وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ هەینی (3 کانونی دووەم) وتی ئەمریکا "پابەندە بە هێورکردنەوەی دۆخهكهوه" دوای کوشتنی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) قاسم سولهیمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا.
پۆمپیۆ وتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دۆمینیك راب، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس و ئەندامی مەکتەی سیاسیی چین، یانگ جیچی قسەیکردووە.
پۆمپیۆ نوسی: "سوپاسگوزارین کە هاوپەیمانان درك بە بەردەوامی هەڕەشەی هێرشبەریی قودسی پاسداران دەکەن. ئەمریکا پابەندە بە هێورکردنەوەی دۆخەکەوە."
ئەمریکا پێشتر رایگەیاند کە سولهیمانیی كوشت لە هێرشێکدا بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لەگەڵ جێگری سەرۆکی میلیشای عێراقی هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشد)، کە پەیوەندی نزیکی بە ئێرانەوە هەیە.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی
بەریتانیا هەینی بانگهشهی كرد بۆ ئارامی و راب وتی لەندەن "هەمیشە درکی بەو "هەڕەشەی هێرشبەریە" کردووە کە سولهیمانی و قودسی پاسداران هەیانبووە.
وتی: "دوای کوشتنی، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دۆخەکە هێوربکەنەوە. پێکدادانی زیاتر لە بەرژەوەندی هیچماندا نییە."
وەزیری ئەوروپای فەرەنسا ئامیلی مۆنتچالین داوایکرد هەوڵی هێورکردنەوە بدرێت بۆ بەرگرتن بە گەورەبوونی پێکدادان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
خاتوو مۆنتچالین بە رادیۆی فەرەنسای وت سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەمزوانە راوێژدەکات لەگەڵ "هێزەکانی ناوچەکە".
ههروهها وتی: "هەموو هەوڵەکانی فەرەنسا... لە هەموو بەشەکانی جیهاندا ئامانجیان دڵنیاییدانە بە سازکردنی دۆخ بۆ ئاشتی یان لانیکەم سەقامگیری."
مۆنتچالین وتی: "رۆڵی ئێمە ئەوە نییە لایەنگریی لایەنێك بکەین، بەڵکو لەگەڵ هەموواندا دەبین."
هاوپەیمانی سەربازیی ناتۆ هەینی رایگەیاند لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە لە عێراق دەکات و چاوی لەسەر ئهمنییهتی راهێنەرهكانێتی لەوێ.
ناتۆ ئامادەییەکی سنوورداری هەیە لە عێراق بۆ راهێنان بە هێزە ئەمنیەکانی حکومەت و لە هێرشەکەی سەر سولهیمانیدا بەشدارنەبوو.
وتەبێژی ناتۆ دیلان وایت وتی: "بەشێوەیەکی نزیك و ئاسایی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا لە پەیوەندیدا دەبین."
سەرکردەی گروپێكی ئۆپۆزسیۆن له تاراوگه، مەریم رەجەڤی، لە پاریس هەینی وتی کوشتنی سولهیمانی "گورزێکی ساڕێژنەبووە" بۆ رژێمی ئێران.
رەجەڤی، سەرۆکی شورای میللی بەرگری ئێران، داوایکرد نفوزی ئێران لە ناوچەکە نەهێڵرێت، "بەتایبەتی لە عێراق و سوریا و لوبنان".
سولهیمانیی تۆمەتبارکرد بەوەی "یەکێك بوو لە گەورەترین تاوانبارەکانی مێژووی ئێران" و "خۆی تێوەگلابوو لە رەشەکوژیی هەزاران کەس لە ناوچەکە".
مۆسکۆ هەینی هۆشداریی دا لهوهی کوشتنی سولهیمانی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بارگرژی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێك وەزیری دەرەوە ئەو هەنگاوەی بە "هەنگاوێکی سەرکەشانە" لهقهڵهمدا.
روسیا و ئێران هاوپەیمانی سەرەکین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێک سوپای هەردوو وڵات پشتیوانی دهكهن له سەرۆکی رژێمی سوریا بەشار ئەسەد.
