هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

شارەزایه‌كی عێراقی بواری تووندڕەوی هوشام هاشمی کوژرا

فارس عومران و ئاژانسی فرانس پرێس

شرۆڤەکاری ئەمنیی عێراقی، هوشام هاشمی له‌ 6 تەمموز لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا تیرۆرکرا. [وێنەكه‌ لە لاپەڕەی فەیسبووکی هاشمییەوە وەرگیراوه‌، کە لە 1 كانونی یەکەمی 2015 بڵاوکراوتەوە]

شرۆڤەکاری ئەمنیی عێراقی، هوشام هاشمی له‌ 6 تەمموز لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا تیرۆرکرا. [وێنەكه‌ لە لاپەڕەی فەیسبووکی هاشمییەوە وەرگیراوه‌، کە لە 1 كانونی یەکەمی 2015 بڵاوکراوتەوە]

شرۆڤەکاری دیاری بواری تووندڕەوی هوشام هاشمی لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی دووشەممە (6 تەمموز) تەقەی لێکرا و دوای ماوەیەکی کەم لە نەخۆشخانەیەکی ناوخۆ گیانی لەدەستدا.

هاشمی دەنگێکی دیاری بابەتی یەکە تووندڕەوەکان بوو، له‌نێویاندا "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەڵام ماوەماوەش لەلایەن میدیا و حکومەتی وڵاتانی دەرەوە راوێژی پێدەکرا سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆی عێراق و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران.

پەیوەندییەکی باشی هەبوو لەگەڵ دەسەڵاتداران و بڕیاردەرە باڵاکان، لەنێویاندا سەركۆمار بەرهەم ساڵح، بەڵام له‌لایه‌ن پارته‌ سیاییه‌ نه‌یاره‌كان و گروپە چەکدارەكانیشه‌وه‌ جێی متمانەبوو، کە وەک نێوەندگیرێك بەکاریاندەهێنا.

لێکۆڵەری دۆسیەی کوشتنەکەی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هاشمی، 47 ساڵ، ده‌چووه‌ دەرەوەی ماڵەکەی خۆی لە خۆرهەڵاتی بەغدا و سواری ئۆتۆمبێلەکەی ده‌بوو کاتێک سێ چەکدار بە سواری دوو ماتۆڕەوە چەند مەترێک دوورتر تەقەیان لێكرد.

تازیەباران یه‌كتر له‌ئامێزده‌گرن لەكاتی مەراسیمی ناشتنی ئه‌و شرۆڤەکاره‌ عێراقییه‌ی بواری تووندڕەوی، هوشام هاشمی، کە لە 6 تەمموز لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی زەیونەی بەغدا تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا. [ئەحمەد روبەیعی\ئاژانسی فرانس پرێس]

تازیەباران یه‌كتر له‌ئامێزده‌گرن لەكاتی مەراسیمی ناشتنی ئه‌و شرۆڤەکاره‌ عێراقییه‌ی بواری تووندڕەوی، هوشام هاشمی، کە لە 6 تەمموز لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی زەیونەی بەغدا تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا. [ئەحمەد روبەیعی\ئاژانسی فرانس پرێس]

لێکۆڵەرەکە وتی هاشمی برینداربوو، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە پشتدا کەوتبوو، بەڵام چەکدارەکان نزیکتربوونەوە و چوارجار تەقەیان لە سەری کرد.

سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆخشاخانەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هاشمی "لە چەند شوێنێکی جیاوازی جەستەیدا برینداربووە و فیشەکی بەرکەوتووە."

سەرۆکی بەشی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ، سەعد مەعەن وتی: "گیانی لەدەستدا و ته‌رمه‌كه‌ی ئێستا لە ساردخانەی نەخۆشخانەکەیە."

به‌ هەڕەشە نامۆ نەبوو

هاشمی، کە لە بەغدا گەورە بووبوو، چەندین کتێبی دەربارەی تووندڕەوی بڵاوکردۆتەوە و دواتر بەردەوامبووە لە کارکردن لەگەڵ ناوەندە باڵاکانی لێکۆڵینەوەی وەک چازام هاوس لە لەندەن و لەمدواییشدا ناوەندی سیاسەتی جیهانی لە واشنتۆن دی ‌سی.

هیشامی پشتیوانییەکی بەرچاوی خۆپێشاندانەکانی دەکرد کە لە تشرینی یەکەمدا لە بەغدا و باشوری عێراق لە دژی گەندەڵی و ناکارامەیی حکومەت و لایەنگریکردنی ئێرانی دراوسێ هەڵگیرسان.

زیاتر لە 500 کەس لە تووندوتیژیی خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا چەند چالاکوانێکی بەناوبانگ کە لە بەغدا و بەسره‌ لە باشور و شارەکانی دیکە کە خۆپێشاندانیان تێدا دەکرا، تەقەیان لێکرا و کوژران.

کوژرانی کەسایەتییه‌ سیاسییه‌ باڵاكان لەم چەند ساڵەی رابردوودا شتێکی ناوازه‌ بووه‌.

بەڵام هاشمی به‌ هەڕەشە نامۆ نەبوو.

لە دوای هێرشەکە، چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نامەکانی هاشمییان بڵاوکردەوە کە تێیدا ددانی بەوەدا ناوە کە هەڕەشەی کوشتنی لەلایەن کەتایب حیزبوڵاوە بۆ هاتووە، کە تووندڕەوترین میلیشای سەر بە ئێرانه‌ لە عێراق.

