ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی نوێی هێزی قودسی سوپای پاسداران، زۆر نەناسرابوو لەناو خودی ئێرانییەکاندا.
بهپێچهوانهی قاسم سولەیمانییهوه، فەرماندەی پێشووی هێزەکە کە لە هێرشێكی ئەمریکادا کوژرا هەینی رابردوو (3 کانونی دووەم) لە بەغدا، دەرکەوتنی میدیایی قائانی کەم بووە و دەوترێت کەمتر کاریزمای هەیە.
چاوەڕواندەکرێت قائانی بەردەوامبێت وەك لەوەی گۆڕانکاری بکات لە پلانەکانی بەرفراوانبوونی قودس لە هەرێمەکەدا.
قائانی، کە پێشتر جێگری فەرماندەی هێزی قودس بوو، لەلایەن رابەر عەلی خامنەییەوە دیاریکرا دەستبەجێ دوای کوشتنی سولەیمانی.
لە دیاریکردنی قائانیدا خامنەیی وتی "فەرمانەکان وەك خۆیانن" بۆ هێزی قودس، کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران -- ئەوەش کردوویەتییە هێزێكی سەرەکی لە عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن.
قائانی کە لە شاری مەشهەدی ئێران لەدایكبووە، تەمەنی لە شەستەکاندایە و لە سەرەتای لاوێتییەوە ناسراوە بە پابەندبوونی دڵسۆزانەی بە بەرگریکردنهوه لە شۆرشی ئێران کە رژێمی شای روخاند لە 1979.
لە دەستپێکردنی جەنگی ئێران و عێراقدا لە 1980، چەندین ئەرکی پێسپێردرا، یەکەمیان فەرماندەییکردنی فیرقەی 21ی ئیمام رەزای سوپای پاسداران بوو، دواتریش فیرقەی 5ی نەسر.
رۆژنامەوان زیاد سنجاری بە دیارونای وت جەنگی ئێران و عێراق ئەزموونی زۆری سەربازیی بەخشییە قائانی بەڵام جیاواز لە سولەیمانی، ئەم خواستی لەسەر دەرکەوتنی میدیایی و کاریگەری کاریزمایی نەبوو.
وتی ئەو تۆڕە ئاڵۆزەی پەیوەندییەکانیشی نییە لە ناوە و دەرەوەی ئێران کە سولەیمانی هەیبوو، هەرچەندە زۆر ناسراوە لەناو سەرکردایەتی رژێمدا و پێگەی کاریگەریشی هەیە سەرباری دوورییەکەی لە چاوی رای گشتییهوه.
لە دوای کۆتایی ئەو جەنگەوە، ئەرکەکانی قائانی سەرنجیان لەسەر سەرکردایەتیکردنی چالاکییەکانی ئێران بووە لە ئەفغانستان و پاکستان و ئاسیای ناوەڕاست لەڕێی فەرماندەییکردنی سوپای 4ی ئەنسارهوه.
بەگوێرهی سنجاری، سولەیمانی سەرنجی لەسەر پتەوکردنی هەوادارەکانی ئێران بوو لە رۆژهەڵاتی ناوهڕاست، بەتایبەتی لە لوبنان و سوریا.
قائانی بۆ کاتێکی کەم جێگری فەرماندەی گشتی هەواڵگریی سوپای پاسداران بوو بەرلەوەی سولەیمانی بیکاتە جێگری فەرماندەی هێزی قودس بەر هەڵگیرسانی جەنگ لە لوبنان لەنێوان حیزبوڵا و ئیسرائیلدا لە تەمموزی 2006.
رۆڵی قائانی لە شهڕه ناوچهییهكاندا
قائانی رۆڵی گەورەی گێڕاوە لە گڕدانی شهڕ و قەیرانەکاندا لە رۆژەڵاتی ناوهڕاست.
لە دەستپێكی شەڕهوه لە سوریا لە 2011، هاوکاریەکانی بۆ سەرۆك بەشار ئەسەد بووە، کە هاوپەیمانی ستراتیژیی ئێرانە، تا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوەشی لەڕێی دروستکردنی لیوای فاتمیونهوه كرد لە 2014.
لیوای فاتمیون میلیشیایەکی سەر بە سوپای پاسدارانە و ریزەکانی پێکهاتووە لە چەکدارانی ئەفغانی کە لەپاڵ هێزەکانی ئەسەدا شهڕدهكهن.
سنجاری وتی قائانی کە لەناو هاوتاکانیدا وەك حاجی ئیسماعیل ناسراوە، یەکێکە لە سەرکردە ئێرانییە هەرە تووندەکانه و بەرگریکارێكی سەرسەختی شۆرشی ئێرانە.
لەکاتی راپەڕینی خوێندکاراندا لە تاران لە 1999، قائانی یەکێك لەو 24 فەرماندەیەی سوپای پاسداران بوو کە نامەی بۆ سەرۆکی ئەوکاتەی ئێران محەمەد خاتەمی نوسی. له نامەکەدا وتی گەر خاتەمی یاخیبوونی خوێندکارەکان تێکنەشکێنێت، ئەوا هێزی سەربازی دەیکات و هەڕەشەی کودەتایان کرد لە دژی.
دیاریکردنی بە فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران دەستبەجێ دوای کوژرانی سولەیمانی "نیشانەی خواستی رژێمی ئێرانە بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتە دوژمنکارانەکانی و نەبوونی هیچ ویستێک بۆ گۆڕینی رەفتاری".
سنجاری وتیشی: "لەبری ئەوە، [رژێمەکە] دەیەوێت خۆهەڵقورتاندنی لە کاروباری وڵاتانی دیکەوه زیادکات و بەردەوامبێت لە پشتیوانیکردنی میلیشیا تیرۆریستەکان."
وتی قائانی، کە زمانی عەرەبی به پاراوی نازانێت، "بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات بەردەوامبێت لەسەر ئەو رێگەیەی سەرکردەکەی پێشوو داینابوو تا دڵسۆزیی تەواوی بۆ رژێمی ئێران و پرۆژەکە بسەلمێنێت".
ئەکادیمییهكی بەئەزموون لە پهیمانگهی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی لە واشینتۆن، عەلی ئەلفونە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت ئەگەر هەیە "بەردەوامییەکی گەورەتر وەك لە گۆڕانکاری لە هێزی قودسدا بەدیبکرێت" لەژێر سەرکردایەتی قائانیدا.
بەڵام وتیشی: "سەختە چاوەڕوانبکرێت لە قائانی، کە کەسێكی بیرۆکراتە، لاسایی سهركردایهتی کاریزمایی كهسایهتییهكهی پێش خۆی بكاتهوه."