هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

عێراقیەکان مەرج بۆ جێگرەوەی سەرەکوەزیران دادەنێن

خالید تائی و ئاژانسی فرانس پرێس

منداڵێك وێنەی ئاڵای عێراقی لەسەر رووی خۆی کێشاوە لە مەیدانی تەحریری بەغدا لە 9 تشرینی دووەم. [دیارونا]

منداڵێك وێنەی ئاڵای عێراقی لەسەر رووی خۆی کێشاوە لە مەیدانی تەحریری بەغدا لە 9 تشرینی دووەم. [دیارونا]

هەزاران خۆپیشاندەر رێگە و پردەکانیان گرت لە باشوری عێراق دووشەممە (23 کانونی یەکەم)، بۆ سەرکۆنەکردنی نفوزی ئێران و سەرکردە سیاسییەکان کە دوا وادەیەکی دیکەیان لەدەست دا بۆ رێکەوتن لەسەر سەرەکوەزیرانێکی نوێ.

خۆپیشاندەران تایە دەسوتێنن لە شارە گرنگەکانی باشور، بەزۆر خوێندنگە و بینا حکومییەکان دادەخەن، لەکاتێکدا ئیفلیجیی سیاسی لە بەغدا زیاتر پەرەدەسەنێت.

دانوستانەکان لەسەر کاندیدێك بۆ جێگرتنەوەی سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدی، کە تشرینی دووەم وازیهێنا، لە بنبەستدا مانەوە لەکاتێکدا دوا وادە کە شەوی یەکشەممە بوو بە کۆتا گەیشت.

لەکاتێکدا کامپی سەر بە ئێران هەوڵیداوە کاندیدی خۆی بسەپێنێت، سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح بەرەنگاری ئەمە بۆتەوە.

خۆپیشاندەران کۆدەبنەوە لای رێستۆرانتی تورکی، کە نزیکە لە مەیدانی تەحریری بەغدا. [دیارونا]

خۆپیشاندەران کۆدەبنەوە لای رێستۆرانتی تورکی، کە نزیکە لە مەیدانی تەحریری بەغدا. [دیارونا]

لە شەقامەکاندا خۆپیشاندەران دوای چەند هەفتەیەك لە هێوربوونەوەی رێژەیی دووبارە گرددەبنەوە.

خۆپیشاندەران چەند هەڵمەتێکی یاخیبوونی مەدەنییان راگەیاند لە شارەکانی باشوری وه‌ك دیوانیە، ناسریە، حله‌، کوت و عەممارە، کە خوێندنگە و بینا حکومییەکان رۆژی دووشەممە داخران.

بۆ ئەو عێراقیانەی لە 1 تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان دەکەن، سیستمی سیاسی لەلایەن ئێرانەوە داگیرکراوە و چاکسازیی تێدا ناکرێت.

ئیفلیجیی سیاسی

بەرپرسان دەڵێن ئێران دەیەوێت قوسەی سوهەیل دابنێت، کە وەزیری خوێندنی باڵا بوو لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا.

خوێندکارێكی 24 ساڵ هوەیدا، کە لە مەیدانی تەحریری بەغدا قسەی دەکرد وتی: "ئەمە رێك ئەوەیە كه‌ ئێمه‌ دژایەتی دەکەین -- کۆنترۆڵی ئێران بەسەر وڵاتەکەماندا."

خۆپیشاندەران بەتەواوی کاندیدبوونی سوهەیل رەتدەکەنەوە، لەگەڵ هەرکەسێك کە سەر بە بازنەی فراوانی سیاسەتی هەنوکەیی بێت.

لەکاتێکدا لایەنەکانی سەر بە ئێران و سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی هەوڵی کاندیدکردنی سوهەیل دەدەن، سەرچاوەیەك لە سەرۆکایەتی وتی بەرهەم ساڵح ڤیتۆی دژی کاندیدبوونی بەکارهێناوە.

ئەندازیارێكی خۆپیشاندەر لە دیوانیە محەمەد رەحمان وتی: "ئەوەی دەمانەوێت سادەیە: سەرەکوەزیرانێك کە لێوەشاوە و سەربەخۆ بێت، کە لە 2003وە هەرگیز بەشدار نه‌بووبێت لە حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا."

خۆپیشاندەران دەڵێن گۆڕینی سیستمی سیاسی دەبێت لە چاکسازیكردن له‌ هەڵبژاردندا دەستپێبکات.

پەرلەمان بەمدواییانە هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هەڵبژاردنی تاوتوێکرد و داینابوو پاشنیوەڕۆی دووشەممە گفتوگۆکان دەستپێبکانەوە.

پەرلەمانتاران ئەگەری زۆرە بەردەوامیش بن لە تاوتوێکردنی دیاریکردنی سەرەکوەزیران، کە دوا وادەکەی دووجار لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دواخراوە.

