پێنتاگۆن هەینی (3 کانونی دووەم) رایگهیاند كه سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ فەرمانی دەرکرد بۆ کوشتنی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، لیوا قاسم سولەیمانی.
پێنتاگۆن هێرشه ئاسمانییهكهی بۆسهر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لهقهڵهمدا به "چالاکییەکی بەرگریکاری یەکلاکەرەوە بۆ پاراستنی كارمهندانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات".
جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی عێراق ئەبو مەهدی موهەندیس لە هەمان هێرشدا کوژرا.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگهیاند: "جەنهراڵ سولەیمانی چالاکانە پلانی دادەڕشت بۆ هێرشبردنە سەر دیپلۆماتکاران و سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و لە سەرانسەری هەرێمەکەدا."
راشیگهیاند: "جەنهراڵ سولەیمانی و هێزی قودس بەرپرسیاربوون لە کوشتنی سەدان سەربازی ئەمریکی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و برینداربوونی هەزارانی دیکە."
كۆمهڵه خهڵێكێكی هەواداری ئێران ئەم هەفتەیە گەمارۆی باڵوێزخانەی ئەمریکایان دا دوای هێرشێكی ئاسمانی کوشندەی ئەمریکا بۆسەر باڵێکی تووندگیری حەشدی شەعبی.
ئەمریکا هێرشەکەی ئەنجامدا چەند رۆژێك دوای ئەوەی هێرشێکی موشەکی بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوشت کە لە عێراق کاریدەکرد.
سوپای عێراق هەینی رایگەیاند كه فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتە بەر هێرشێكی موشەكی چەند ساتێك دوای نیوەشەو.
باڵوێزی ئێران لە بەغدا ئیرەج مەسجدی وتی: "دوو ئۆتۆمبیل هێرشیانکرایە سەر بە موشەك لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا" و هەر 10 سەرنشینەکە، کە یەکێكیان سولەیمانی بوو، کوژران.
سولەیمانی سەرکردایەتی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی دەکرد و کەسی یەکەمی ئێران بوو لە عێراق.
'كردهیهكی بەرگریکاری یەکلاکەرەوە'
پێنتاگۆن رایگهیاند: "لەسەر ئاراستەی سەرۆك، هێزی سەربازی ئەمریکا كردهیهكی بەرگریکاری یەکلاکەرەوەی ئەنجامدا بۆ پاراستنی كارمهندانی ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، سەرۆکی هێزی قودسی سوپای پاسداران، کە لای ئەمریکا رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانییە."
راشیگهیاند: "هێرشەکە ئامانجی راوەستاندنی پلانەکانی ئێران بوو بۆ ئەنجامدانی هێرش لە داهاتوودا."
پێنتاگۆن رایگهیاند كه سولەیمانی پلانداڕێژەری هێرشەکان بووە بۆسەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە چەند مانگی رابردوودا، لهنێویاندا ئهو هێرشهی لە 27 کانونی یەکەم ئەنجامدرا، ئەو رۆژەی بەڵێندەرە ئەمریکییەکە کوژرا.
راشیگهیاند: "جهنهراڵ سولەیمانی ئەو هێرشەشی پەسەندکردبوو کە کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەم هەفتەیە."
وەزیری بەرگری ئەمریکا، مایك پۆمپیۆ هەینی وتی سولەیمانی پلانی ههبوو بۆ ئەنجامدانی چالاکی دەستبەجێ کە هەڕەشە بوو لەسەر هاونیشتمانیانی ئەمریکی لەو کاتەدا كه لە هێرشەکەی ئەمریکا کوژرا.
پۆمپیۆ بە سی ئێن ئێنی وت: "چالاکانە پیلانی دادهنا بۆ ئەنجامدانی چالاكی لە ناوچهكه -- چالاکییەکی گەورە، وەك خۆی لهقهڵهمی دهدا -- ئەوەش ژیانی دەیان بەڵکو سەدان ئەمریکی دەخستە مەترسییەوە."
پۆمپیۆ دهربارهی پیلانەکەی سولەیمانی وتی: "دەزانین کە دەستەبجێ بوو،" بەبێ ئەوەی وردهكاریی سروشتی ئۆپەراسیۆنە پلانبۆکراوەکە بخاتهڕوو.
پۆمپیۆ وتیشی: "ئەمە هەڵسهنگاندنێك بوو لەسەر بنەمای هەواڵگری کە پاڵنەری پرۆسەی بڕیاردانمان بوو."
سوپای پاسداران کوشتنەکان پشتڕاستدەکاتەوە و جێگرەوە دیاریدەکات
لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر تەلەفزیۆنی نیشتمانی خوێندرایەوە، سوپای پاسداران پشتڕاستیکردەوە کە سولەیمانی هەینی کوژرا لە بەغدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە.
کەناڵەکە رایگهیاند كه هێرشەکە لەلایەن هەلیکۆپتەری ئەمریکییەوە ئەنجامدرا.
رابەری ئێران عەلی خامنەیی هەینی جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران، عەمید ئیسماعیل قائانی، وەك جێگرەی سولەیمانی دیاریکرد.
ئەوەش لە بەیاننامەیەکدا راگەیەندرا کە لەسەر ماڵپەری فەرمی خامنەیی بڵاوکرایەوە.
خامنەیی قائانی لهقهڵهمدا به یهكێك له "فەرماندە زۆرترین نیشانكراوهكان" لە سوپای پاسداراندا لەكاتی جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا له 1980-88.