هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

بە نەمانی سوله‌یمانی میلیشیاکانی سەر بە پاسداران لە سوریا په‌رده‌وازه‌ ده‌بن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران قاسم سوله‌یمانی، کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا کوژرا لە بەغدا لە 3 کانونی دووەم، لەنزیك شاری ئەلبوکەمالی سوریا لە 2017 دەبینرێت. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی بانگەوازی سوریا]

فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران قاسم سوله‌یمانی، کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا کوژرا لە بەغدا لە 3 کانونی دووەم، لەنزیك شاری ئەلبوکەمالی سوریا لە 2017 دەبینرێت. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی بانگەوازی سوریا]

پسپۆڕانی کاروباری ئێران وتیان میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا تووشی زەبرێکی دەروونی کوشندە بوون بە نەمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لیوا قاسم سوله‌یمانی.

بە دیارونایان وت وەك سەرکردەی هێزی قودس، کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە دەرەکیەکانی پاسدارانی دەکرد، سوله‌یمانی راستەوخۆ بەرپرس بوو لەم میلیشیانە و بێ سەرپەرشتی ئەو، نفوز و کاریگەرییان بەدڵنیاییەوە کەمدەکات.

وتیان فاکتەری دەروونی بەشێكە لەم هاوکێشەیە، لەبەرئەوەی سوله‌یمانی لە میدیای ئێراندا دەمێکە ستایشی زیرەکی سیاسی و سەربازی دەکرێت -- بەڵام زۆر ئاسان لەنێوبرا.

مەرگی سوله‌یمانی بەشێوەیەکی قورس کاریگەریی دەبێت بۆسەر ئۆپەراسیۆنه‌كانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا.

توێژەرێكی کاروباری ئێران، فەتحی سەید وتی هەوڵەکانی ئامێری راگه‌یاندنی ئێران بۆ گەورەکردنی سوله‌یمانی و وێناکردنی وەك پاڵەوان ئاکامی پێچەوانەیان لێکەوتەوە.

وتی مەرگی سوله‌یمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی بۆسەر ورەی پیاوانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەبووە لە سوریا، "لەبەرئەوەی گەر ئەو پیاوەی لە لوتكه‌ی رێکخراوەکانیاندا بکوژرێت، چ چارەنوسێك چاوەڕوانی ئەمان دەکات؟"

کاریگەریی دەروونی

سەید وتی سوله‌یمانی زۆر وەبەرهێنانی دەکرد لە وێنای خۆیدا لەنێو میدیادا.

وتی: "دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەرنەکەوت، دەرکەوتنی میدیایی خۆی زیادکرد لە بەرەکانی شه‌ڕدا لە سوریا و زۆر وێنە و ڤیدیۆی خۆی دەگرت لەگەڵ ئەندامانی میلیشیاکانی سەر بە پاسداراندا لەو شوێنانە."

وتیشی بە مەرگی سوله‌یمانی "ئەو وێنا مەزنەی بۆخۆی کێشابوو وەك میزەڵدان تەقی" و ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە کاردانەوەی نەرێنی ده‌بێت بۆ ئەو وێنە بەهێزەی ئەم میلیشیانە هه‌وڵیانداوه‌ نیشانیبدەن و لە کاریگەرییان لە سوریا کەمدەکاتەوە.

شاره‌زایه‌كی بواری گروپە تیرۆریستیەکان، یەحیا محەمەد عەلی، وتی هەرچەندە ئیسماعیل قائانی هەرزوو دیاریكرا بە فەرماندەی نوێی هێزی قودسی پاسداران، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا تووشی شڵەژانێکی تووند دەبنەوە، چونکە سوله‌یمانی راستەوخۆ سەرپەرشتی دەکردن.

بە دیارونای وت سوله‌یمانی بۆخۆی سەرپەرشتی میلیشیا سوری و عێراقی، پاکستانی و ئەفغانیەکانی دەکرد لە سوریا و ئاماژەیکرد بەوەی لەناوبردنی "ترس دەچێنێت لە دڵی ئەندامانی ئەم میلیشیانەدا".

عەلی وتی: "وادەکات درك بەوە بکەن کە دەکرێت هەرکاتێك بێت بەئامانج بگیرێن و بکوژرێن."

توێژەری کاروباری ئێران، شیار تورکۆ بە دیارونای وت هەرچەندە سوله‌یمانی لەژێر ده‌سه‌ڵاتی بەرپرسانی تاراندا بوو، "لە دەرەوەی ئێران، به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی رەهاوه‌ مامەڵەی دەکرد".

وتی مەرگی سوله‌یمانی لە شکۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کەمدەکاتەوە کە لە سوریا چالاكن و لاوازیان دەکات. هه‌روه‌ها ئاماژەیکرد بەوەی لە بەرامبەردا کاریگەریی دەبێت بۆسەر توانای راكێشان و هێشتنەوەی ئەندامانیان.

سورییەکان خۆشحاڵی دەردەبڕن

ئیسماعیل عەسەلی لە 10 کانونی دووەم بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "سوپاسی خوا دەکەین بۆ تیرۆرکردنی."

عەسەلی رزگاری بوو لە هێرشێکی كوشنده‌ كه‌ له‌ تشرینی دووەمدا کرایە سەر کەمپی ئاوارەکانی قەح کە لەلایەن ئەو هێزانەی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدرا کە لە جەبەل ئازان جێگیربوون لە ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب.

وتی له‌ هێرشەکەدا ژنەکەی عەسەلی و برایەکی و برازایەکی كوژران و کوڕە یەکساڵانەکەشی قاچی لەدەستدا. عەسەلی خۆی برینداربوو.

عەسەلی وتی: "هیچ رەشەکوژییەك لە سوریا رووینەداوە بێئەوەی [سوله‌یمانی] هاوبەشیی كردبێت لەگەڵ رژێم و روسیا لە کوشتنی خەڵکی سوریادا."

ئۆپۆزسیۆنی سوریا و دانیشتوانی ئاوارەبووی حەلەب فەرماندەی پێشووی قودسی پاسداران تۆمەتباردەکەن بەوەی عەقڵی پلاندانەر بووە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی کوشندە کە سەدانی کوشت و هەزارانی لە دانیشتوانی شاری حەلەب ئاوارەکرد.

ئەبو ئەحمەد، ئاوارەیه‌كی خەڵکی حەلەب وتی: "سوله‌یمانی کاریگەرترین رەگەزی ئەو هەڵمەتە بوو. پێشئەوەی ئەو بێت، بەرگریی خۆمان بۆ ماوەی پێنج ساڵ پاراستبوو."

وتی: "خۆشحاڵم بە کوشتنی ئەم تاوانبارە کە لەپشت ئاوارەبوونی هەزاران کەسەوە بوو."

لەکاتێکدا شەڕی حەلەب لە 2016 لە کۆتایی خۆی نزیکدەبووەوە، وێنەکانی سوله‌یمانی کە هاتوچۆی دەکرد بە شەقامەکانی شارەکەدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووه‌وە -- هەنگاوێك کە ئەبو ئەحمەد وتی وەك خوێکردن وابوو بەسەر بریندا.

بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "بۆ ئەو بەس نەبوو کە تەنیا خەڵك بکوژێت، بەڵکو دەبوو پیاسەش بکات بەسەر خوێن و برینەکانماندا."

وتی: "مەرگی سوله‌یمانی سەرکەوتن بوو بەسەر نادادپەروەریدا. هەر ستەمکارێك پێویستە بە هەمان چارەنوس بگات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500