خۆپیشاندەران مەرج دادەنێن

خۆپیشاندەرانی عێراق لە 11 کانونی یەکەم مەرجەکانیان دەرخست بۆ دیاریکردنی سەرەکوەزیرانێکی کاتی لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن میدیا عێراقیەکانەوە بڵاوکرایەوە.

داوای ئەوەیان کرد کە خاسیەتەکانی سەرەکوەزیران "هاوتا بێت بە ویستەکانی شەقامی عێراقی".

بەیاننامەکە دەڵێت سەرەکوەزیرانی نوێ دەبێت سەربەخۆ بێت، پەیوەندیی بە حیزبێکی سیاسییەوە نەبێت، نابێت دوو رەگەزنامەی هەبیت و نابێت وەزیر بووبێت، یان هەر پۆستێکی هەبێت لەسەر ئاستی وەزیر، یان پەرلەمانتار یان پارێزگار.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە كه‌ کاندیدەکە دەبێت هیچ پەیوەندییەکی لەوشێوەیەشی نەبێت كه‌ لاوازی بکات بۆ دەستێوەردانی دەرەکی.

لە مەیدانی تەحریری بەغدا، خۆپیشاندەران پۆرترێتی گەورەی چەند بەرپرسێکیان بەرزکردەوە بەجۆرێك زەڕبێك بە رەنگی سوور لەسەر روویان کێشرابوو.

رۆژنامه‌وان هادی جەلو مەرعی بە دیارونای وت لە دۆخێکدا کە سەخت بێت کاندیدێك دیاریبکرێت، بەرهەم ساڵح ناچار دەبێت ئەرکەکانی سەرەکوەزیران وەك کاربەڕێکەر لەئەستۆبگرێت.

مەرعی وتی: "ئەو ناوانەی خراونەتە کێبڕکێکەوە هەموویان رەتکراونەتەوە لەبەرئەوەی سەربەخۆ نین، کە وادەکات شیاونەبن بۆ ئەو پێگەیە لە دیدگای خۆپیشاندەرانەوە."

دڵنیابوون لە سەروەریی عێراق

چالاکوانی رۆژنامەوانی محەمەد عیماد بە دیارونای وت سەربەخۆیی داخوازییەکی گرنگە بۆ خۆپیشاندەران، چونکە سەرەکوەزیرانی نوێ ناکرێت ئەندامی حیزبێك بێت یان لەئێستادا لە دەسەڵاتدا بێت.

وتی شەقامی عێراقی باوەڕی وایە حیزبەکان "تەنیا تەرکیزیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیانە نەك ئەنجامدانی چاکسازییە داواکراوەکان".

وتی سەرەکوەزیرانی نوێ نابێت لەژێر فشاری هیچ حیزبێکی سیاسیی دیاریکراودا بێت، لەبەرئەوەی شەقامەکە تەواو ئاگادارە لەو بەربەستانەی دەخرێنە بەردەمی لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانەوە دەربارەی کار و دەسەڵاتی سەرەکوەزیران.

عیماد وتی لادان لەو مەرجانە وادەكات کاندیدەکە "نەتوانێت خزمەت بە وڵاتەکەی بکات و چارەسەری کێشەکانی گەندەڵی و خراپی فەرمانڕەوایی بکات".

وتی خۆپیشاندەران تەرکیز لەسەر داواکانیان دەکەن بۆ ئەم بابەتە تا دڵنیابن لەوەی پرۆسەی بڕیاری سیاسی لەسەر حکومەتی نوێ "ناکەوێتە ژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە... تا عێراق پارێزراو بێت لە کارنامەی دەرەکی".

وتیشی: "عێراقیەکان چوونە سەر شەقامەکان تا خۆپیشاندان بکەن دژی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیاندا."

مامۆستای زانستی سیاسەت لە زانکۆی موستەنسریە، عیسام فەیلی بە دیارونای وت خۆپیشاندەران مەرجەکانیان دەرخستووە و بڕیارەکە لە دەستی حیزبە سیاسییەکاندا ماوەته‌وه‌ تا سەرەکوەزیرانی نوێی عێراق دیاریبکەن.

وتی ئەم حیزبانە "ناچارن چەند سازشێك بکەن بۆ دیاریکردنی کەسێکی په‌سه‌ندكراو و سەربەخۆ کە بیەوێت وڵات لەم قەیرانە دەربکات".

وتیشی حیزبەکان دەبێت رێزی مەرجەکانی خۆپیشاندەران بگرن بۆ دیاریکردنی سەرەکوەزیران "لەبەرئەوەی ئەمانە داواکاریی جەماوەریین و نوێنەرایەتی یەکێتی بازرگانی و خێڵەکان دەکەن و لەلایەن پیاوانی ئایینیشەوە پشتگیرییان لێدەکرێت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

وتارێكی باشه‌! ده‌سخۆش! به‌رده‌وامبن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