمەتەکانی سەدر دژی خۆپیشاندەران رێك وەك ئەوانەی [رابەری باڵای ئێران عەلی] خامنەئی وایە، کە له‌قه‌ڵه‌میدان بە گێره‌شوێن و داوای لە حکومەتی عێراق کرد سەرکوتیان بکات."

حەقی وتی: "ئێمە کارەکانی سەدر وەك هیچ شتێك نابینین جگە لە جێبەجێکردنی ویستی ئێران."

شاری سەدر دژی سەدر هەڵدەستێت

بەهێزترین دروشمەکان دژی سەدر لە شاری سەدر بەزرکرانەوە، کە گەڕەکێکی خۆرهەڵاتی بەغدایە، رۆژی دووشەممە و کاتێك خۆپیشاندەرانی عێراق وێنەی ئەو پیاوە ئایینیەیان دڕاند لەسەر شەقامەکان، هەروەها نیشانەی "X"یان لەسەر هەندێکیان دانا.

چالاکوانان بڕگەی "دیموکراسیەتی تەواسی"یان بڵاوکردەوە، وەك ئاماژەیەك بە کوتەك و تێڵایانه‌ی -- کە لە شێوەزاری عێراقیدا بە "تەواسی" ناودەبرێن -- پشتیوانانی سەدر بەکاریاندەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران.

پسپۆڕێكی عێراقی، محەمەد تەمیمی وتی: "کێ باوەڕی دەکرد ئەم جۆرە دروشمانە لە ناوچەكانی سەدر بوترێنه‌وه‌ کە بە پێگه‌ی ئەو دادەنرێن."

بە دیارونای وت وێنەی سەدر، کە زۆر کاری کردووە تا خۆی لە سەرکردەکانی دیکەی میلیشیا جیابکاتەوە وەك قەیس خەزعەلی سه‌ركرده‌ی عەسائیب ئەهل حەق و سەرۆکی حەرەکه‌ت نوجەبا، ئەکرەم کەعبی، بەمدواییانە زۆر شێواوە.

وتی خەڵكی عێراق لەئێستادا سه‌در وەك "جیاواز نابینن لەوانیدی" و وتیشی ئەو پیاوە ئایینییە "ناوبانگی خێزانەکەی لەکەدارکردووە".

وەك ئاماژەیەك بە خراپبوونی جەماوەرێتی و شکۆی سەدر، کەسایەتیە باڵاکان لەنێو بزووتنەوەی سەدرییەکاندا، لەنێویاندا ئەسعەد ناسری، رەتکردنەوەی خۆیان راگەیاندووە بۆ پابەندبوون بە فەرمانەکانی ئەو پیاوە ئایینییەوە بۆ کشانەوە لە خۆپیشاندانەکان.

تەمیمی وتی: "پێموایە سەدر باش ئاگادارە لەوەی دەیکات." ئاماژەشیکرد بەوەی "بەیاننامە و تویتەکانی، کە سەرلێشێواو و دژبەیەکن، ئاماژە بەوە دەکەن كه‌ لەئێستادا هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە پیاوی ئێران لە عێراق".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500