کوشتنەکەی لە سەرانسەری عێراقدا هەمووانی تووشی هه‌ژان كرد. لە خۆپێشاندەرانەوە بۆ چالاکوانان و باڵیۆزخانەی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەیان هەرزوو دڵگرانیی خۆیان دەربڕی.

حارس حەسەن، کە پێشئه‌وه‌ی ببێته‌ راوێژکاری سەره‌کوەزیرانی ئێستای عێراق لێكۆڵه‌رێكی ئه‌كادیمی بوو، نوسی: "ترسنۆكان هاوڕێم هیشام هاشمییان كوشت كه‌ یەکێک لە پرشنگدارترین شرۆڤەکارانی عێراق بوو. تاساوم."

رەخنەگرێكی سه‌رسه‌ختی میلیشاکانی سەر بە ئێران

شرۆڤەکاری سیاسی غانم عابد بە دیارونای وت تیرۆرکردنەکەی هاشمی واتای "لەدەستدانی کەسایەتییەکی ناودار کە تێڕوانینی بابه‌تگه‌را و پیشەگەرانه‌ی هه‌بوو بۆ بابەته‌ جۆراوجۆره‌ ئه‌منییه‌كان."

وتی شارەزاییەکی بێوێنە و چڕی هەبووە لەسەر شێوازی کارکردنی ناوەوەی گروپە چەکدارەکان و پشتیوانییەکی تووندی هێزە ئەمنییەکانی دەکرد لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا و رێنمایی و زانیاری و شرۆڤەی هەواڵگریی پێدەدان.

وتی قوربانییەکە به‌ناوبانگیش بوو "به‌ بیروڕا ئازاد و بوێره‌كانی لە دژی زیادبوونی کاریگەریی ئەندامانی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدان و هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئەمنیەت [ی عێراق]".

عابد وتی هاشمی بەتووندی رەخنەی لە هێرشە موشەکییەکانی ئەو گروپانە ده‌گرت بۆ سەر ناوەندەکانی حکومەت و ئه‌ركه‌ دپلۆماسی و سەربازییه‌ بیانییەکان و ئاماژەیده‌كرد بە "گوێپێنەدانیان بە ژیانی مەدەنییەکان و مەترسییان بۆ سەرەوەری [عێراق]".

وتیشی تیرۆرکردنەکەی "بەردەوامیدان بوو به‌ تاوانە ترسناکەکان کە لە تشرینی یەکەمی رابردووه‌وه‌ لەلایەن میلیشاکانەوە لە دژی خۆپێشاندەران و چالاکوانە گەنجەکان ئەنجامده‌درێن".

وتی ئەندامانی ده‌وڵه‌تی قووڵ له‌ عێراق كه‌ ئەجه‌ندای ئێران جێبەجێدەکەن ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی ئه‌و تیرۆرکردنانەوه‌ "عێراق بخەنە ناو گێژاوه‌وه‌ و ترس بڵاوبكه‌نه‌وه‌ بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی داوای سەروەری یاسا و کۆتاییهێنان بە خاوەندارێتی نایاساییانه‌ی چەك دەکەن".

عابد داوای لە سەره‌کوەزیران مستەفا کازمی کرد بۆ "بەکارهێنانی توانا یاسایی و بەرپرسیارێتیەکانی بۆ لەناوبردنی نفوز و چالاکییە نایاساییەکانی ئەو گروپانە" و جەختیشی کردەوە لەوەی پشتیوانییەکی زۆر هەیە بۆ هەر هەنگاوێک لەمبارەیەوە.

'کردەوەیەکی ترسنۆكانه‌'

کازمی سوێندیخوارد بکوژرانی هاشمی بە سزای خۆیان بگەیەنێت.

کازمی لە بەیاننامەیەکدا وتی: "سوێند بۆ بکوژانی دەخۆین کە دوایان دەکەوین تا بە سزای خۆیان ده‌گەن. ناهێڵن بۆ یەک چرکەش تیرۆرکردن بگەڕێتەوه‌ بۆ عێراق."

وتیشی: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ سنووردارکردنی خاوەندارێتی چەک بۆ تەنیا دەوڵەت و رێناده‌ین بە هیچ هێزێک لەسەرووی یاساوە بێت."

بەرپرسێكی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جانین هێنیس پلاسخارت سه‌ركۆنه‌ی کوشتنەکەی کرد و له‌قه‌ڵه‌میدا بە "کردەوەیەکی ترسنۆكانه‌ی قێزه‌ون".

نوسی: "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و خۆشەویستانی دەکەین. داوا لە حکومەت دەکەین هەرچی زووە ئەنجامده‌ران ئاشکرابکات و بە سزای خۆیانیان بگەیەنێت."

هاشمی چەند کتێبێکی نوسیووە سەباره‌ت بە گروپە رادیکاڵەکان، لەنێویاندا "جیهانی داعش" و "داعش لە ناوەوە"، لەگەڵ سەدان وتار و لێکۆڵینەوە. دواهەمینیان لێکۆڵینەوەیەک بوو سەبارەت بە زیادبوونی ناکۆکیەکانی نێوان میلیشیاكانی نێو هێزه‌كانی حەشدی شەعبی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500