فەرماندەی سەربازیی ئێران، قاسمی سولهیمانی پیلانی دانابوو بۆ چالاكییهك کە هەڕەشەی لە هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکرد لە ناوچەکە، کاتێك ئەو ژەنەراڵە لە هێرشێکی ئەمریکادا کوژرا رۆژی هەینی (3 کانونی دووەم)، بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا.
سولهیمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ وتی سولهیمانی پلانی هێرشی "کتوپڕ"ی دانابوو بۆسەر کارمەندانی ئەمریکا لە بەغدا و دەبوو "چەند ساڵێك لەوەوبەر" بکوژرایە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ هەینی وتی: "ئەو چالاکانە پیلانی لە ناوچەکە دادەنا بۆ چەند كردهیهك -- وهك به كردهی گەورە لهقهڵهمیدا -- کە ژیانی دەیان، گەر سەدانیش نەبووایه، هاوڵاتی ئەمریکی دەخستە مەترسییەوە."
پۆمپیۆ دەربارەی پیلانەکەی سولهیمانی وتی: "دەزانین کە لە ئانوساتدا بوو. ئەوە خەمڵاندنێك بوو بەگوێرەی زانیاریی هەواڵگری کە هانی پرۆسەی بڕیاردانەکەی دا."
جیا لەوەش، پۆمپیۆ عەسائیب ئەهل حەقی بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی" ناوزهدكرد، گروپێك کە دەڵێت "بەشێوەیەکی بەرفراوان پشتیوانی دارایی و راهێنانی" لەلایەن پاسدارانەوە پێدەکرا و داهاتەکانی هەڵپەسێردران، لەگەڵ داهاتی دوو سەرکردەی.
پۆمپیۆ وتی: "عەسائیب ئەهل حەق و سەرکردەکانی بەکرێگیراوی تووندوتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون."
وتیشی: "بەکارکردن بە فەرمانی گەورەکانیان لە تاران، تووندوتیژیی و تیرۆر بەکاردەهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی هەوڵەکانی رژێمی ئێران بۆ کەمبایەخکردنی سەروەریی عێراق."
پاسداران چەندین موشەك دەگوازێتەوە بۆ عێراق
هێزی قودسی سولهیمانی ماوەی چەند مانگێکە جبەخانەی میلیشیا هاوسۆزەکانی لە عێراق بەهێزدەکات بە زنجیرەیەك لە موشەك و چەکی پێشکەوتوو.
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵەکی عەرەبی له سەلاحەدین، تاهیر بەیاتی وتی پاسداران پشتیوانی میلیشیا هاوسۆزەکانی ئێرانی دەکرد بە چەك و پارە "بۆ بەهێزکردنی پێگەیان وەك هێزی نفوزدار بە دەسەڵاتی بەرچاوەوە وەك هێزێكی شۆڕشگێڕی عێراقی دڵسۆز بە ئێران".
بە دیارونای وت كه لە چەند مانگی رابردوودا، ئێران چەندین موشەکی کورتمەودای گواستۆتەوە بۆ عێراق و لە بنکەكانی ژێردەسهڵاتی ئهم میلیشیانه لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە شاردوونیەتەوه.
بەیاتی وتی بەقاچاخبردنی ئەم موشەکانە لە سنوورەوە و پاراستنیان لە شوێنی نهێنییدا "هێشتا بەردەوامە" و دەکرێت خێراتریش كرابن.
وتی سولهیمانی لەڕێگەی هێزی قودسەوە پیلانی دادەنا تا موشەکی زیاتر بخاتە دەستی بەکرێگیراوە عێراقیەکانیەوە تا بەردەوامبێت لە خستنەگەڕی هێرشی موشەکی دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەنێو ئەو وڵاتەدا.
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت لە یەکەمین ئاماژەدا وەك تۆڵەیەك دژی کوشتنی سولهیمانی، رۆژی شەممە دوو گەڕی موشەك لە ناوچەکەیان دا نزیك بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
سەرچاوە ئەمنیەکان وتیشیان تاڕادەیەك لەهەمانکاتدا، دوو موشەك لە بنکەی هێزی ئاسمانیی بەلەدیان دا کە هێزەکانی ئەمریکای لێیە.
سوپای عێراق هێرشە موشەکییەکانی لە بەغدا و بەلەد پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند كه هیچ قوربانییەکیان لێنهكهوتۆتهوه.
لەکاتێکدا کەس بەرپرسیارێتی لە هێرشەکان رانەگەیاند، لایەنێکی تووندڕەوی سەربە ئێران لەنێو هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشد)دا دوای ماوەیەکی کورت داوای لە عێراقیەکان کرد دووربکەونەوە لە هێزەکانی ئەمریکا.
