کوشتنی شارهزای بواری تووندڕەوی هیشام هاشمی ترسی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی تاریک و تووندوتیژەوە، لەکاتێکدا بارگرژیەکانی نێوان لایەنەکانی سەر بە ئێران و حکومەت دەچێتە قۆناغێکی چڕترەوە.
هاشمی، 47، درەنگانێکی دووشەممە (7 تەموز) لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی لە خۆرهەڵاتی بەغدا کوژرا لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدارەوە کە ماتۆڕیان پێبوو.
شارەزایان دەڵێن کوشتنەکەی هێمای گۆڕانێکی دراماتیکییە لە تووندوتیژی سیاسیدا لەوکاتەوەی خۆپێشاندانەکان لە تشرینی یەکەمدا هەڵگیرسان.
بێلکیس وایڵ لە رێکخراوی چاودێری مافهكانی مرۆڤ وتی: "ئەو هێزە چەکدارانەی سەر بە لایەنی جیاوازن خۆپێشاندەرانیان کوشتووە و کەسانی دیکەش كه دەیانەوێت بەئاشکرا رەخنە لە حکومەت و هێزە چەکدارەکان بگرن، بێئهوهی بهرپرسیار رابگیرێن."
![خۆپێشاندەرانی عێراق چەند لافیتهیهكیان بەرزکردۆتەوە کە لەسەریان نوسراوە 'دەنگی حهق بە گولەی ناحهق کوژرا' له مەراسیمێكی سیمبۆڵیی بەخاکسپاردنی شرۆڤەکاری عێراقی بواری تووندڕەویدا، هوشام هاشمی، له مەیدانی تەحریری بەغدا لە 7 تەمموز. [ئەحمەد روبەیعی، ئاژانسی فرانس پرێس]](/cnmi_di/images/2020/07/08/24893-Iraq-Hisham-Hashemi-600_384.jpg)
خۆپێشاندەرانی عێراق چەند لافیتهیهكیان بەرزکردۆتەوە کە لەسەریان نوسراوە 'دەنگی حهق بە گولەی ناحهق کوژرا' له مەراسیمێكی سیمبۆڵیی بەخاکسپاردنی شرۆڤەکاری عێراقی بواری تووندڕەویدا، هوشام هاشمی، له مەیدانی تەحریری بەغدا لە 7 تەمموز. [ئەحمەد روبەیعی، ئاژانسی فرانس پرێس]
وتی: "بەڵام کوشتنی کەسێك لە پێگەی ئەودا ئاماژهدهكات بە وڵاتێك كه تێیدا ههندێك گروپ هێندە چاونهترس بوون به دهربازبوونیان له بهرپرسیارێتی بهرامبهر تاوانه جددیهكانیان، بەجۆرێک کە دەتوانن هەرکەسێک بکوژن بەبێئەوەی هیچ لهسهریان بكهوێت."
لە ماوەی چەند ساڵدا، هاشمی پەیوەندی و تۆڕێکی گەورەی پێكهێنابوو لەگەڵ بڕیاربەدەستە باڵاکان و تووندڕەوە کۆنەکان و لایەنە سیاسییە نهیارهكانیدا و زۆرجاریش میانگیری دهكرد لهنێویاندا.
ئەوانەی لێیهوە نزیکبوون دهڵێن ئهو دەستڕۆیشتووییه ناوازهیهی ئاستێك لە پارێزگاری پێبەخشیبوو، بەڵام لە تشرینی یەکەمدا هاوسەنگییەکە کەمێک لاسەنگ بوو.
پشتیوانیکردنی زۆری هاشمی بۆ خۆپێشاندانەکانی دژ بە حکومەتێك كه بە نزیکییەکی زۆرەوە لە ئێران دەبینرا، ئەو میلیشیانهی ناو حەشدی شەعبی تووڕەکرد کە تاران پشتیوانییان دەکات.
هاشمی بەنێو هەڕەشەکاندا هەنگاوی دەنا بۆئەوەی میانگیری بکات لەنێوان خۆپێشاندەران و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتدا، تەنانەت لە حاڵەتێکیشدا کە چالاکوانان لە دەرەوەی ماڵەکانی خۆیان تەقەیان لێدەکرا و دەکوژران و بە دەیانیش دەڕفێنران.
'رێكارێكی نوێ'
شرۆڤەکارێکی عێراقی کە هاشمی دەناسی، عادل باخەوان، وتی: "گۆڕانکاری لە تشیرینی یەکەمەوە روویدا. رێكارێكی نوێ هاتە ئاراوە، هەروەها گۆڕانكاری له رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیانهی لایەنگریی ئێران دەکەن."
شرۆڤەکارانی دیکە دەڵێن خاڵی وەرچەرخانەکە لە کانونی دووەمەوە دەستیپێکرد، کاتێک جەنەراڵی باڵای ئێران قاسم سولەیمانی و جێگری حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
میلیشیا تووندڕەوەکانی نێو حەشدی شەعبی، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیکن، وەک کەتایب حیزبوڵا، سوێندیانخوارد کە تۆڵە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوەوەی عێراق بكهنهوه.
وەک کەسێک کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حکومەتی وڵاتان هەبوو، هاشمی وەک ئامانجێک سەیردەکرا، بۆ ماوەی چەند رۆژێکیش لە کۆتاییەکانی کانونی دووەمدا بەغدای بەجێهێشت.
شرۆڤەکارێک لە چازام هاوسی لەندەن کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەگەڵ هاشمیدا کاریکردووە، رێناد مەسنور وتی: "هوشام ئاگاداری ئەوە بوو کە ئەم شتانە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە."
وتی: "کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس هەموو ئەو گروپانەی بهرهڵاكرد کە پێشتر هەوڵی دابوو کۆنتڕۆڵیان بکات و بیانهێنێتە ژێربار. ئێمە هێشتا هەست بە شەپۆله ههژێنهرهكانی دەکەین."
لەناو تۆڕەکەدا، کەتایب حیزبوڵا مستەفا کازمی تۆمەتبارکرد بە بەشداربوون لە هێرشە کوشندەکەدا و بەقووڵی دژی دانانی بە سەرهکوەزیرانی عێراق وەستانەوە لە ئایاردا.
ئەوانەی لێیەوە نزیک بوون، وتیان هاشمی پێشتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ راوێژكاری کازمی بووه، پەیوەندییەک کە خستییه "مەترسییەوە" کاتێک ئهو سەرۆکهی پێشووی هەواڵگری بوو بە سەرهکوەزیران.
هاوکارانی وتیان هاشمی رەخنەی لە ئهندامه تووندوتیژهكانی نێو حەشدی شەعبی دهگرت و لانیکەم لە دوو لایەنی تووندوتیژهوه هەڕەشەی لێکرابوو. خێزانەکەی وتیان ناوبراو لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە هەڕەشەی لێکراوە.
سیاسەتمهداری عێراق، رائید فەهمی وتی: "ئەمە تیرۆری سیاسییە کە هەم بە واتای بێدەنگکردنی ئازادی رادەربڕین دێت، هەمیش وەک ئالهنگارییەک بۆ حکومەت و سەرهکوەزیرانەکەی و هەر پلانێکی چاکسازی و ریفۆرم."