ئێران و بەکرێگیراوانی وەڵامدەدەنەوە
رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی بەڵێنی "تۆڵەی تووند"ی دا بۆ مەرگی سولهیمانی، لەکاتێکدا وەزیری دەرەوە محەمەد جەواد زەریف هێرشەکەی ئەمریکای بە "برەوسەندنێکی تەواو مەترسیدار و گەمژانە" لەقەڵەمدا.
خامنەئی سێ رۆژ ماتەمینی بۆ سولهیمانی راگەیاند.
حوسییەکانی هاوسۆزی ئێران لە یەمەن (ئەنسارەڵا) هەینی سەرکۆنەی کوشتنەکەیان کرد، بەجۆرێك بەرپرسێکی سیاسیی باڵا، محەمەد عەلی حوسی، داوای "وەڵامدانهوهی خێرا"ی کرد.
لە لوبنان، سەرکردەی حیزبوڵای هاوسۆزی ئێران، حەسەن نەسروڵا، هۆشداریی دا به "سزادانی ئەو بكوژه تاوانبارانە".
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا رایگەیاند كه وەزیری دەرەوەی سوریا کوشتنەکەی لهقهڵهمدا بە "برەوسەندنێکی مهترسیدار" لە دۆخی ناوچەکەدا.
بەڵام لە هەندێك ناوچەی سوریا کە هێشتا لەژێر دەستی رژێمدا نین، هەندێك ئاهەنگیان گێڕا بەبۆنەی مەرگی پیاوێکەوە کە بە بەرپرسی دەزانن لە مەرگی هەزاران مەدەنی.
لە کاتی خۆپیشاندانێکی هەینیدا لە ئیدلیب، خۆپیشاندەرێك پۆستەرێکی بەرزکردەوە نوسرابوو: "خۆشحاڵین بە مەرگی تیرۆریست قاسم سولهیمانی. سوپاس ترەمپ".
خهڵكی تر بەبۆنەی مەرگی سولهیمانییهوه شیرینییان بەخشییەوە.
سەرکردەکانی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەلایەن خۆیانەوە ستایشی کوشتنی پیاوێکیان کرد کە تۆمەتباری دەکەن بە مەرگی هەزاران کەس لەکاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا.
کاردانەوەی ناکۆك لە عێراق
لە عێراق، میلیشیای سەر بە ئێران عەسائیب ئەهل حەق داوای لە چەکدارانی کرد لە ئامادەشییدا بن، لەکاتێکدا سەرکردەیهكی میلیشیای گۆڕاو بە پیاوێكی ئایینی، موقتەدا سەدر، سوپای مەهدی زیندووکردەوە، دوای نزیکەی دەیەیەك لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە بەدناوە دژە ئەمریکییە.
بەڵام هەندێك ئاهەنگێڕانی بوێرانە لە مەیدانی تەحریری بەغدا هەبوو، کە چەقی بزووتنەوەیەکی خۆپیشاندانی سێ مانگەیە کە حکومەتی عێراق لهقهڵهمدهدات به گەندەڵ و بەکرێگیراوی تاران.
خۆپیشاندەران دروشمیان دەوتەوە و هەندێکیان لە شەقامەکاندا سەمایاندەکرد: "ئای قاسم سولهیمانی، ئەمە سەرکەوتنێکی خوداییانەیە."
شارهزایهكی گروپە چەکدارە شیعەکان لە ئەمریکا، فیلیپ سمیس، هێرشەکەی لهقهڵهمدا بە "جهرگبڕترین هێرشی گەورە کە ئەمریکا لە مێژووی خۆیدا ئەنجامیداوە".
بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت ئاکامی "گەورەتر"ی دەبێت وهك لە ئۆپەراسیۆنهكهی 2011ی ئەمریکا کە تیایدا سەرۆکی قاعیدە ئوسامە بن لادن کوژرا لەگەڵ ئەو هێرشەی ئەمریکا لە 2019 کە سەرکردەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەبوبەکر بەغدادی تێدا کوژرا.
سمیس وتیشی: "هەر ناکرێت بەراورد بکرێن."