کەتائیب حیزبوڵا رایگەیاند: "داوا لە هێزە ئەمنیەکانی وڵات دەکەین لە کاتژمێر 5:00 دوانیوەڕۆی یەکشەممەوە لانیکەم 1,000 مەتر لە بنکەکانی ئەمریکاوە دووربن."
واشنتۆن کەتائیب حیزبوڵای تۆمەتبارکردووە بە زنجیرەیەك لە هێرشی موشەکی لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا کە دبلۆماتکار و هێزەکانی ئەمریکایان کردبووە ئامانج لە سەرانسەری عێراقدا.
پۆمپیۆ لەوەڵامدا لە تویتەر نوسیی كه باندەکانی "کەتائیب حیزبوڵا بە هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەڵێن واز لە ئەرکەکانیان بهێنن لە پاراستنی (باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا) و شوێنەکانی دیکە کە ئەمریکییەکان کاردەکەن شانبەشانی خەڵکی باشی عێراق".
وتی: "ئەوەی رژێمی ئێران بە حکومەتی عێراق دەڵێت بیکەن ژیانی نیشتمانپەروەرە عێراقیەکان دەخاتە مەترسییەوە. خەڵکی عێراق دەیانەوێت لەژێر ستەمکاریی ئێران بێنەدەرەوە."
نوسیی: "راستییەکەی، بەمدواییانە ئەوان کونسوڵخانەیەکی ئێرانیان تەختی زەوی کرد بە سوتاندن." ئهمه ئاماژەیەك بوو بە لێدان لە کونسوڵخانەی ئێران لە شاری نەجەفی باشور لەلایەن بزووتنەوەیەکی تووڕەی خۆپیشاندانەوە لە حکومەت و پشتیوانیكهرانی له ئێران.
پاراستنی کارمەندانی هاوپەیمانان 'ئەولەویەتە'
هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە بەیانیی هەنیدا کۆی پێنج ئهندامی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێنج ئەندامی حەشدی عێراقی کوشت.
لەنێو کوژراواندا جێگری فەرماندەی حەشد ئەبو مەهدی موهەندیس هەبوو، کە راوێژکارێکی باڵا و هاوڕێی شەخسی سولهیمانی بوو.
رابەری باڵای ئێران، ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بەڵێنی "تۆڵەیهكی تووند"ی دا دژی مەرگی سولهیمانی و تاران جێگرەکەی سولهیمانی، ئیسماعیل قائانی، دیاریکرد بە جێگرەوەی.
ترەمپ شەممە هۆشدارییدا لەوەی ئەمریکا 52 پێگەی ئێران دەکاتە ئامانج و لێیان دەدات "بەخێرایی و بە قورسی" گەر ئێران هێرشبکاتە سەر کارمەندانی ئەمریکا یان كهلوپهلهكانی.
سهرۆكی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، جۆزێف بۆرێل، شەممە جەختیکردەوە لە "پێویستی به هێورکردنەوە".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف، لە برۆکسل، بۆرێل وتی جەختیکردۆتەوە لە "پێویستی هێوکردنەوەی بارگرژییەکان، بۆ جڵەوکردن و خۆلادان لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەکە".
بەیانی شەممە، حەشد رایگەیاند هێرشێکی دیکە کراوەتە سەر کاروانێکیان لە باکوری بەغدا، كه میدیای دەوڵەتی عێراق ئەمریکای لێ تۆمەتبارکرد.
بەڵام هاوپەیمانی نێودهوڵهتی، كه لهلایهن ئهمریكاوه سەرکردایەتی دهكرێت، نکۆڵی لە بەرپرسیارێتی کرد و بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگهیاند كه "هیچ هێرشێك لەلایەن ئەمریکا یان هاوپەیمانانەوە نەکراوە" لە رۆژی شەممەدا.
دوای بارگرژییەکان، ناتۆ رایگەیاند كه چالاکیەکانی راهێنان هەڵدەپەسێرێت لە عێراق و بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکانی "سنووردار" دەکات.
ئەو بەرپرسە وتی: "ئەولەویەتی یەکەممان پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانانە." وتیشی ئەرکی چاودێرییمان لە چاودێریکردنی شانە نوستووەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە گۆڕاوە بۆ چاودێریکردنی ئەگەری هێرشی موشەکی.
لهگهڵ روودانی هێرشە موشەکیەکاندا، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەسەر ئاسمانی بنکەکانیاندا لە پارێزگای کەرکوك دەسوڕانەوە.
خودا سهركهوتن ببهخشێت به دهوڵهتی ئیسلامی ئێران و موجاهیدینی عێراق دژ به ئهمریكا و هاوپهیمانانی كه دوژمنی خهڵكن!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت